بردنەوەی ترامپ بووەتە هۆی پڕفرۆشیی ئەم دوو كتێبە

:: PM:02:41:10/11/2016 ‌

بردنەوەی دۆناڵد ترامپ كاندیدی پارتی كۆمارییەكان لە هەڵبژاردنەكەی رۆژی سێشەمی رابردوو و بوونی بە سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا، رۆڵێكی بەرچاوی هەبووە لە دروستبوونی خواست و پڕفرۆشیی دوو كتێب، كە هەردووكیان هی ئەو ملیاردێرەی بواری خانووبەرە خۆیەتی و لە رابردوودا چاپ و بڵاوی كردوونەتەوە.

كتێبی یەكەمی ترامپ بە ناوی "The art of the deal"ە واتە هونەری دەستەوارە و سەفەقە، كە لە ساڵانی هەشتاكانی سەدەی رابردوو بڵاوی كردووەتەوە و ئەو كات پێشوازی باشی لێ كراوە، بەڵام بردنەوەكەی ئێستە دووبارە بووەتە هۆی پڕفرۆشیی ئەو كتێبە، بەشێوەیەك لە پێگەی ئەمازۆنی فرۆشتنی كتێب بە شێوەی ئۆنڵاین، پێشتر ئەو كتێبە لە ریزبەندی هەزار و 107ەمدا بووە، كەچی ئێستە دوای بردنەوەی نووسەرەكەی لە لیستەكەدا هاتووەتە پێش و ریزبەندی 24ەمی گرتووە.

جگە لەو كتێبە، دوای بوونی بە سەرۆك، ترامپ ئاستی فرۆشی كتێبەكەی تریشی بەرز بووەتەوە، كە ئەم كتێبەیان تایبەت بوو بە هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنەكەی و ناونیشانەكەی بریتی بوو لە "Great again" كە بە واتای "بەهێزكردنەوە" دێت، كە ئەمەشیان پێشتر لە ریزبەندی پێنج هەزار و 340ەم بوو و ئێستە هاتووەتە سەد و 72ەم لە لیستی فرۆشی سایتەكەدا.

سەرچاوە: سكای نیوز.


وشە - ئه‌ همه‌د كه‌یفی