میلیشیا و پاسدار منداڵی پێشمەرگەیەك تیرۆر دەكەن

:: AM:09:36:25/10/2017 ‌

میلیشیاكان و پاسداران لە شارۆكەی خانەقین كە یەكێكە لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان، منداڵێكی پێشمەرگەیەكی كوردستانیان ڕفاندووە و دواتر لە ناوچەیەكی چۆڵاییدا بە كوژراوی تەرمەكەیان فڕێ داوە.

وێنەی ساتی دۆزینەوەی تەرمی منداڵەكە لەلایەن باوكییەوە كە پێشمەرگەیەكی كوردستانە، بە تەواوی تۆڕەكانی كۆمەڵایەتی هەژاندووە و هەمووان بە چڕی بڵاویان كردووەتەوە و ڕق و تووڕەیی و نەفرەت بەرامبەر میلیشیاكان و پاسداری ئێرانی دەردەبڕن لە بەرامبەر ئەو كارە قێزەونەیان.

بەگوێرەی زانیارییە بڵاوكراوەكان ئەو كارەساتە لە شارۆكەی خانەقین ڕووی داوە  و میلیشیاكان دوای دوو ڕۆژ لە ڕفاندنی منداڵە تەمەن 10 ساڵەكەی پێشمەرگەیەكی كوردستان لە خانەقین، بۆ ڕۆژی سێیەم تەرمەكەیان لە ناوچەیەكی چۆڵی خانەقین بە كوژراوی فڕێ داوە و ئێستەیش دوای ئەوەی خەڵكی تەرمەكەیان دۆزییەوە و باوكیشی بەردەوام سۆراخی منداڵەكەی دەكرد، لە كۆتادا بەدوای ئەو تەرمەیشدا چوو و گەیشتە شوێنەكە و بینی بۆی ڕوون بووەوە كە تەرمی منداڵەكەیەتی و دەستی كردووە بە گریان دژی ئەو تاوانە قێزەوەنە كە میلیشیاكان و پاسدار بەسەر خەڵكی كوردی دەهێنن لە ناوچە كوردستانییە داگیركراوەكان.

ڕۆژی 16ی ئۆكتۆبەر دوای ناپاكی گرووپێكی ناو حزبێكی سیاسی، فەرماندەكانی پێشمەرگە بە فەرمانی ئەو ناپاكانە، پێشمەرگەیان لە سەنگەرەكانی باشووری كەركووك كشاندەوە، بەو هۆیەوە میلیشیاكان و پاسداران دەستیان بەسەر كەركووك و ناوچە كوردستانییەكاندا گرت، پاشان تاڵانی و سووتاندنی ماڵی كورد و گرتن و ئەشكەنجەدانی خەڵكی كورد لەو ناوچانە دەستی پێ كرد و تا ئێستە 400 خانوو ڕووخێنراون و 7 كەس گیراو و بێسەروشوێن هەیە و 120 كەسیش شەهید كراون.



وشە - باز ئه‌حمه‌د