ئەمڕۆ دووشەم پارێزگار و سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگاری دهۆك كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیان ساز كرد و ئاماژەیان بەوەدا، میلیشیاكان و پاسداران خوێندنی كوردیان لە ناوچە كوردستانییەكانی مووسڵ قەدەغە كردووە، ئەوان وەكو یەكەی كارگێڕی پارێزگاكەیش دوو ئیدارەیی و مامەڵەی ڕاستەوخۆی پارێزگاكانیشیان لەگەڵ بەغدا ڕەت كردەوە.
فەرهاد ئەترووشی پارێزگاری دهۆك لە كۆنگرە ڕۆژنامەوانییەكە ئاشكرای كرد، وەكو پارێزگار و ئەنجوومەنی پارێزگای دهۆك، بە هەموو شێوەیەك دژی هاتنی میلیشیاكان و پاسدارانن بۆ ناو كەركووك و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان، پشتیوانی تەواوی خۆیشمان بۆ حكوومەتی كوردستان و هێزی پێشمەرگە دووپات دەكەینەوە، هاوكات پرسی دوو ئیدارەیی لە هەرێمی كوردستان و بەستنەوەی پارێزگاكانی ناو هەرێمی كوردستان بە حكوومەتی بەغداوە بە هەموو شێوەیەك ڕەت دەكەینەوە، ئەمانە دوو پیلانن بۆ داگیركردنی تەواوەتی كوردستان و تێكدانی دۆخی كوردستان، پێویستە گەلی كوردستان و سەركردایەتیی سیاسی هەرێمی كوردستان زیاتر لە جاران یەكڕیز و یەكگرتوویی كوردستان بپارێزن و سەرجەم گرفتەكان بە گفتوگۆ و دانوستاندن چارەسەر بكەن.
هەروەها گوتی، خەڵكی دهۆك و گەلی كوردستان بە هیچ شێوەیەك لە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم و دەنگدان بە سەربەخۆیی كوردستان پەشیمان نین و پێش ڕیفراندۆمیش دووپات لەوە كراوەتەوە كە دوای ڕیفراندۆم بە دانوستاندن و گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا كار دەكەین.
لەبارەی پێشلكارییەكانی حەشدی شەعبی و پاسدارانیش لە ناوچە كوردستانییەكانی سنووری دهۆك پارێزگاری دهۆك لەوبارەوە گوتی، دوا پێشێلكاری میلیشیاكان ئەوەیە كە لە سنووری شارەدێی زوومار پرۆسەی خوێندنی كوردی وەستێنراوە و قەدەغەكراوە.
دهۆك/نەوزاد هلۆری.