توركیا: پێویستە سەرەتا عێراق و سووریا ببنە دەوڵەت

:: PM:05:29:10/10/2016 ‌

بناڵی یەڵدرم سەرۆك وەزیرانی توركیا رای گەیاند كە پێویستە سەرەتا عێراق و سووریا بنەماكانی بەدەوڵەتبوون لە وڵاتانیان بچەسپێنن، ئینجا باسی توركیا بكەن و رەخنەی لێ بگرن، دووپاتی كردەوە كە توركیا هەموو رێوشوێنێك بۆ پاراستنی هاووڵاتییانی دەگرێتە بەر و ئەوەش مافی خۆیانە. 

 ئەمڕۆ دووشەم بنالی یەڵدرم لەبەردەم ژمارەیەك لە قوتابیانی زانكۆی تەكنیكی ئیستەمبوڵ، باسی لەوە كرد كە پێشهاتەكانی ناوچەكە بەتایبەت لە سووریا و عێراق زۆرترین كاریگەریی بۆسەر وڵاتەكەیان هەبووە.

زیاتر گوتی، توركیا لەو وڵاتانەیە كە زیاترین زیانی بەر كەوتووە لەو ناسەقاگیرییەی لە عێراق و سووریا هەیە، بۆیە حكوومەتی توركیا لە نەهێشتنی رێكخراوە تیرۆریستییەكانەوە لە ناوچەكە بەردەوام دەبێ تا نەمانی مەترسیان.

روونی كردەوە، چەند وڵاتێك هەن كە هیچ پەیوەندییەكیان بە ناوچەكەوە نییە، كەچی لە سووریا و عێراق چالاكی ئەنجام دەدەن و حكوومەتی ئەو دوو وڵاتە دەنگیان لێوە نایەت، بەڵام نیگەرانن لە هاتنی توركیا بۆناو بابەتەكە، بۆیە پێویستە ئەوان سەرەتا بنەماكانی دەوڵەت بچەسپێنن ئینجا باسی مافی توركیا بكەن و لێدوان لەو بارەوە بدەن.

یەڵدرم ئاماژەی كرد، پێویستە سەرەتا خاوەنداریەتی لە وڵات و هاووڵاتییان وڵاتەكەتان بكەن و رێگە لە لەناوچوونیان بگرن و بزانن چۆن دەبنە دەوڵەت، دوای ئەوە قسە بە توركیا بڵێن، بەبێ ئەوە قسەكانتان جێگەی پێكەنینە.

سەرۆك وەزیرانی توركیا دووپاتی كردەوە كە ئەگەر ئێوە رێگە بە مانەوەی رێكخراوە تیرۆریستییەكان بدەن، توركیا لەپێناو پاراستنی سنوورەكانی و ئاسایشی هاووڵاتییانی، هەر رێوشوێنێك پێویست بێت دەیگرێتەبەر.

وشە/ئەنادۆڵ، شەفەق نیوز-و: مەحموود ئیسماعیل




وشە - باز ئه‌حمه‌د