رەنگە لە زۆرێك لە كۆمەڵگە و كولتوورە جیاجیاكان، ئەوە دیاردەیەكی بەربڵاو بێت كە پیاوان ئەو كاتەی لەگەڵ هاوسەرەكانیان دەڕۆنە دەرەوە بۆ بازاڕكردن، تووشی بێزاری دەبن، بە هۆی ئەوەی بازاڕكردنی ژنان كاتی زیاتری دەوێت، چونكە زۆر بە دوای كەلوپەلدا دەگەڕێن، تا ئەو شتەی مەبەستیانە هەڵی دەبژێرن و دەیكڕن.
بە گوێرەی هەواڵێك كە ئاژانسی چاینا نیوز بڵاوی كردووەتەوە، لە هەوڵێكی نوێدا بۆ چارەسەری ئەم كێشەیەی نێوان هاوسەران، یەكێك لە سەنتەرەكانی بازاڕكردن لە شاری شانگهایی وڵاتی چین، هەستاوە بە دابینكردنی شوێنێكی تایبەت لە نهۆمی سێیەمی سەنتەرەكەدا، كە هاوشێوەی دایەنگەیەكە بۆ ئەوەی ژنان لە كاتی بازاڕكردنیاندا، مێردەكانیانی تێدا جێ بهێڵن.
بە پێی ئەو زانیارییانەی رۆژنامەكە بڵاوی كردوونەتەوە، ئەو كاتەی جووتێك هاوسەر بە یەكەوە بۆ بازاڕكردن دەچنە ئەو سەنتەرەی بازاڕكردن، كە ناوی ڤانكی مۆڵە، ژنەكان دەتوانن بێ ئەوەی هیچ فشارێكی پەلەكردنیان لەسەر بێت، بە ئارەزووی خۆیان خەریكی گەڕان و هەڵبژاردنی كەلوپەلی دڵخوازی خۆیان بن، لە بەرامبەریشدا پیاوان ناچار نین كە بە دیار هاوسەرەكانیانەوە بن لە كاتی گەڕاندا، بەڵكو دەتوانن لە نهۆمی سێیەمی مۆڵەكەدا، كاتی خۆیان بە ئاسوودەیی بەسەر ببەن، تا ئەو كاتەی هاوسەرەكانیان لە شتكڕین تەواو دەبن.
لە هەواڵەكەدا باسی ئەوەش كراوە، كە لەو شوێنەدا كە وەك دایەنگەیەك بۆ پیاوان تەرخان كراوە، كۆمەڵیك شتی سەرگەرمی هەن كە پیاوان دەتوانن كاتی خۆیانی پێ بەسەر ببەن، وەك تەلەڤزیۆن، گۆڤار، كورسی مەساج، شوێنی تایبەت بە سەرخەو شكاندن و .. هتد.
سەرچاوە: سكای نیوز.