بەرپرسی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ئاشكرای كرد، جیا لەوەی لە كۆبوونەوەی دووكان لەسەری ڕێك كەوتووین، لە پشتەوە هەر كەس و لایەنێكی تر گفتوگۆیان لەگەڵ بەغدا كردبێ و ڕێككەوتنیان لەگەڵ ئەنجام دابن، دەبێ بدرێنە دادگا، ئەمەیش لە كاتێكدایە گرووپێكی ناو حزبەكەی ئەو ڕێككەوتنەیان ئەنجام داوە و بەرپرسی میلیشیاكانیش بەردەوام لە میدیاكان سوپاس و ستایشی ئەو گرووپە ناپاكە دەكەن.
مەلا بەختیار بەرپرسی دەستەی كارگێڕیی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی لە دیدارێكی لەگەڵ ئێزگەی "دەنگی ئەمەریكا" گوتی، هێرشكردنە سەر كەركووك كارەساتێكی جەرگبڕی مێژوویی بوو، ئەگەر لێكۆڵینەوە ئەنجام درا و دەركەوت، بەرنامەی تر جگەلەو بەرنامەیەكی ئێمە لە كۆبوونەوەی دووكان بۆ كەركووك لەسەری ڕازی بووین لە ئارادا هەبێ، ئەوا دەبێ بسەلمێنرێ و هەموو ئەو كەسانەی لە پشت پارتی و یەكێتی و حكوومەتی هەرێمەوە گفتوگۆیان كردووە، پێویستە بدرێنە دادگا.
هەروەها گوتی، ئەو سێ كەسە دیارەی ناو حزبەكەی دیارن و ناویان زۆر دەهێنرێت و وێنەیان بڵاو كراوەتەوە كە لەگەڵ بەغدا و لایەنی تر قسەیان كردووە لەسەر كەركووك، جا هەر ئەو سێ كەسە نین، خەڵكی تریش هەن واستەیان كردووە و لێكنزیكبوونەوەیان دروست بووە و لە بەغدا ڕۆڵیان هەبووە، دوای لێكۆڵینەوە، ناوی ئەو سێ كەسە و ئەوانەی تریش لە بەیاننامەیەك بڵاو دەكەینەوە.
سەرچاوە/دەنگی ئەمەریكا.