دونیا لەلایەن براژن و خۆشەویستەكەیەوە هەلخەڵەتێنرا

:: PM:11:04:24/10/2017 ‌

ژنێك لە هەولێر دوای ئەوەی پێوەندی لەگەل كوڕێك دادەنێت، بە پلانێك لەلایەن خۆشەویست و براژنەكەیەوە دەكەوێتە كێشەیەكی گەورەوە كە ئێستە بەو هۆیەوە لە داڵدەی ئافرەتان، (شەڵتەر)ە و باوك و برا گەورەكەی حاشایان لێی كردووە و بەهۆی هاوكاری دایكی و برا بچووكەكەیەوە دەیەوێت، ئەو پیاوە بە سزای یاسایی خۆی بگەیەنێت كە لەگەل براژنەكەیدا بوونە هۆی تێكدانی ژیانی.

(دونیا)، ژنێكی تەمەن ٢١ ساڵە و ماوەی نزكەی ساڵێكە ڕووبەڕووی ئەو كێشەیە بووەتەوە كە بەهۆیەوە لە خێزانەكەی دابڕاوە، ئەو باس لەوە دەكات كە خۆشەویستەكەی بەزۆری بردوویەتی و بە پارە لای (مەلا) مارەی كردووە و دوای سێ مانگ لەو هاوسەرگیرییە، جێی هێشتووە و ئێستەش نازانێت لەكوێیە، (دونیا) چیڕۆكی خۆی بۆ "وشە" باس دەكات و دەڵێت، پارێزەرم گرتووە تاوەكو مافی خۆم وەربگرمەوە و ئەویش بە سزای یاسایی خۆی بگەیەنم.

هەموو شتێك براژنەكەم دروستی كرد، بەڵام كەس نازانێت، ئەو ئێستە لە مالی خۆی لەگەل براكەم و منداڵەكانی بەدڵخۆشی دەژیت و براكەشم حاشای لە من كردووە و منیش لێرە ڕۆژێكم بە ساڵێك تێ دەپەڕێت، نازانم براژنم چۆن (عەلی) دەناسی، بەڵام بە هەموو شێوەیەك هەوڵی دا و ڕازی كردم تا پێوەندی لەگەڵ دابنێم، ئەویش هەموو شتێكی دەكرد تا من ڕازی بكات.

زیاتر دەڵێت، من كەوتمە داوی خۆشەوستی ئەو، بەڵام بێئاگا بووم لەوەی كە ئەو تەنیا لە بەر ئەوە لەگەڵ منە كە براژنەكەم پێی گوتووە ئاڵتوون و پارەی زۆری هەیە، بۆیە ئەویش هەموو كارێكی كرد تاوەكو ئەو شتانەم لێ بەدەست بێنێت، ئەو كاتەی من پێم گوت وەرە داخوازیم هەرجارە و بە بیانوویەك خۆی لێم دەدزیەوە، تا ئەو ڕۆژەی منی رفاند و هەموو ژیانی تاڵكردم.

(دونیا) نازانێت كە (عەلی) هاوسەر و چوار منداڵی هەیە، هەر لەبەر ئەو هۆكارەشە كە ناتوانێت بچێت بۆ داخوازی، بۆیە بە ڕێگەی تر هەوڵ دەدات لەگەلی هاوسەرگیری بكات، بەڵام ئەو ڕێگەیە ژیانی (دونیا)  تێك دەدات.

دونیا باس لەو كاتە دەكات كە (عەلی) ڕفاندوویەتی و دواتر مارەی كردووە و دەڵێت،  بەمنی گوت دەمەوێ بتبینم و قسە لەسەر هاوسەرگیری بكەین، دوای ئەوەی من چوومە ناو ئۆتۆمۆبێلەكەی و تۆزێك قسەمان كرد، من ئاگام لەخۆم نەما كاتێك بەئاگا هاتمەوە لە مالی خوشكی بووم لە سۆران، بۆ ماوەیەك تووشی شۆك بووم، (عەلی ) بە خوشكەكەی گوت ئەوە خۆشەویستی منە و دڵنیا بووم كە باوكی ڕازی نەدەبوو بیدات بە من، بۆیە ڕفاندم بۆ ئێرە.

(دونیا) نایشارێتەوە كە دەرفەتی گەڕانەوەی هەبووە لەدوای ئەوەی كە (عەلی) بەوشێوەیە بردوویەتی، بەڵام لەترسی ئەوەی باوك و براكەی بیكوژن نەگەڕاوەتەوە. هەروەها ئاماژە بەوە دەكات، هەر ئەو شەوە مالی باوكی و براكانی (عەلی) كۆبوونەتەوە و بڕیاریان داوە كە لەیەكتریان مارە بكەن، ئەو دەڵیت لە هەموو ئەو كارانەی كە بەرامبەری كراوە بە ئازارترین و گەورەترینیان ئەوە بووە كە پێیان گوتوە (عەلی) ژنی هەیە و خاوەن منداڵە.

وەك دنیا باسی دەكات، هەر ئەو شەوە هەمووشتێكیان كۆتایی پێ هێناوە، بۆ بەیانی مەلایان هێناوە تاوەكو مارەیان بكات، بەڵام ئەو مەلایە مارەی نەكردووە، چونكە خاوەن ژن و منداڵ بووە و كەسوكاری كچەكەش لەوێ نەبوون، بەڵا مامۆستایەكی تریان بە ٢٠٠$  گرتووە و لەیەكتریان مارە كردوون و دوو شوبراكەشی بوون بە شایەتی. 

دونیا و عەلی ماوەی سێ مانگ بەیەكەوە وەكو ژن و مێرد دەمێنەوە، (دونیا) دەلێت ماڵی باوكی هیچ زانیارییەكیان لەسەر كچەكەیان نەبووە، لەڕیگەی پۆلیسەوە بەدواداچوونیان بۆ هەواڵی كچەكەیان كردووە، بەڵام دەڵیت براژنەكەی ئاگەداری هەموو شتێك بووە، هەربۆیە كاتێك براژنەكەی (عەلی)، ئاگەدار دەكاتەوە لەوەی كە پۆلیس بەدوایانەوەیە، (عەلی) (دونیا) جێ دێڵێت و لەگەڵ ژن و منداڵەكانیدا خۆی ون دەكات تاوەكو ئێستەش نازانێت لەكوێن.

(دونیا) باس لەوە دەكات ژیانی لەو ماوەیەدا هەمووی ناخۆشی بووە و مامەڵەی مێردەكەی زۆر خراپ بووە، هەربۆیە لەو كاتەی كە (عەلی) جێی هێشتووە، ئەویش ڕاستەوخۆ گەڕاوەتەوە هەولێر و چووەتە ماڵی خاڵی، لەوێشەوە لەگەڵ دایكی قسەی كردووە و هەموو شتیكی بۆ باس كردووە، پاشان شكاتی لە و مەلایەی كە مارەی كردووە و (عەلی) كردووە، بەڵام لەبەر ئەوەی باوك و براكەی حاشایا لێی كردووە، ناتوانێت بگەریتەوە ماڵەوە.

ئێستە ( دونیا) لە داڵدەی ئافرەتانەو پارێزەری گرتووە بۆ ئەوەی بەدواداچوون بۆ كەیسەكەی بكات و بتوانێت لە ڕیگەیەوە (عەلی) بە سزای یاسای خۆی بگەیەنێت، ئەو دەڵێت بە هاوكاری دایكی و برا بچووكەكەی دەیەوێت، بە سەربەرزی و دوای كۆتایی پێهاتنی هەموو كێشەیەك و گرتنی (عەلی)، بگەڕیتەوە بۆ مالەكەی، ئەو كاتە ڕاستییەكانی براژنەكەشی بۆ هەمووان دەردەخات.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل