وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا گەیشتە بەغدا

:: PM:08:16:23/10/2017 ‌
ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەم 23ی تشرینی یەكەم، ریكس تیلەرسن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا بە سەردانێكی رانەگەیەندراو گەیشتە بەغدا.

بە پێی زانیاری سەرچاوەكانی هەواڵ، بڕیارە تیلەرسن، لەگەڵ حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق  و فوئاد مەعسووم سەرۆك كۆمار كۆ ببێتەوە.

چاوەڕوان دەكرێت پرسە هەنووكەیییەكانی عێراق لە سەروویانەوە ڕەوشی كەركووك و لەشكركێشی سوپا و پێوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا و شەڕی تیرۆر مژاری كۆبوونەوەی عەبادی و تیلەرسن بن.

ئەوە لە كاتێكدایە كە سەرچاوەیەكی نزیك لە سەرۆك وەزیرانی عێراق حەیدەر عەبادی ئەمڕۆ دووشەم وەڵامی لێدوانەكەی وەزیری دەرەوەی ئەمەریكای دایەوە، كە دوێنێ گوتی دەبێ میلیشیاكانی سەر بە ئێران لە عێراق بچنە دەرەوە و بگەڕێنەوە وڵاتەكەی خۆیان، سەرچاوەكە دژی ئەو دەستوەردانانەی ئەمەریكا دەوەستێتەوە و دووپات لەوە دەكاتەوە، حەشدی شەعبی خەڵكی عێراقن.



وشە - سه‌رخێڵ هاشم