حكوومەتی عێراق بڕیاریدا نرخی گەنمی جوتیاران
بۆ ساڵی 2016 بۆ 2017 كەم بكاتەوە و ئەندامێكی ئەنجومەنی پارێزگەی سلێمانی دەڵێت، ئەو
كەمكردنەوە زیاتر جوتیاری كوردستان لێی زەرەر مەند دەبێت، ئەندامێكی ئەنجومەنی نوێنەرانی
عێراقیش دەڵێت، حكوومەت گوێ لە پەرلەمان ناگرێت و خۆی نرخ دیاری دەكات.
ئەشواق جاف، پەرلەمانتاری عێراق بە "وشە"ی
ڕاگەیاند، ئێستا حكومەتی عێراق لە قەیرانی بودجەدایەو و پارەی كەمە بۆیە هەوڵدەدات
خەرجییەكانی كەم بكاتەوە و ئێستاش دووبارە دوای چەند جار دەستكاری كردن دەستی بۆ پارەی
گەنمی جوتیاران بردووەتەوە.
گوتی، بەهۆی ئەو دۆخەی قەیرانە بڕیارەكانی
پەرلەمانی عێراق بۆ حكوومەتی عێراق پابەندنین، حكوومەتیش گوێ لە بڕیارەكانی پەرلەمان
ناگرێت، هەرچەندە واژووشمان كۆكردەوە، بەڵام حكوومەت بڕیارەكانی خۆی جێبەجێ نەكردووە".
باسی لەوەش كرد، حكوومەت بەردەوام دەڵێت ئەگەر
ئەو گەنمە لە دەرەوەی بكڕم ئەوا كەمتر لە بەرهەمی ناوخۆ لەسەری دەكەوێت، بۆیە خۆی هەرچۆن
بیەوێت وای لێ دەكات و بە ئارەزوو نرخی دەگۆڕێت، نرخی نەوتیش هۆكارێكی ترە، لە كاتێكدا
دەبێت لەگەڵ دابەزینی نرخی نەوت پشتگیری جوتیار و كشتوكاڵ دەكات.
ئەو بڕیارەی نوێیەی حكوومەتی عێراق بۆ نرخی
گەنمی جوتیاران دەرچووە بەم شێوەیە، نرخی گەنمی دەرەجە یەك لە 700 هەزار دینارەوە بۆ
560 هەزار دینار و دەرەجە دوو لە 682 هەزار دینارەوە بۆ 480 هەزار دینار و دەرەجە سێ
لە 572 هەزار دینارەوە بۆ 420 هەزار دینار كەم بووەتەوە.
لای خۆیەوە غالب محەمەد، ئەندامی ئەنجومەنی
پارێزگەی سلێمانی بە "وشە"ی ڕاگەیاند: "حكوومەتی عێراق بڕیاریداوە نرخی
گەنمی جوتیاران بۆ ساڵی داهاتوو كەمبكاتەوە و بەوەش نرخی هەر جۆرێك لە گەنم زیاتر لە
نرخی ساڵانی ڕابردوو كەمی كردووە و جوتیار زەرەرمەند بە تایبەتی جوتیاری هەرێمی كودستان".
روونیکردەوە، بۆ هەر تەنێك لە گەنمی دەرەجە
یەك بڕی 140 هەزار دیناری كەمی كردووە و گەنمی دەرەجە دوو 202 هەزار دیناری لە چاو
ساڵانی ڕابردوو كەمتر بووە و گەنمی دەرەجە سێ بڕی زیاتر لە 130 هەزار دینار كەمی كردووە،
ئەوەش هەرێمی كوردستان زیاتر زەرەر دەكات".
زیاتر دەڵێ، ماوەی سێ ساڵە پارەی گەنمی جوتیاران
دوادەكەوێت و لە كاتی خۆی نادرێت، بە تایبەتی
پارەی ساڵی 2014 و 2015 كە تا ئیستا نەدراوە و بڕیاریشە ئەگەر بدرێت بە شێوەی نیوە
بدرێت، ئەوەش وا دەكات جوتیاری هەرێم زیاتر زەرەر بكات، لە لایەكەوە پارە نییە، لە
لایەكی ترەوە درەنگ پارەكەی دەدرێتێ و بە نیوەیی.
وشە/ سلێمانی. هۆشیار عەلی
پێداچوونەوە/ ر.م