گوڵان جەمال: هونەری شێوەكاری وەك كفر و حەرام سەیر كراوە

:: AM:09:48:10/11/2016 ‌
 
گوڵان جەمال كچە شێوەكارێكی هێمن و جوانیناسە، ئەمە هەم لە كەسایەتییەكەی و هەمیش لە تابلۆكانیدا رەنگی داوەتەوە. سەرەتای كارەكانی دەگەڕێتەوە بۆ خوێندنەكەی كاتێك لە پەیمانگای هونەرە جوانەكانی رانیە هونەری شێوەكاری فێر بووە. ئەو زیاتر بەشێوەی تەكنیكی و ریالیزمی كار لە تابلۆدا دەكات. بەهۆی دەستڕەنگینی توانیویەتی بەشداری لە چەندان پێشانگە و چالاكی هونەریدا بكات. "وشە" بە چەند پرسیارێك بەسەری كردەوە.

بۆچی لەناو كورددا وەك پێویست گرینگی بە هونەری شێوەكاری نەدراوە؟ یا بۆچی تابلۆ لەناو ماڵەكاندا كەم دەبینرێت؟
هۆكەی دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی پاشخانێكی دێرینی هونەری كە هونەرمەندی لەسەر پەروەردە بكرێت، یان نەبوونی دەزگە و ناوەندی تایبەت بە هونەری شێوەكاری. زۆر جاریش نەبوونی وانەی تایبەت بە هونەر لە ناوەندەكانی خوێندن كە نەیتوانی كار و بیر و بۆچوونی جوان لای خوێندكارانی كورد دروست بكات. ساوایانی وانەكانی خوێندن كە بوونەتە پاشكەوتنی بواری هونەری لەناو كۆمەڵگەی كوردیدا. كورد هەمیشە لەناو شەڕ و شۆڕش و داگیركاریدا بووە، بۆیە نەیتوانیوە هونەرەكەی بەشێوەیەكی بەرچاو پێش بخات. تاكی كورد لە رابردووی كاریگەریی ئاینی لەسەر بووە، بۆیە ئامادە نەبوون منداڵەكانیان بنێرن بۆ شار تا لە بواری هونەری بخوێنن. لەگەڵ ئەوانەشدا لەناو كورد زۆرجار هونەری شێوەكاری وەك كفر و حەرام سەیر كراوە.

ئایا خوێندن لە بەشی شێوەكاری یان زانكۆیەكی شێوەكاری، بەسە بۆ ئەوەی ببیت بە شێوەكار یان بەهرەیش رۆڵی هەیە؟ 
هەردووكیان گرنگن، چونكە ئەگەر بخوێنی و بەهرە و توانا و حەزی لەگەڵ نەبێت هیچ بایەخی نییە، بۆیە پێویستە هەردووكیان هەبێت، هونەر حەزە و بێ حەز ئەو هونەرەی ناخی هونەرمەند ناگەشێتەوە و پێش ناكەوێت، واتە ئەگەر حەز نەبێت ئەو هونەرمەندەی زانكۆیش تەواو بكات، دواتر كاری هونەری ناكات و لە ماڵ كارێكی تر دەكات و جاری واش هەیە زانكۆ و پەیمانگەی تەواو نەكردووە و حەزێكی شێتانەی هەیە بۆ هونەر. كەواتە كاری هونەری پێویستی بە عەشقێكی گەورە هەیە بۆ ئەوەی بەردەوام بێت، عەشقی بچووك ناتوانێت بەر دەوامی جوان بە هونەر بدات.

هونەری شێوەكاری لە كوردستاندا تا چەند توانیویەتی خۆی لە مەیدانی رۆشنبیریدا بدۆزێتەوە؟ 
هونەری شێوەكاری هۆشیاری رۆشنبیری و ئاگایەكی زۆری دەوێت، بۆیە ئێمە كاتێك كارێكی هونەری دەكەین، دەبێ بزانین مەبەستمان لەم كارە چییە؟ بۆ نموونە: تابلۆیەكی هونەری لە ئەوروپا گرنگییەكی زۆری پێ دەدرێت تا ئێستە قسەی لەسەر دەكرێت، بەڵام لە كوردستاندا بەم شێوەیە نییە. تەنانەت بووەتە شۆڕش و هەڵگری پەیام، بۆیە شێوەكاری گرنگە، بەڵام بەم تێگەیشتنە نییە لەم هەرێمەدا. هەروەها ئاگامان لە هونەرەكانی تر بێ و بەشداری كار و چالاكییەكان بكەین، چونكە ئەوانە گرنگن.

كارە هونەرییەكانی تۆ تا چەند پێوەندی بەمەوە هەیە؟ 
كارە هونەرییەكانی من زیاتر هەڵگری سومبولی كوردانەیە و حەز دەكەم فیگەری كوردی لەناو كارەكەمدا هەبێَت، بە جۆر و ستایڵ و تەكنیكی خۆم  كار بكەم و بە هزر و بیری خۆم كار بكەم. یەكێك لە فاكتەرە گرنگەكان بۆ كاركردن لە هونەردا بۆ ژیان بریتییە لە ئازادی كە ئەویش هۆكارێكی زۆر گرنگە بۆ كارێكی هونەری و پێشكەوتن.

 بوونی فیكر و مەعریفە و ئاستی بەرزی رۆشنبیری تا چەند كاریگەری دەبێت لەسەر بەرهەمی شێوەكاری، ئایا پێت وایە شێوەكارانی ئێمە خاوەنی ئەم چەمكانە بن؟ 
لە راستیدا بوونی تێڕامان و دنیابینی فراوان لە پشتی هەر كارێكەوە، گرنگی خۆی هەیە و مانای زیاتر هەڵدەگرێت بۆ تابلۆیەك ئەگەر لە روانگەی فیكرییەوە لە رووداو و كارەساتێك بزانین. بێگومان چاكتر پۆرترێتەكە دەنەخشێنین. بێگومان بوونی مەعریفەیەكی شاراوە لە پشتی تابلۆكانەوە هەندێك بەهای كارەكان زیاتر دەكات، ئەمە رابردووی كارەكان دەتوانن ئەوەمان پێ بڵێن. راگەیاندن گرنگە زیاتر بایەخ بە ناساندنی تابلۆ بدات و بۆ ئاشناكردنی بینەر و خوێنەر بە هونەر، لایەنێكی تر بۆ پێشخستنی هونەری شێوەكاری دروستبوونی رەخنەی رژدە كە هێشتا نەگەیشتووە بە ئاستی ئەكادیمی.

هەولێر- هەورین نەجات










وشە - تایبه‌ت