بە منداڵی بەزۆر بەشوو دەدرێت و بەهۆی ناپاكیی هاوسەرگیرییەوە دەكەوێتە شەڵتەر

:: PM:06:19:31/10/2017 ‌

ژنێكی تەمەن ١٨ ساڵ، هەڕەشەی كوشتنی لەسەرە و ئێستە لە داڵدەی ئافرەتان "شەڵتەر"ە، كێشەی ئەو ژنە لەو كاتەوە دەستی پێكردووە كە بە ١٢ ساڵی بەزۆر بەشوو دراوە، دوو ساڵ دوای هاوسەرگیرییەكەی پێوەندی لەگەڵ كوڕێكی دراوسێیاندا دروست دەكات و ماوەی دوو ساڵ پێوەندیان دەبێت، تا ئەو ڕۆژەی لەگەڵ خۆشەویستەكەی لەسەر جێگەی نووستنەكەیدا دەبینرێن و خۆشەویستەكەی دەكوژرێت و خۆشی دەكەوێتە شەڵتەر.

 پێش ئەوەی دەست بە گێڕانەوەی چیڕۆكی ژیانی بكات، بە ترسێكی زۆر لە چاوەكانیدا و دەنگێكی پڕ لە خەم پرسیاری زۆری كرد بۆ دڵنیابوونەوەی ناخی، بە گوشینی بەردەوامی دەستەكانییەوە گوتی، ناوم(...)ە، بەڵام دەمەوێت ناوم بە (كانی) بنووسی، چونكە من سەرچاوەی خەم و ناخۆشیم هێشتە ژیانی منداڵیم بەسەر نەبردبوو ئەو كاتەی بەشوویان دام و یەكەم شەوی هاوسەرگیریم، یەكەم جارم بوو كە بكەومە سوڕی مانگانەوە.

(كانی)، كچێكی باڵا مامناوەندی ئەسمەری  قژ ڕەشی و خاوەن روخسارێكی خەماوییە، ئەو مێرمنداڵ بووە كاتێك هاتووەتە شەڵتەر و تەمەنی ١٦ ساڵ بووە، ئێستە ١٨ ساڵە و دەڵێت هیچ ئومێدێكی نییە و ئەو تەمەنەی ماویەتی لە دەرەوەی ئەو شەڵتەرەی تێدا دەژیت بەسەری ببات، (كانی) چێڕۆكی ژیانی خۆی بۆ "وشە" باس دەكات و دەڵێت، دەرچوونم لێرە یەكسانە بە كوشتنم، چونكە شووبراكەم لەسەر من بووە بە بكوژ و ماڵی خەزووریشم بەڕەزامەندی ماڵی باوكم هەردوولا بەیەكەوە وا ڕێك كەوتوون كە بەهەر جۆرێك بێت من ببەنە دەرەوە و بمكوژن.

كێشەی خێزانیمان هەبوو، هەمیشە لە مالێ ئێمە ناخۆشی بوو باوكم قەت نەیدەتوانی وەك باوكێكی باش مامەلەمان لەگەڵدا بكات و دایكیشم هیچ دەسەڵاتێكی نییە بە ئێستەشەوە، هەر بۆیە زوو منی بە زۆر بەشوو دا كە من ١٢ ساڵ بووم و (ڕیباز)یش كە بوو بە هاوسەرم، ١٧ ساڵ بوو، من بۆ یەكەم جار كە خوێنی سوڕی مانگانەم بینی، یەكەم شەوی بوكێنیم بوو و قەت بیرم ناچێ هەم كەوتمە سوڕی مانگانە و هەمیش ڕێباز هیچ بەزەیی پێمدا نەهاتەوە و كردمی بەژن.

زیاتر دەڵێت، لەگەڵ مالێ خەسوومدا ژیاین، من منداڵ بووم نازانم چۆن ئەوان مامەڵەیان دەكرد و من چۆن بووم، بەڵام دەزانم هەرچی ئەوان دەیانگوت من دەمكرد، ماوەیەك كێشەمان نەبوو، بەڵام دواتر كێشەی جۆراوجۆر كەوتە نێوانمان، دوو منداڵ لە ماڵێكی 100 مەتری لەگەڵ شەش كەس بژین وەك ژن و مێرد بە دڵنیایی هەر وەكو ئێمە دەبێت، من و ڕیباز هیچمان نەمانتوانی و نەمانزانی ژن و مێرد بین، هەمیشە قسەی ناشیرین و سووكایەتی پێكردن و ئەنجامەكەی لێدانی من بوو دواتر خەسوو و خەزوورم ئاشتیان دەكردینەوە.

كانی و ڕێباز دوای ساڵێك و چەند مانگ دەبن بە خاوەنی كوڕێك، كانی نایشارێتەوە كە نەیتوانیوە دایكایەتی بۆ كوڕەكەیان بكات و ڕێبازیش بە هەمان شێوەی ئەو نەیزانیوە باوكیكی باش بێت، ئەو دەڵێت كوڕەكەیان هەر خەسووی بەخێوی كردووە، چونكە وەك خۆی دەڵێت، ئەوان نەیانزانیوە مانای ژن و مێردبوون چییە؟، بۆیە دایك و باوكبوون بۆیان زۆر بەرپرسیاریەتییەكی گەورەتر بوو لە هەموو شتێكی ئەوان.

دوای دوو ساڵ لە هاوسەرگیری، كانی پێوەندی نهێنی لەگەڵ كوڕێكی دراوسێیان دادەنێت، ئەو پێوەندییە بۆ ماوەی دوو ساڵ بەردەوام دەبێت، ئەو باسی ئەو پێوەندییە دەكات و ئاماژە بەوە دەكات، هەموو شتێك لەنێوان من و هەڵمەتدا ڕووی دا، هەركاتێك دەرفەتێك دروست دەبوو من ئەوم دەهێنایە ژوورەكەی خۆم، من لەنهۆمی سەرەوە بووم و ئاسان بوو هاتنی بۆلام و ئەو هەموو كاتێك لەسەربانەوە دەهات.

ئەو پێوەندییە نهێنییە بەردەوام دەبیت تا ئەو ڕۆژەی شوبرای كانی بەسەریاندا دەچێت لە ژووی نووستنی براكەی و بە ڕووتی براژنەكەی لەگەڵ پیاوێكی تردا دەبینێت.

كانی باسی ڕووداوەكانی ئەو ڕۆژە دەكات و دەڵێت، وەك چەند جارێكی پێشوو، ڕۆژێك كە ماڵەكە كەسی لێ نەما ئەو هاتە لام و بەیەكەوەبووین، لەناكاو شوبراكەم خۆی كرد بە ژووردا، ئەو شوبرایەم بەهۆی پیشەكەیەوە هەمیشە دەمانچەی پێ بوو، هەر ئەوكات فیشەكێكی بە ئاڕاستەی من وەشاند بۆ ئەوەی بمكوژێت، بەڵام بەرم نەكەوت، هەڵمەت ئەوەی گرت من ڕام كرد، بەڵام ئەو هەر لەوێ هەڵمەتی كوشت و گیانی دەرچوو، من هانام بۆ دراوسێكانم برد، ئەوانیش منیان بردە لای پۆلیس و پۆلیسیش منی هێنا بۆ شەڵتەر.

كانی ئاماژە بەوە دەكات، ماڵی خەزووری و مێردەكەش هیچ سكاڵایەكیان لەسەر تۆمار نەكردووە و تەنانەت مێردەكەی چەندین جار دوای گەڕانەوەی كردووە، بەڵام دایكی ئەوەی لە پلانەكەیان ئاگەدار كردووەتەوە كە دەیانەوێت بیگەڕێننەوە ماڵەوە و بیكوژن، هەر بۆیە تا ئێستە كانی لە شەڵتەر ماوەتەوە و لە ماوەی ئەو دوو ساڵەشدا بۆ یەك جاریش كورەكەی نەبینیوە كە ئێستە تەمەنی دەبێتە چوار ساڵ، شوبراكەشی بە سزای یاسایی خۆی گەیشتووە و ئێستە لە بەندینخانەیە. 

هەولێر/ ئیڤان عەبدورەحمان 
  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل