هونه‌رمه‌ندانى كورد له ده‌ره‌وه‌ى وڵات له درێژه‌ى خه‌باته هونه‌رییه‌كانیان، به‌رده‌وامن بۆ ناساندنى كولتوورى گهڵهكهیان به وڵاتانى جیهان، ئێسته باكۆ سۆرانى ده‌رهێنه‌ر و نووسه‌رى كورد كارى بۆ به‌رهه‌مێكى نوێ كردووه بۆ ناساندنى كولتوورى كوردى و له وڵاتى هۆڵه‌ندا نمایشى ده‌كات.
ئه‌مڕۆ 1ى تشرینى دووه‌م ڕۆژى چوارشه‌م، نووسه‌ر و ده‌رهێنه‌رى ناسراوى كورد و جیهانى باكۆ سۆرانى، سه‌رپه‌رشتیارى گرووپی شانۆی بێ‌سنوور، ده‌رباره‌ى نوێترین به‌رهه‌میان له هۆڵه‌نداوه به "وشه"ى ڕاگه‌یاند: "كاركردن بۆ شه‌وێكى تایبه‌ت به كولتوورى كوردى ڕۆژهه‌ڵاتى كه میوزیكى كوردى و ڕۆژهه‌ڵاتى له خۆگرتووه، نوێترین به‌رهه‌مى هونه‌ری گرووپه‌كه‌مان گرووپی شانۆى بێسنووره و ئامانجمان ناساندنى كولتوورى كوردییه به جیهان و سه‌ره‌تا له وڵاتى هۆڵه‌ندا نمایشى ده‌كه‌ین".
زیاتر گوتى: "حه‌قیقه‌ته‌كانى ئه‌ودیو"، له نووسین و ده‌رهێنانى منه و ناوى ئه‌و به‌رهه‌مه‌یه و چیڕۆكهكهى باس له ئێسته‌ى كوردستان و جیهان ده‌كات كه زۆرجار به شێوه‌یه‌كى ناته‌ندروست مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ڕاستییه‌كاندا ده‌كرێـت، زۆر جار ڕاستییه‌كان سه‌رده‌كه‌وێت و ناشاردرێته‌وه، له‌و شه‌وه‌دا ساتێك بۆ جیهانى میوزیكى پاكى كوردى ته‌رخان ده‌كه‌ین و كۆمه‌ڵێك میلۆدى كوردى و ڕۆژهه‌ڵاتى، كه له‌لایه‌ن میوزیكژهنانى كورد حهمهبهكر و ئاراس ئاماده كراون و شانبه‌شانى نمایشه شانۆییه‌كه نمایش ده‌كرێت ".
شایه‌نى باسه گرووپی شانۆى بێ‌سنوور له ده‌ره‌وه‌ى وڵات كاره هونه‌رییه‌كانى ده‌كات و هونه‌رمه‌ندانى كورد و بیانى له‌خۆ گرتووه و زیاتر كاره‌كانى گرنگیدان به كولتوورى كوردى به زمانى كوردى و بیانى نماشهكانیان پێشكه‌ش ده‌كه‌ن و میوزیكى كوردیش له به‌رهه‌مه‌كانیان به‌كاردێنن له وڵاتانى جیاواز.
هه‌ولێر/ شاخه‌وان شێخانى