غه‌سان شه‌ربل نووسه‌ری ناسراوی عه‌ره‌ب، ئه‌مڕۆ دووشه‌م له ڕۆژنامه‌ی "
شه‌رق ئه‌وسه‌ت" وتارێكی نووسیوه، ئه‌مه‌ی خواره‌وه وه‌رگێڕانی ده‌قه‌كه‌یه‌تی:
عێراقێكی سه‌قامگیر له یه‌ك وڵات‌دا بووه به پێویستییه‌كی عه‌ره‌بی و هه‌رێمی و نێوده‌وڵه‌تی، چونكه ئه‌و وڵاته پێویسته بۆ مانه‌وه هاوكێشه‌كان، عه‌ره‌ب نه‌یتوانی ڕۆڵی خۆی ببینێ له تێكنه‌چوونی دۆخی وڵاته‌كه، بۆیه په‌نای بۆ سێكوچكه‌ی عێراق-ئێران-توركیا برد، ئه‌مه‌ش وای كرد سعوودیه په‌له بكات بۆ ئه‌وه‌ی ڕۆڵی عێراق بگه‌ڕێنێته‌وه ناو بازنه‌كه و به چوونی حه‌یده‌ر عه‌بادی بۆ ڕیاز، عێراقی گه‌ڕانده‌وه بۆ شوێنی سروشتیی خۆی.
ڕه‌نگه هه‌ولێر له خوێندنه‌وه‌كانیدا به‌رامبه‌ر گرنگیی ستراتیجی عێراقێكی یه‌كگرتوو و سه‌قامگیر هه‌ڵه‌ی كردبێ، بۆیه ڕووی له ڕیفراندۆم كرد و ناوچه جێناكۆكی له‌سه‌ره‌كانیشی به‌شداری پێ كرد، بۆیه په‌یامه‌كه‌ی زۆر به قورسی پێ گه‌یشت: بازدان به‌سه‌ر نه‌خشه‌دا قه‌ده‌غه‌یه.
دنیا ناتوانێ بازدان به‌سه‌ر نه‌خشه‌دا هه‌زم بكات، به سه‌ركێشییه‌كی مه‌ترسیداری ده‌زانێ، له یاریكردن به یه‌كپارچه‌یی وڵاتان و سنووره‌كانی ده‌ترسێ. دنیا هاوسه‌رگیرییه‌كی پڕ له كێشه‌ی پێ خۆشتره له جیابوونه‌وه‌یه‌ك كه باجێكی گرانی لێ ده‌كه‌وێته‌وه. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، دنیا به‌ره‌و هه‌ندێ ئه‌زموون ڕۆیشت كه نه‌یده‌ویست تووشی بێت، وه‌ك جیابوونه‌وه‌ی ئه‌ریتریان له باوه‌شی ئه‌سیوبیا، لێبوونه‌وه‌ی باشووری سوودان له ناوه‌ند، جیابوونه‌وه‌ی خانه‌واده‌ی یۆگسلافیا. به‌ڵام چیكوسلۆڤاكیا بڕیاریان دا به شێوه‌یه‌كی ئاشتییانه له هاوسه‌رگیرییه‌كه‌یان جیا بنه‌وه و سه‌ریشی گرت، مه‌سعوود بارزانی ده‌یویست به‌و شێوه جوانه له عێراق جیا بێته‌وه، به‌ڵام له‌بیر خۆی برده‌وه كه ئێمه له ئه‌وروپا ناژین، خه‌ڵكی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ناتوانن به شێوه‌یه‌كی ئاشتییانه جیابوونه‌وه بكه‌ن.
مانگی پێشوو له كه‌ركووك بووم و ئه‌م بیرۆكانه‌م بۆ هات. ئه‌و شاره‌ی له ماوه‌ی ده‌یان ساڵی ڕابردوو گرێ بووه له به‌رده‌م ژیان له عێراقدا و ناكۆكی له‌سه‌ری چه‌ندان شه‌ڕ و كاره‌ساتی به‌دوای خۆیدا هێناوه. كه‌ركووك هه‌موو گیرخواردنه‌كانی عێراق و ئێرانی پێكه‌وه كۆ كردووه‌ته‌وه. كورد ناتوانێ ده‌ستبه‌رداری ئه‌و شاره بێت و فه‌رامۆشی بكات، عێراقیش ناتوانێ ڕێی بدات به‌ره‌و نه‌خشه‌یه‌كی نوێ ڕابكات تا ببێته ناوكی ده‌وڵه‌تێكی كورد. له ده‌یان ساڵی ڕابردوودا، وڵاتانی دراوسێی عێراق له‌سه‌ر هه‌موو شتێك ناكۆك بوون، ته‌نیا له‌سه‌ر ئه‌وه نه‌بێ كه نه‌یه‌ڵن كورد به‌ره‌و نه‌خشه‌كه‌ی خۆی بڕوات كه پێش 100 ساڵ لێی دابه‌ش كراوه، چونكه ناوچه‌كه به‌رگه‌ی ئه‌و جیابوونه‌وه‌یه ناگرێ.
هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه له مێژوو، ئاسانتره له هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه له جیۆگرافیا. مێژوو بریتییه له گێڕانه‌وه و چیرۆك و شۆڕش و ڕه‌نگاوڕه‌نگكردنی و جارێكی تر ڕاڤه‌كردنه‌وه‌ی، به‌ڵام جیۆگرافیا ڕوویه‌كی نه‌گۆڕ و جێگری هه‌یه به تۆكمه‌یی نه‌خشێنراوه. ئه‌م جیۆگرافیایه زیاتر تۆكمه ده‌بێ كاتێك به‌شێك تێیدا هه‌وڵی جیابوونه‌وه ده‌دات. وڵاتان نه‌خشه‌كه‌یان وه‌ك به‌رگێكی ته‌سك ته‌ماشا ده‌كه‌ن، ئیتر چۆن ڕازی ده‌بن به‌شێكی زیاتری لێ ببێته‌وه و سامان و شكۆی ببات؟
بازدان به‌سه‌ر نه‌خشه‌دا قه‌ده‌غه‌یه، به‌تایبه‌تی له‌م به‌شه‌ی دنیا كه له به‌رمیله بارووت و بیره نه‌وتی زۆر پێ هاتووه. ئه‌مه‌ش ئه‌و پشتیوانییه نێوده‌وڵه‌تییه ئاشكرا ده‌كات كه بۆ عێراق كردیان تا كه‌ركووك و ناوچه جێناكۆكی له‌سه‌ره‌كان بخاته‌وه ژێر ڕكێفی خۆی. ئاشكراشی كرد كه پێویستییه‌كی هه‌رێمی و نێوده‌وڵه‌تی هه‌یه بۆ كۆكردنه‌وه‌ی عێراق له‌و په‌رته‌وازه‌یییه‌ی تێیدایه. ئه‌م نه‌هێشتنی په‌رته‌وازه‌یییه‌ش له چوارچێوه‌ی عێراقێكی یه‌كگرتوودا ده‌بێ به‌بێ لێبوونه‌وه‌ی هیچ پارچه‌یه‌كی. ئێسته هه‌ستێك دروست بووه كه پێویسته عێراق ببێته وڵاتێكی سروشتی و كاریگه‌ر بۆ ئه‌وه‌ی هاوسه‌نگی له پێكهاته‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست دروست بكات، به تایبه‌تی دوای ئه‌وه‌ی ئێران ویستی كوده‌تا به‌سه‌ر سنووره‌كاندا بكات.
تا ئێسته حكوومه‌تی عه‌بادی دوو تاقیكردنه‌وه‌ی گه‌وره‌ی به‌ڕێ كردووه، كه بریتین له گه‌ڕانه‌وه‌ی مووسڵ و گه‌ڕانه‌وه‌ی كه‌ركووك. دوو تاقیكردنه‌وه‌ی زۆر جیاوازن. له یه‌كه‌مدا هیچ ڕێچاره‌یه‌كی تر نه‌بوو، ته‌نیا ده‌بوو داعش هه‌ڵكێشن و كۆتا به تیرۆر بهێنن تێیدا، پێشمه‌رگه‌ش پشكدارێكی كاریگه‌ر بوو تێیدا.
هه‌رگیز گه‌ڕاندنه‌وه‌ی كه‌ركووك وه‌ك مووسڵ نییه. ئه‌میان ناكۆكییه‌كی كۆنه له نێوان خانه‌واده‌ی یه‌ك نه‌خشه، سه‌ركه‌وتن تێیدا نابێ به شكستی به‌ره‌كه‌ی تر ته‌ماشا بكرێ، بۆ ئه‌وه‌ی پاڵنه‌ر نه‌بێت جارێكی تر بگه‌ڕێنه‌وه دۆخی تاڵی پێشوویان و چاوه‌ڕێی هه‌لی تۆڵه بكه‌ن. هه‌ر له‌به‌ر ئه‌مه‌یه به شێوه‌یه‌كی نێوده‌وڵه‌تی پشتیوانی عه‌بادی كرا، چونكه سه‌ركه‌وتنی ڕاستیی ئه‌م گه‌ڕانه‌وه‌یه‌ی كه‌ركووك، بریتییه له گه‌ڕانه‌وه‌ی كورد بۆ كایه سیاسی و سروشتییه‌كانی عێراق.
گه‌ڕانه‌وه‌ی كورد به‌وه ده‌ست پێ ده‌كات، بگه‌ڕێنه‌وه بۆ كڕۆك و ده‌قه‌كانی ده‌ستوور، ئه‌مه‌ش واتا گه‌ڕانه‌وه بۆ لۆجیكی وڵاتێكی دامه‌زراوه‌یی هاوبه‌شی نیشتمانی، ئه‌مه‌ش نهێنی تێدا نییه، ئه‌گه‌ر عێراق پابه‌ند بووایه به ده‌ستوور و ماده‌ی 140ی جێبه‌جێ بكردایه، هه‌موو ئه‌و ڕووداوانه ڕوویان نه‌ده‌دا.
حكوومه‌تی عه‌بادی په‌یامێكی ڕوونی به هه‌ولێر گه‌یاند، ئه‌ویش هه‌ر ئه‌وه‌یه: بازدان به‌سه‌ر نه‌خشه‌دا قه‌ده‌غه‌یه. به‌ڵام پێویستیشه پڕۆژه‌ی ده‌وڵه‌ت له عێراق به‌و شێوه‌یه بێت كه كورد تێیدا دۆڕاو نه‌بێ. ڕه‌نگه هه‌لێكی گونجاویش بێت بۆ ئه‌وه‌ی به گشتی ته‌واوی عێراق به‌هۆش خۆیاندا بێنه‌وه و هه‌ریه‌ك له‌لای خۆی لێبورده‌یی بنوێنێ، بۆ ئه‌وه‌ی شیعه‌یه‌ك و كوردێك و سوننه‌یه‌ك له‌و وڵاته هه‌ست به ژیان بكه‌نه‌وه، وڵاتێك بێت جێی هه‌موویان ببێته‌وه. وڵاتی دامه‌زراوه‌یی و یاسا بێت. وڵاتێك بێت بڕیاره‌كانی له به‌غداوه ده‌ربچێت و له به‌رژه‌وه‌ندیی هاووڵاتییان بێت. وڵاتێكی خاوه‌ن سه‌روه‌ری بێت كه هاوكێشه‌ی ئه‌م به‌شه‌ی دنیا ڕاست بكاته‌وه.
كورد له‌م مانشێته كه "بازدان به‌سه‌ر نه‌خشه‌دا قه‌ده‌غه‌یه" په‌یامێكی قورسیان پێ گه‌یشت، ئه‌م په‌یامه بۆ هه‌موو كه‌مینه‌یه‌كی تریشه كه بیه‌وێ له نه‌خشه جیا بێته‌وه.