حكوومەتی عێراق لە پێدانی قەرزی جووتیاران شكستی هێنا

:: PM:04:07:01/10/2016 ‌

حكوومەتی عێراق بڕیكی زۆر لە پارەی جووتیارانی كوردستان قەرزدارە، بەڵام هێشتا نەیتوانیوە ئەو پارەیە بگەڕێنێتەوە. ئەحمەد حاجی رەشید بڕیاردەری لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق بۆ "وشە" ئاشكرای كرد، حكوومەتی عێراق لەو هەوڵانەی لە ماوەی رابردوو بۆ پێدانی پارەی جووتیاران دای شكستی هێنا.

ئەو باسی لە یاسای بودجەی ساڵی ٢٠١٦ی عێراق كرد كە خاڵێكی تێدایە و بە گوێرەی خاڵەكە، حكوومەتی عێراق دەبێت هەموو رێوشوێنێك بگرێتە بەر بۆ ئەوەی شایستە دارایییەكانی جووتیاران دابین بكات. بە گوتەی ئەو پەرلەمانتارە حكوومەتی عێراق نەیتوانیوە هەندێك هەنگاو بنێت چونكە سندووقی نێودەوڵەتیی دراو بەسەر عێراقدا هەندێك شتی سەپاندووە و یەكێك لەو شتانەش بریتییە لەوەی عێراق ناتوانێ هەموو سەنەد و قەباڵەیەك بفرۆشێت.

حاجی رەشید روونی دەكاتەوە، پێش جەژنی قوربان هەوڵێك هەبوو بۆ ئەو مەبەستە، بەڵام سەری نەگرت. ئەو دەڵێ "ژمارەی چەكەكان لای من هەیە كە یەكێكیان بە بڕی ٢٥ ملیار دینار و ئەوەی تریان ٦٧ ملیار دینارە كە هاتووەتە بانكی رافیدێن بۆ جووتیارانی سلێمانی، بەڵام بانكی ناوەندی عێراق لەو رووەوە سەركەوتوو نەبوو."

بەگوتەی ئەو پەرلەمانتارە، حكوومەتی عێراق رۆژی دووشەم دوایین بڕیاری دا كە لە ماوەی ١٠ رۆژدا یاسای بودجەی عێراق هەموار بكرێتەوە. ئەو دەڵێت "بە بۆچوونی من ئاستەمە بتوانرێت یاسای بودجەی عێراق هەموار بكرێتەوە."

بەگوێرەی ئەو میكانیزمە، حكوومەت قەباڵە دەخاتە بازاڕ و لە بری ئەو قەباڵەیە بە سوود پارە وەردەگرێت و دوای ساڵێك قەباڵەكان دەگەڕێندرێنەوە كە جۆرێكە لە قەرزكردن لای وڵاتان.

وشە/سلێمان تاشان


وشە - سلێمان تاشان