ئەمڕۆ هاوسەرە سكپڕەكانی میسی و رۆناڵدۆ بەیەك دەگەن

:: AM:10:08:23/10/2017 ‌

ئەمڕۆ ئەنتۆنێلا رۆكۆزۆی هاوسەری لیۆنێل میسی ئەستێرەی ئەرجەنتینی و یانەی بەرشەلۆنە و جۆرجینا رۆدریگیزی دەزگیرانی كریستیانۆ رۆناڵدۆی ئەستێرەی پورتوگالی و یانەی ریال مەدرید لە شاری لەندەنی پایەتەختی بەریتانیا بەیەك دەگەن.

ئەمڕۆ دووشەم یەكەتیی تۆپی پێی ناودەوڵەتی (فیفا) لە شاری لەندەن ئاهەنگی خەڵاتی باشترینەكانی 2017ی جیهان ئەنجام دەدات.

لەو ئاهەنگەدا میسی لەگەڵ ئەنتۆنێلای خێزانی و رۆناڵدۆ لەگەڵ جۆرجینای دەزگیرانی ئامادە دەبن، كە هەردوو یاریزانەكە لەگەڵ نیمار دا سیلڤای ئەستێرەی بەڕازیلی لە یانەی پاریس سان جێرمانی فڕەنسی ركابەری لەسەر بەدەستهێنانی خەڵاتی باشترین یاریزانی جیهان دەكەن.

ئەوەی جێگەی سەرنجە ئەوەیە كە هاوسەر و دەزگیرانی هەردوو یاریزانەكە دووگیانن و چاوەڕێی لەدیاكبوونی منداڵەكانی ئەو دوو ئەستێرەیە دەكەن.

دووگیانەكەی جۆرجینا لە مانگی نۆیەمدایە و چاوەڕوان دەكرێ لەچەند رۆژی داهاتوودا منداڵی چوارەمی رۆناڵدۆ بهێنێتە دنیاوە، بەڵام دووگیانیەكەی ئەنتۆنێلا لە مانگەكانی سەرەتایە و ماوەیەكی ماوە بۆ ئەوەی منداڵی سێیەمی میسی بهێنێتە ژیانەوە.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م