سەرۆكی ئەنجوومەنی شارۆكەی شنگال لە كورتە دیدارێكی لەگەڵ "وشە"، باس لە تاڵانی و دزی و سووتاندنی ماڵی كوردانی ئێزیدی لە شنگال و ناوچەكانی دەوروبەری دەكات و هێما بۆ ئەوەیش دەكات، كە ئەوان پێڕەوی یاسای دارستان دەكەن و هیچ پابەندبوونێكیان بە مافی مرۆڤ نییە و بەربەرییانە مامەڵە دەكەن، ئەوان بە تەواوی وێنەی دڕندەیی و خوێنڕێژی و تاوانەكانی تیرۆریستانی داعش بەسەر خەڵكی ناوچەكانمان دووبارە دەكەنەوە.
وەیس نایف سەرۆكی ئەنجوومەنی شارۆكەی شنگال گوتی، ئەوان بە تەواوی دژی هەموو جۆرە یاسایەكن، ئێستە خەریكن بە ویستی خۆیان بەرپرسی هەموو یەكە كارگێڕییەكان دەگۆڕن و كەسانی سەر بە میلیشیاكان لە شوێنیان دادەنێن، ئەمەیش بەبێ گەڕانەوە بۆ ئەنجوومەنی شارۆكە و شارەدێكان و بنەما یاسایی و شەرعییەكان، بۆیە ئەو كارانەی ئەوان تەواو پێچەوانەی یاسایە و هیچ شەرعیەتی نییە.
میلیشیاكان باوەڕیان بە مەزەویی و توندڕەوی و هێز هەیە، ئەوان هەر كەسێك هێزی هەبێ و بەتەواوی لەگەڵ ئامانج و ویستی ئەوان كە توندڕۆیی و بیری تایفییە كار بكات، پۆستی پێ دەدەن و هەندێك جاریش پۆستەكان بەشێوەیەكی زۆر كورت و كاتی بە كەسێك دەدەن و بۆ ڕۆژی دواتر بە كەسێكی تری دەدەن، هەموو ئەو بڕیارانەیشیان بێ گەڕانەوەیە بۆ خەڵكی ناوچەكە و پشت بە هیچ ڕێسایەك نابەستێ و تاكە یاسا و شەرعییەت كە ئەوان بڕوایان پێیەتی، یاسای جەنگەڵ و دارستانە و بەهێز دەسەڵات دەگرێتە دەست و بێهێز لەناو دەبات.
ناوچەكانی شنگال و دەوروبەری لە 2014 بەر شاڵاوی دزی و تاڵانی و كوشتوبڕی و جینۆساید بوونەوە لەسەر دەستی ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش، ئێستە شەپۆلی دووەمی تاڵانی و دزی و ستەم و زۆرداری دژ بە خەڵكی هەژار و بێدەرەتانی ناوچەكە لەلایەن میلیشیاكانەوە دەستی پێ كردووە، هەرچەندە ماڵی خەڵكی ناوچەكە كەلوپەلی گرنگ و بە نرخی ئەوتۆی تێدا نییە و پێشتر هەرچی هەیانبووە تاڵان كراوە، بەڵام ئەوان هەر بۆ ئەوەی سووكایەتی بە خەڵك بكەن، سادەترین و بێ نرخترین كەلوپەلیش دەدزن و تاڵانی دەكەن.
سەرۆكی ئەنجوومەنی شارۆكەی شنگال هێمای بۆ ئەوە كرد، چەندان حاڵەتی دزی و تاڵانی و لێسەندنی ئۆتۆمبێل و چەك لەلایەن میلیشیاكانەوە لە ناوچەكانمان ڕووی داوە و ئەوان بە ویست و مەزاجی خۆیان خەڵگ دەگرن و هەرچی هەیەتی لێ دەستێنن و سووكایەتی پێ دەكەن و ئەشكەنجەیان دەدەن و برینداریان دەكەن. ئەمە بە تەواوی پەلاماری داعش وەبیر خەڵكی ناوچەكانمان دێنێتەوە و هەمووان زۆر بێزارن و ڕق و تووڕەیی زۆریان لە دژی میلیشیاكان و پاسداران لە ناخیاندا هەڵگرتووە و ناشتوانن تا سەر لە ژێر دەستی ئەو گرووپە بێ مۆڕال و بێ ڕەوشتە بمێننەوە.
وشە/ دهۆك- كـاروان بـاعـەدرێ