هه‌نارده‌ى نه‌وتى كوردستان زیادی كردووه‌
هه‌رێمى كوردستان و رۆسنه‌فت گرێبه‌ستى نوێ واژوو ده‌كه‌ن

:: PM:03:17:23/10/2017 ‌


له‌ په‌راوێزى به‌شداری شاندی حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له‌ ده‌یه‌مین دیداری ئابووری ساڵانه‌ى ئۆراسیا له‌ مۆسكۆى پایته‌ختى رووسیا، له‌گه‌ڵ كۆمپانیاى رۆسنه‌فت رێككه‌وتنى واژوو كرد بۆ ده‌ستپێكردنى راكێشانى بۆڕیى نه‌وتى كوردستان- به‌نده‌ری جه‌یهان. هاوكات هه‌ردوولا رێككه‌وتن كه‌ كۆمپانیا رووسییه‌كه‌ گه‌ڕان بۆ دۆزینه‌وه‌ و ده‌رهێنانى له‌ پێنج ناوچه‌ى كوردستان ئه‌نجام بدات.

رۆسنه‌فت له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا رای گه‌یاندووه‌ كه‌ كۆمپانیاكه‌ له‌گه‌ڵ كوردستان گه‌یشتووه‌ته‌ رێككه‌وتن له‌سه‌ر جێبه‌جێكردنى پڕۆژه‌ى راكێشانى بۆڕیى نه‌وتى هاوبه‌شی كۆمپانیاكه‌ و كوردستان كه‌ پشكى كۆمپانیا رووسییه‌كه‌ 60%.

 هاوكات كۆمپانیاكه‌ ئه‌وه‌شى پشتڕاست كردووه‌ته‌وه‌ كه‌ گرێبه‌ستی گه‌ڕان و پشكنینی له‌ پێنج بلۆك له‌ كوردستان كردووه‌ كه‌ پێشبینى ده‌كات تێچووى گه‌ڕان و پشكنینه‌كه‌ 400 ملیۆن دۆلار خه‌رجی بێت و له‌م پێنج بلۆكه‌شدا 670 ملیۆن به‌رمیل نه‌وت هه‌بێت.

به‌رده‌وامى و په‌ره‌پێدان به‌ گرێبه‌ستی نێوان هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ رۆسنه‌فت، له‌ كاتێكدایه‌ دواى رووداوه‌كانى 16ى تشرینى یه‌كه‌م، وه‌زاره‌تى نه‌وتی حكوومه‌تى عێراق هۆشداری داوه‌ته‌ كۆمپانیاكانى بواری وزه‌ گرێبه‌ست له‌گه‌ڵ حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان واژوو نه‌كه‌ن.

هاوكات ئیبراهیم جه‌عفه‌رى وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى عێراقیش هه‌ر له‌سه‌ر ئه‌و پرسه‌ سه‌ردانى مۆسكۆى كرد و له‌گه‌ڵ هاوتا رووسییه‌كه‌ى سێرگی لاڤرۆڤ وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى رووسیا كۆ بووه‌وه‌.

لاڤرۆڤ له‌ كۆنگره‌یه‌كى رۆژنامه‌وانیدا راى گه‌یاند كه‌ كۆمپانیا رووسییه‌كان له‌ كوردستان كاره‌كانیان فراوانتر ده‌كه‌ن.

هاوكات ئیگۆر سیچین سه‌رۆكى كۆمپانیاى رۆسنه‌فتی رووسی رای گه‌یاند، پێویسته‌ كۆمپانیا بیانییه‌كان به‌ شێوازێكى تایبه‌ت له‌ هه‌رێمى كوردستان كار بكه‌ن و پێوه‌ندییان به‌ پرسه‌ سیاسییه‌كانه‌وه‌ نه‌بێت.

ئه‌وه‌شى خسته‌ ڕوو كه‌ كۆمپانیاى رۆسنه‌فت پابه‌نده‌ به‌ بڕیار و یاساكانى هه‌رێمى كوردستان، هه‌روه‌ك چۆن ئێسته‌ گفتوگۆی كاركردن له‌گه‌ڵ ئێرانیش هه‌یه‌ و له‌ فه‌نزوێلاش كار ده‌كه‌ین، گوتى "من كه‌سایه‌تییه‌كى سیاسی نیم، ئه‌وه‌نده‌ ده‌زانم كۆمپانیاكه‌ى ئێمه‌ نه‌وت له‌ ژێر زه‌وی ده‌رده‌هێنێت، ئه‌مه‌ش زۆر به‌ كارامه‌یی و خێرایی ده‌یكه‌ین و پابه‌ندیشن به‌و یاسا كارپێكراوانه‌ى له‌و ناوچه‌یه‌ى كاری تێدا ده‌كه‌ین".

سه‌رۆكى  رۆسنه‌فت دووپاتى له‌ گرێبه‌ستى نێوان كۆمپانیاكه‌ و حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان كرده‌وه‌ كه‌ كۆتای هه‌فته‌ى رابردوو له‌ نێوان هه‌ردوولا واژوو كراوه‌ بۆ گه‌ڕان و پشكنین له‌ پێنج بلۆكی دیاریكراو له‌ كوردستان. گوتى "پێشبینى ده‌كه‌ین له‌م پێنج بلۆكه‌دا كه‌ بڕیاره‌ له‌ سه‌ره‌تاى ساڵى داهاتوودا ده‌ست به‌ گه‌ڕان و به‌رهه‌مهێنانى بكه‌ین، 670 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت هه‌بێت، كۆمپانیاكه‌ش پێشبینى كردووه‌ 400 ملیۆن دۆلاری وه‌ك خه‌رجی گه‌ڕان و پشكنین خه‌رج بكات".

 
هه‌ر له‌م چوارچێوه‌یه‌دا سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ به‌نده‌ری جه‌یهانى توركی به‌ رۆیته‌رزی راگه‌یاندووه‌ كه‌ ئاستى هه‌نارده‌ى نه‌وتى كوردستان له‌ 200 هه‌زار به‌رمیل نه‌وتى رۆژانه‌ بۆ 255 هه‌زار به‌رمیل به‌رز بووه‌ته‌وه‌.



وشە - فه‌رمان سادق