مه‌كگۆرك له‌ ئابڕووچوونی سێكسییه‌وه‌ بۆ ڕێگه‌دان به‌ داگیركردنی عێراق له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه‌


لە ساڵی 2012 لەوكاتەی باراك ئۆباما فەرمانی بۆ وەرگرتنی پۆستی باڵوێزی ئەمەریكا لە عێراق بۆ برێت مه‌كگۆرك دەردەكرد، لە ناكاو ئابڕووچوونە بەناوبانگەكەی مەكگۆرك لە میدیاكانی ئەمەریكا ئاشكرا بوو و بە چڕی بڵاو بووەوە، بەهۆی بوونی پێوەندی سێكسی و سۆزداری لەگەڵ پەیامنێرێكی كەناڵێكی میدیایی لە بەغدا، ئەمەیش وای كرد مەكگۆرك لە وەرگرتنی پۆستی باڵوێزی وڵاتەكەی لە عێراق دوور بخرێتەوە، ئێستەیش بەهۆی نەگواستنەوەی ڕاستییەكان بۆ واشنتن، دەرفەتێكی زێڕینی بە ئێران داوە تا هێرش بكاتە سەر كوردستان و تەواوی عێراق بخاتە ژێر ڕكێفی خۆیەوە و داگیری بكات.

چیرۆكی مه‌كگۆرك
برێت ماكگۆرك دوای 2003 لە سەردەمی جۆرج بوش و باراك ئۆباما لە باڵوێزخانەی ئەمەریكا لە عێراق لە ژێر سەرپەرشتی باڵوێزانی ئەمەریكا لە عێراق كاری كردووە، بەڵام ئەو هەڵەیەكی گەورەی لە بەغدا ئەنجام دا، لەو كاتەی خەریك بوو پۆستی باڵوێزی ئەمەریكا لە عێراق وەربگرێت، بۆیە وەزارەتی دەرەوە و كۆشكی سپی دووپاتیان لەوە كردەوە كە مەكگۆرك شیاو و شایستە نییە ببێتە باڵوێز لە 2012 لە كاندیدبوون و وەرگرتنی ئەو پۆستە دوور خرایەوە.

هۆكاری دوورخستنەوەكەی بڵاوبوونەوەی كۆمەڵێك ئیمەیلی سۆزداری و پڕ لە وشەی سێكسی بوو لە لایەن ماكگۆركەوە بۆ كچە پەیامنێرێكی كەناڵێكی بیانی لە بەغدا بە ئیمەیلی فەرمی وەزارەتی دەرەوە ناردوویەتی، ئیمەیلەكان دووپات لەوە دەكەنەوە، كە مەكگۆركی خێزاندار بە نهێنی پێوەندی سۆزداری و سێكسی لەگەڵ ئەو پەیامنێرە هەبووە و زانیاریی ورد و هەستیاری بەو كچە پەیامنێرە داوە، بۆیە بڵاوبوونەوەی ئەو ئیمەیلانە لە میدیاكانی ئەمەریكا دەنگدانەوەی گەورەی لێ كەوتەوە و بە ئابڕووچوونە سێكسییەكەی ماكگۆرك ناوبانگی دەركرد.

بەو هۆیەوە مه‌كگۆرك لە كاندیدبوونی بۆ پۆستی باڵوێزی ئەمەریكا لە عێراق كشێنرایەوە و بووە جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا بۆ كاروباری عێراق و ئێران، ئەو پۆستە پلەی باڵوێزی پێ نەدا، بەڵام ڕۆڵی هەبوو لە داڕشتنی سیاسەتی ئەمەریكا بەرامبەر ئەو دوو وڵاتە،  بۆ ئەو كارە و بڵاوبوونەوەی ئابڕووچوونەكەیشی مەكگۆرك هیچ كاردانەوەیەكی نەبوو و تەنیا بەردەوام بوو لە كارەكەی خۆی و ئەو ئەركانەی بۆی دیاری كرابوو.

لێكۆڵینەوە
دوای یەكلابوونەوەی هەموو بەڵگەكان، گەورە بەرپرسان بە شێوەیەكی خراپ مامەڵەیان كرد و ئەمەیش بە بڕوای ئەمەریكییەكان دەبێتە هۆی لەكەداركردنی ڕاستگۆی نەتەوەكەیان لە بەرامبەر سەرپێچیكاران، بۆیە نووسینگەی دەوڵەتی ئەمەریكا بۆ ئاسایشی دیپلۆماسی دەستی بە لێكۆڵینەوە لە كارەكانی مەكگۆرك كرد، پاشان نووسینگەی پشكنەری گشتی دەوڵەت بە دۆسیەكەدا چووە، بەڵام دواتر دەستیان لە لێكۆلێنەوەكان هەڵگرت و سزا نەدرا. پاشان بۆ سێیەم جار نووسینگەی پشكنەری گشتی دەستیان بە لێكۆڵینەوە كرد لەبارەی ئیمەیلەكانی ساڵی 2008ی مەكگۆرك و بڕیاریان دا ڕێگە نەدرێ ببێتە كاندید بۆ پۆستی باڵوێزی ئەمەریكا لە بەغدا، سزاكەی مەكگۆرك هەر بە ئەوەندە كۆتای هات، بەهۆی دەستوەردانی سوپاسالاری ئەوكات و ڕاوێژكاری ئاسایشی نەتەوەی شیریل میلز، بۆیە یاریدەدەری وەزیری دەرەوە و بەرپرسی نووسینگەی ئاسایشی دیپلۆماسی ئەمەریكا "ئریك بۆزویل" بۆ ماوەی چوار مانگ دۆسیەكەیان دوا خست، ئەمەیش بووە هۆی لێكۆڵینەوەكان بەشێوەیەكی كاتی بوەستن، لە مانگی تەمووز/یۆلیۆی 2013یش لێكۆڵینەوە لە مەكگۆرك وەستێنرا و لە كاندیدبوونەكەی دوور خرایەوە.

پێگەی " wemeantwell" ڕاپۆرتەكەی بڵاو كردووەتەوە و نووسیویەتی، ئێستە ئەو بەشدارێكی كارای لە شەڕی نوێی ئەمەریكا و هاوپەیمانەكانی لە دژی تیرۆریستانی داعش هەیە، بەڵام بەردەوامبوونی مەكگۆرك لە پۆست و بەرپرسیاریەتییەكان، پەڵە لەسەر سیاسەتەكانی نەتەوەكەمان و چۆنیەتیی بەڕێوەبردنی جێ دەهێڵێت، ئەو ئێستەیش لە بەغدا زۆر ڕۆڵی هەیە و ئەو كچە پەیامنێرەیش بەردەوامە لە كارەكەی، ئەمەیش مانای ڕازیبوونی ئەمەریكا بە ناپاكی كردنی مەكگۆرك لە هاوسەرەكەی و بەردەوامی پێدانی زانیاری هەستیار بە خۆشەویستەكە پەیامنێرەكەی، ئەمانە هەمووی گرفتن بە ڕووی گەلی ئەمەریكا و ڕاستگۆیی و متمانەی گەلانی تر بەرامبەر بە واشنتن كەم دەكەنەوە.

جێی باسە برێت مەكگۆرك ئێستە نوێنەری سەرۆكی ئەمەریكایە لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ شەڕی دژ بە تیرۆریستانی داعش لە عێراق و سووریا، لە ڕاپۆرتێكی هەفتەی پێشووی هەفتەنامەی "وشە" چەند شارەزا و سەرچاوەیەك دووپاتیان لەوە كردەوە، دیپلۆماتكارانی ئەمەریكا و بەریتانیا لە عێراق، بە تایبەت برێت مەكگۆرك و فرانك بیكری باڵوێزی بەریتانیا لە عێراق، ڕۆڵی ئەرێنییان بینیوە لە هێرشكردنی پاسدار و میلیشیاكان بۆ سەر كوردستان و ئەوان پێوەندی و بەرژەوەندییە كەسییەكانی خۆیان خستووەتە پێش كار و ئەركەكەیان و ڕاستییەكانیان بۆ لەندەن و واشنتن نەگواستووەتەوە، بەو هۆیەوە ئەمەریكا و بەریتانیا و وڵاتی ڕۆژئاوایش لە ساتی یەكەمی هێرشكردنە سەر كوردستان تا بەم دواییەیش بێدەنگ و بێهەڵوێست بوون، نەگواستنەوەی ڕاستییەكان بووە هۆكارێك تا ئێران برەو بە هێرشكردنە سەر كوردستان بدات و بەشێكی زۆرتری عێراق جیا لە باشوور و ناوەڕاستی عێراق داگیر بكات.


وشە - باز ئه‌حمه‌د


AM:10:21:28/10/2017




ئه‌م بابه‌ته 60327 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌