بازاڕی زێڕ ئاسایی بووەوە

:: PM:03:01:10/11/2016 ‌

دوێنێ چوارشەم  پێش راگەیاندنی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن لە ئەمەریكا زێڕ بە رێژەیەكی بەرچاو بەرز بووەوە.دوای وتارەكەی ترامپ نرخی زێڕیش دابەزی و لەمڕۆ سەرلەبەیانیشەوە سەرەڕای ئەوەی كە ئاراستەكەی بەرەو بەرزبوونەوەیە، بەڵام نرخەكەی جێگیرە.

 بازاڕی زێڕ ئەوە پیشان دەدات كە هێشتا بازاڕەكانی دنیا نیگەرانن لە گۆڕانكارییەكان و وەبەرهێنەران بە ترسەوە كاڵاكان دەكڕن و زێڕیش كاڵایەكە كڕینەكەی پێویستی بە هیچ ترسێك نییە.

دوێنێ نرخی زێڕ لە بازاڕەكانی جیهانی گەیشتە بەرزترین ئاستی لەماوەی شەش هەفتەی رابردوو و ٥٠ دۆلار بۆ هەر ئۆنسێك هەڵكشا. رێك دوای راگەیاندنی سەركەوتنی ترامپ و وتارەكەی كە تیایدا پێداگری لە پەرەپێدانی ئابووری و پاراستنی بەرژەوەندی هابەشی ئەمریكا لەگەڵ وڵاتانی دنیادا كرد، نرخەكەی دابەزی.

ئێستە هەر ئۆنسێكی زێڕ لە بازاڕەكانی جیهانی بە هەزار و ٢٨٠ دۆلار دەفرۆشرێت. زیڕ بە یەكێك لە گرنگترین كاڵاكانی دنیا هەژمار دەكرێت كە لە كاتی ئاڵۆزبوونی بازاڕ و هەر جۆرە نائارامییەك نرخەكەی بەرز دەبێتەوە. 

شتێكی تر لە بازاڕی جیهانی كە كاریگەریی لەسەر نرخەكان هەیە ئاستی داخوازی و خستنەڕووە و لەبەر ئەوەی زۆرترین داواكاری لە ئاستی دنیادا بۆ كڕینی زێڕ دێتە كایەوە، نرخەكەشی بەرز دەبێتەوە.

سەرەتای ئەمساڵ نرخی هەر ئۆنسێك زیڕ تا نزیكەی هەزار و ٤٠ دۆلار دابەزی، بەڵام دواتر رووی لە بەرزبوونەوە كرد و زیاتر لە پێنج مانگ دەبێت نرخەكەی لە سەرووی هەزار و ٢٤٠ دۆلار بۆ هەر ئۆنسێك فرۆشراوە. هەر ئۆنسێكی زێڕ بریتییە لە ٣١.١ گرام و هەر مسقاڵێك زێڕیش ٤.٦٠٨ گرامە.

سەرچاوە/dailyfx


وشە - سلێمان تاشان