پێرێز و خەلیفی گورزێكی كوشندە لە بەرشەلۆنە دەدەن

:: AM:10:29:25/10/2017 ‌

یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی پلانی داڕشتووە گورزێكی كوشندە لە هاوشانەكەی یانەی بەرشەلۆنە بدات ئەویش لە رێگەی یانەی پاریس سان جێرمانی فڕەنسییەوە.

رۆژنامەكانی ئیسپانیا بڵاویان كردەوە: یانەی ریال مەدرید هەموو هەوڵێكی خۆی خستووەتەگەڕ بۆ راگرتنی هەوڵەكانی یانەی بەرشەلۆنە سەبارەت بە گرێبەستكردن لەگەڵ فیلیپی كۆتینیوی ئەستێرەی بەڕازیلی لە یانەی لێڤەرپوولی ئینگلیزییەوە.

سەرچاوەكان ئاماژەیان بەوەشدا كە فلۆرنتینۆ پێرێزی سەرۆكی یانەی ریال مەدرید پلانێكی تۆكمەی داڕشتووە بۆ رێگەگرتن لە چوونی كۆتینیو بۆ یانەی بەرشەلۆنە لە ماوەی گواستنەوەی زستانەی داهاتوودا.

پلانەكەی پێرێز برێتییە لە رازیكردنی ناسڕ خەلیفی سەرۆكی یانەی پاریس سان جێرمان تا لە ماوەی گواستنەوەی زستانەدا بێتە نێو ركابەرییەكانی گرێبەستكردن لەگەڵ كۆتینیو.

رۆژنامەكانی ئیسپانیا ئاشكراشیان كرد كە پێرێز لە ئاهەنگی باشترینەكانی 2017ی جیهان لە شاری لەندەن خەلیفی رازیكردووە هەوڵ بۆ گرێبەستكردن لەگەڵ كۆتینیو بدات بەر لەوەی بچێتە یانەی بەرشەلۆنە دوای ئەوەی یانەی لێڤەرپوول ئامادەیی خۆی لە فرۆشتنی ئەو ئەستێرەیەی پێشانداوە.

هەر دوای ئەم رێككەوتنەش، خاوەنی یانە دەوڵەمەندەكەی پاریس لەگەڵ بەڕێوەبەری كارەكانی كۆتینیو كۆبووەتەوە و وەك سەرەتا رێككەوتوون لەسەر گواستنەوەی كۆتینیو بۆ یانەی پاریس سان جێرمان لە سەرەتای ئەمساڵدا.

ئەمە لە كاتێكدایە كە یانەی بەرشەلۆنە لە ماوەی گواستنەوەی هاوینەی رابردوودا هەوڵێكی زۆری بۆ گرێبەستكردن لەگەڵ كۆتینیو دابوو، بەڵام یانەی لێڤەرپوول رەتی كردبووەوە بیفرۆشێ، یانە كەتەلۆنییەكە بڕیاریشیداوە دوای دوو مانگی تر لە ماوەی گواستنەوەی زستانەدا دووبارە هەوڵ بۆ رێككەوتن لەگەڵ ئەم یاریزانە بداتەوە.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م