حەشدی شەعبی ناچێتە تەلەعفەر

:: PM:07:58:09/11/2016 ‌

هادی عامری ئەمینداری رێكخراوی بەدر و سەرپەرشتیاری گشتی هێزەكانی حەشدی شەعبی لە عێراق رای گەیاند كە حەشدی شەعبی ناچێتە ناو شوێنەكانی هاووڵاتینشین لە پارێزگەی نەینەوا و هەڕەشە لە توركیا دەكات بەوەی تەلەعفەریان بۆ دەكەنە گۆڕستان ئەگەر بێنە ناو جەنگی ئازادكردنەوەی.

عامری لەكاتی پێشوازیكردنی لە پاتریك سایمۆن نوێنەری نەتەوە یەكگرتووەكان لە بەغدا رای گەیاند كە هێزەكانی حەشدی شەعبی ناچنە ناو هیچ ناوچەیەكی هاووڵاتی نشین لە مووسڵ كە داعش هاووڵاتییان وەك قەلغانی مرۆیی تیادا بەكار دێنیت.

زیاتر گوتی، هێزەكانمان ئامادەن بۆ هەر جەنگێك ئەگەر پێویست بكات و سەرۆك وەزیرانی عێراق داوای بكات، بەو مەرجەی دووربێت لە دانیشتوان و نیگەرانی خۆی لە كاری تۆڵەكردنەوە لە كەمینەكانی مووسڵ دوای ئازادكردنەوەی دەربڕی.

عامری هاوكات هەڕەشەی لە توركیا كرد بەوەی تەلەعفەریان بۆ دەكەن بە گۆڕستان ئەگەر بێنە ناو جەنگی ئازادكردنەوەی مووسڵ و دووپاتیشی كردەوە كە ئەگەر پاراستنی ئاسایشی عێراق پێویست بكات دەچنە ناو خاكی سووریا، چونكە ئەگەر لە نزیك سنوورەكانمان تیرۆر بنبڕ نەكرێت ئەوە لە عێراقیش كۆتایی نایەت.  

لە 29ی مانگی تشرینی یەكەمی رابردوو هێزەكانی حەشدی شەعبی دەستیان بە جموجۆڵ كرد لە چوارچێوەی جەنگی ئازادكردنەوەی مووسڵ و ئەوان توانیان ژمارەیەك گوند لە باشووری رۆژئاوای مووسڵ ئازاد بكەنەوە و بەپێی قسەی فەرماندەكانیان 25 كیلۆمەتریان ماوە بۆ گەیشتن بە بنكەی ئاسمانی تەلەعفەر.

سەرچاوە: شەفەق نیوز


وشە - مه‌حموود ئیسماعیل