بەرپرسێكی سەربازیی عێراق ئاشكرای كرد، سەرۆكی ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش "ئەبوبەكر بەغدادی" ناوچەكانی ژێر دەستی چەكدارانی داعشی جێ هێشتووە كە خۆی لە ناوچەكانی قائیم و دێرزوور دەبینێتەوە و چووەتە شوێنێكی دەرەوەی ژێر دەسەڵاتی تیرۆریستانی داعش، زانیاری ئەوەیش هەیە كە ڕووخساری خۆی گۆڕی بێ و بە ئازادی لە ناوچەكان بسووڕێتەوە.
هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی داعش لە ڕێی تیمێكی تایبەتەوە لە 70 كیلۆمەتری چوارگۆشە بە دوای ئەبوبەكر بەغدادیدا دەگەڕێ كە دەكەوێتە سووریا و عێراقەوە، ئەو تیمە لە كەسی زۆر شارەزا و شیكەرەوەی زانیاری پێك هاتوون و فڕۆكەی تایبەت پشتیوانییان دەكات و مانگی دەستكرد بە بەردەوامی چاودێری هەنگاوەكانیان دەكات، هەر كەسێكیش زانیاری لەسەر ئەبوبەكر بەغدادی بدات، لەلایەن واشنتنەوە پاداشتی 25 ملیۆن دۆلاری بۆ دانراوە.
بەرپرسێكی سەربازی عێراق لەوبارەوە بۆ ڕۆژنامەی "
العربی الجدید" گوتی، تا ئێستە بە وردی شوێنی ئەبوبەكر بەغدادی دیاری نەكراوە، پێشبینی دەكرێ بەغدادی ڕەقەی جێ هێشتبێ، لەو ناوچانەی تری عێراقیش نەماوە كە لەلایەن هێزەكانی عێراقەوە ئازاد كراون، هەموو زانیارییەكانیش دووپات لەوە دەكەنەوە بەغدادی لە شارۆكەی قائیم بوونی نییە، ڕاپۆرتی هاوپەیمانان باس لەوە دەكات كە بەغدادی ناوچەكانی ژێر دەستی ڕێكخراوی تیرۆریستی داعشی لە عێراق و سووریا جێ هێشتووە و ڕووخساری خۆی گۆڕیوە و نەشتەركاری بۆ كراوە و بە ئاسانی ناناسرێتەوە، ئەمەیش ڕێی داوە بە ئاسایی ناوچەكانی ژێر دەستی داعش جێ بهێڵێت.
ئەبوبەكر بەغدادی ناوی راستەقینەی ئیبراهیم عەواد ئیبراهیم عەلی بەدری سامەڕائییە، لە 28 حوزەیران/یۆنیۆی 1971 لە نزیك شاری سامەڕا لە دایك بووە و هەڵگری ڕەگەزنامەی عێراقییە و لە زانكۆی بەغدا بەكالۆریۆسی لە یاسا بەدەست هێناوە، دواتر لە كۆلێژی شەریعەی ئیسلامی هەمان زانكۆ بەكالۆریۆسی لە توێژینەوەی قورئان و ماستەری شێوەی خوێندنەوەی قورئان و دواتریش دكتۆرای بەدەست هێناوە، بەر لە 2003 و ڕووخاندنی بەعس لە مزگەوتێكی بەغدا ئیمام و خەتیب بووە، دوای ڕووخانی بەعس، پێوەندی بە رێكخراوی تیرۆریستانی قاعیدە كردووە و لەگەڵ ئەبو موسعەبی زەرقاوی سەرپەرشتی كارە تیرۆریستییەكانی قاعیدەیان لە عێراق كردووە. دوای لەناوبردنی زەرقاوی و گرتنی زۆرینەی ئەندامانی قاعیدە لەلایەن هێزەكانی ئەمەریكا و هاوپەیمانان لە عێراق، بەرەو سووریا ڕای كردووە و لەوێ رێكخراوی تیرۆریستی داعشی دامەزراندووە و خۆیشی وەك رابەڕی گرووپەكە كاری كردووە و لە رێكخراوی تیرۆریستی قاعیدە جیا بوونەتەوە، لە 2014 دوای گرتنی ناوچەیەكی زۆری سووریا، هاتنە عێراق و دەستیان بەسەر سێیەكی خاكی عێراقدا گرت و لە مزگەوتێكی شاری مووسڵ "خەلافەت"ی داعشی ڕاگەیاند و خۆیشی وەك "خەلیفە" ناساند، ئەمەریكی بڕی 10 ملیۆن دۆلاری پێشتر بۆ هەر كەسێك ڕاگەیاند كە شوێنی ئەبوبەكر بەغدادییان بۆ ئاشكرا بكات.