نەوشیروان مستەفا بۆ 15 ڕۆژ ڕۆیشت و نەگەڕایەوە
سەركردایەتیی گۆڕان بێ‌ نەوشیروان مستەفا بڕیاریان پێ‌ نادرێت

:: AM:09:45:10/11/2016 ‌

لە پێش جەژنی قوربانی ئەمساڵەوە، نەوشیروان مستەفا ڕێكخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان كوردستانی بەرەو بەریتانیا جێ هێشتەوە و ئەگەرچی وا بڕیار بوو 15 ڕۆژی پێی بچێت، بەڵام تا ئێستە نەگەڕاوەتەوە، ئەوەش سەركردایەتیی گۆڕانی دووچاری سەرلێشێوان كردووە و هیچ بڕیارێكیان پێ‌ نادرێت.

ئەگەرچی بارودۆخی كوردستان و پێوەندی لایەنەكان و بەتایبەتیش پارتی دیموكراتی كوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان لەوپەڕی ئاڵۆزیدایە، هێشتا كێشەی پارێزگاری سلێمانی یەكلا نەبووەتەوە، شەڕی داعش بەردەوامە، بەڵام نەوشیروان مستەفا چووەتەوە بەریتانیا و لەسەر ئەو پرسانە هیچ پەیام و قسەیەكی نییە، سەركردایەتیی گۆڕانیش بەبێ‌ قسەی نەوشیروان مستەفا، تا ئێستە نەیانتوانیوە لەو پرسە گرنگانەدا هیچ بڕیارێك بدەن.

بە گوتەی شۆڕش حاجی، گوتەبێژی بزووتنەوەی گۆڕان، نەوشیروان مستەفا بەردەوام ئەوە دەڵێت پشتگیری هەر بڕیارێك دەكات كە لەلایەن جڤاتی نیشتمانی گۆڕانەوە دەربچێت. 



ئەو گوتی، "كاك نەوشیروان هیچ كاتێك ڕێگری لە جڤاتی نیشتمانی گۆڕان نەكردووە و هەمیشە دەڵێت پشتگیری بڕیارەكانتانم، بەڵام جڤات بارودۆخی كوردستان و ناوچەكە و شەڕی داعشی لە بەرچاوە و بڕیارەكان بە پەلە نادات".

ماوەی ساڵێك زیاترە وەزیرەكانی پشكی بزووتنەوەی گۆڕان لەلایەن پارتی دیموكراتی كوردستانەوە لە حكوومەت دوور خراونەتەوە و تا ئێستەش پرسی كشانەوە لای گۆڕان بۆچوونی جیاوازی لەسەرە، لە دوایین پەیامی نەوشیروان مستەفاشدا كە لە لەندەن لە سیمینارێكدا ڕای گەیاند، داوای كرد گۆڕان پرسی كشانەوە لە حكوومەت تاوتوێ‌ بكات.

بە بڕوای چاودێرانی سیاسیی، گۆڕان و جڤاتەكەی بەبێ‌ نەوشیروان مستەفا بڕیاریان پێ‌ نادرێت، ئەمەش لەبەرئەوەی ئەگەر بڕیارەكان پشتگیریی تەواوی ئەو سەركردەیەی لەسەر نەبێت، سەنگ و قورسایییان نابێت.

عەبد ئەمین، مامۆستای زانكۆ و چاودێری سیاسیی، ئاماژەی بەوە دا كە لە گۆڕەپانی سیاسیی ئەمڕۆدا ئەوەندەی كار بە دەموچاو و سەركردەی كاریزمی دەكرێت، ئەوەندە بە بڕیاری مەكتەب سیاسی و دامەزراوەكانی تری حزبی ناكرێت.



ئەو بۆ "وشە" گوتی، "بۆ بزووتنەوەی گۆڕانیش بەو جۆرەیە، بڕیارێك نەوشیروان مستەفا داڕێژەری نەبێت و لەلایەن ئەوەوە ڕانەگەیەنرێت، قورسایی كەمی دەبێت، بۆیە جڤاتی نیشتمانی گۆڕان تا ئێستە ناتوانن بەبێ‌ نەوشیروان مستەفا بڕیار بدەن".

پێی وابوو، بزووتنەوەی گۆڕان و هەموو حزبەكانی كوردستان لە نائامادەیی كەسی یەكەمیاندا لاوازن و لە بڕیاردان و هەنگاوەكانیاندا تووشی شڵەژان دەبن. 

بەهۆی ئاڵۆزی پێوەندییەكانیانەوە، پارتی دیموكراتی كوردستان لە 12ـی 10ـی 2015ـدا ڕێگری لە یوسف محەمەد، سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان كرد بچێتەوە هەولێر و دواتریش وەزیرەكانی گۆڕان لە حكوومەت دەركران.

هاوكات زیاتر لە شەش مانگیشە بزووتنەوەی گۆڕان و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ڕێككەوتنێكی سیاسییان واژوو كردووە، بەڵام تا ئێستە نە ڕێككەوتنەكە وەك خۆی جێبەجێ‌ كراوە، نە هیچ بارودۆخێكیش چارەسەر كراوە كە پێشتر دەگوترا بە ڕێككەوتنی گۆڕان و یەكێتی چارەسەریان بۆ دەدۆزرێتەوە. 

لە مانگی تشرینی یەكەمی ساڵی ڕابردووەوە تا ئێستە، نەوشیروان مستەفا دوو جار چووەتە دەرەوەی كوردستان، جاری یەكەم حەوت مانگی پێ چوو و ئەم جارەش زیاتر لە دوو مانگە كوردستانی بەجێی هێشتووە، هەندێك دەڵێن، نەوشیروان مستەفا لە چارەسەركردنی بارودۆخەكە بێ ئومێد بووە و ناتوانێت چارەسەری پێشكەش بكات، بۆیە كوردستانی بەجێ هێشتووە. 

سلێمانی- شاد كەیوان


وشە - تایبه‌ت