ئه‌مڕۆ دووشه‌م 23 ى تشرینى یه‌كه‌م، یه‌كه‌م نمایشى فیلمى ئه‌كشنى سینه‌مایی جه‌نگى سڵاو پێشمه‌رگه له‌وڵاتى ئیسپانیا ده‌ست پێده‌كات و بۆماوه‌ى چه‌ند ڕۆژێكى داهاتوو به‌رده‌وام ده‌بێت له‌نمایشكردن، له فیستیڤاڵێكى جیهانى كێبڕكێی فیلمه جیهانییه‌كان ده‌كات.
لە باره‌ى ئه‌و فیلمه و نمایشكردنى له وڵاتى ئیسپانیا پاڵه‌وانى له‌شجوانى كوردى جیهانى "ئه‌حمه‌د ڕامبۆ" كه بهرههمهێنى ئه‌و فیلمه‌یه و هاوكات چیڕۆكى فیلمه‌كه‌ى نووسیوه و وه‌ك ئه‌كته‌رى سه‌ره‌كى به‌شداره تێیدا، به "وشه"ى ڕاگه‌یاند: "ئه‌و چیڕۆكه‌م نووسى له باره‌ى پێشمه‌رگه و سه‌ركه‌وتن و قاره‌مانێتى پێشمه‌رگه، دواتر چیڕۆكه‌كه‌م دابهسینارێست سه‌عید مه‌حموود و سیناریۆكهى نووسى و دواتر له‌گه‌ڵ ده‌رهێنه‌ر حه‌سه‌ن عه‌لى گفتوگۆمان بۆ كرد و كارى ده‌رهێنانى بۆ ئه‌نجامدا، له‌سه‌رجه‌م كاره‌كانى له سینه‌ماكانى كوردستان و عێراق و وڵاتانى عه‌ره‌بی و وڵاتانى ئه‌وروپی نمایشى تایبه‌تى بۆ ده‌كرێت".
زیاتر گووتى : "ئێستهفیلمهكهمان گه‌یشتووەته ئاستى جیهانى و له وڵاتى ئیسپانیا وه‌رگیراوه بۆ نمایشكردن و ئه‌مڕۆ نمایشه‌كانى ده‌ست پێده‌كات له به‌روارى 23/10 و تا به‌روارى 28/10 به‌رده‌وام ده‌بێت له‌نمایشكردن له‌گه‌ڵ 9 فیلمى تر‌ى بیانى له فیستیڤاڵى نێوده‌وڵه‌تى فیلمى ئه‌كشن له به‌شى پێشبڕكێ وه‌رگیراوه و له شارى سیڤیلیا به‌رێوه‌ده‌چێت".
چیرۆكى ئه‌م فیلمه باس له داستانى مه‌فره‌زه‌یه‌كى پێشمه‌رگه ده‌كات له‌هه‌لومه‌رجى زستانێكى سه‌ختدا له‌گه‌ڵ خانمه ڕۆژنامهنووسێكى ئه‌ڵمانى، كه هاتبووه ناوچه شاخاوییه‌كانى كوردستان بۆ ئه‌وه‌ى هه‌واڵه‌كانى شۆڕشى كورد بگوازێته‌وه بۆ جیهان له ڕێگه‌ى كامێراكه‌یه‌وه، له‌و كاته‌ى كه هه‌موو دنیا له بوونى كورد و ئازاره‌كانى بێ ئاگا بووه، كه ڕژێم پێى ده‌زانى زۆر بۆى گرنگ ده‌بێت، كه ئه‌م ڤیدیۆ و دیكۆمێنتانه نه‌گاته تیڤیهكانى جیهان بۆیه به هێزێكى سه‌ربازى گه‌وره به‌دواى ده‌كه‌ون بۆ ئه‌وه‌ى ده‌ستگیرى بكه‌ن، به‌ڵام ئه‌م مه‌فره‌زه گیانى ڕۆژنامه‌نووسه‌كه دهگڕنه ئه‌ستۆ له ململانێیه‌كى سه‌خت و دژوار خۆیان گیان فیدا ده‌كه‌ن تا له سنوورى توركیا ڕهتیكهن و هه‌واڵى شۆڕشى كورد به‌جیهان بگات.
شاخه‌وان شێخانى