ژنێكی تەمەن ٣٠ ساڵ دوای ئەوەی لەلایەن خۆشەویستەكەیەوە هەڵدەخەڵەتێنرێت، بەناوی خۆشەویستی و هاوسەرگیرییەوە ماوەی دووساڵ پێوەندی لەنێوانیان دەبێت و هەموو شتێك لەنێوانیاندا ڕوو دەدات، كاتێك ئەو پێوەندییە ئاشكرا دەبێت، كوڕەكە ناچێتە داوای و دەردەكەوێت كە خاوەن ژن و منداڵە، ئێستە ئەو ژنە لە شەڵتەرە و ئەو پیاوەش بە كەفالەت ئازاد كراوە.
ئەو ژنە داوای كرد كە ناوی بە (نیشتیمان) بنووسرێت، دەڵێت ماوەی دوو ساڵ و چەند مانگێكە لە شەڵتەر دەژیت، چاوەڕوانی ئەوە دەكات، ئەو پیاوەی دوو ساڵ بە ویستی خۆیی بۆ ئارەزووەكان و پێداویستییەكانی بەكاری هێناوە، بەو سزای خۆی بگات، (نیشتیمان) چیڕۆكی ژیانی بۆ "وشە" باس دەكات و دەڵێت، ئەو كوڕەی هیوای ژیانێكی نوێم پێی هەبوو سەرشۆڕی كردم و وای كرد بكەومە شەڵتەر و ماڵی باوكیشم حاشام لێ بكەن.
تەمەنم ٢٤ ساڵ بوو بە ویست و ڕەزامەندی ماڵەوە هاوسەرگیریم كرد، هاوسەرەكەم زۆر خراپ بوو، هەر لەسەرەتاوە ژیانێكی زۆر ناخۆشمان هەبوو، مێردەكەم هەموو شەوێ بە سەرخۆشی دەهاتەوە و هەرجارەو بە بیانوویەكەوە پێوەی دەگرتم و لێی دەدام، دوای چەند جار تۆران و قسەكردن لەگەڵ ماڵی باوكی هیچ سوودی نەبوو، دوای دوو ساڵ لەو جۆرە ژیانە براكانم كۆتاییان بە هاوسەرگیرییەكە هێنا و تەڵاقم لەو پیاوە وەرگرت و چوومەوە ماڵی باوكم.
باسی ژیانی دەكات دوای تەڵاقدانی لە ماڵی باوكی و دەڵێت، لە ماڵی باوكم ژیانم ئاسایی بوو، بێگومان وەك كچێنیم نەبوو، چونكە كە بووی بە بێوەژن هەموو جوڵە و قسە و پێكەنین بە دەنگی بەرزت لەسەر حیسابە و بەداخەوە لە كۆمەڵگەی ئێمەدا بێوەژن وەك ئاگر دەبینرێت و زۆر كەم ڕوو دەدات كچێك و بێوەژنێك لە ماڵێكدا وەك یەك بن، زۆر ئاگەداری خۆم بووم، بەڵام هەمیشە چاوم لە دەرگەیەك بوو كە بە ڕوومدا بكرێتەوە.
دوای چەند ساڵێك نیشتیمان كوڕێك دەناسێت بەناوی (ئاری) و پێوەندی لەگەڵدا دادەنێت، ماوەی دوو ساڵ پَیوەندیان دەبیت، لەو ماوەیەدا چەند جارێك ئاری بەڵێنی هاوسەرگیری پێی داوە، پێی گوتووە لەبەر بارودۆخی خێزانیان لە ماڵەوە دەبێت چەند مانگێك چاوەڕێ بكەن، بەڵام ئەو چەند مانگە دەبێت بە دوو ساڵ و هاوسەرگیرییەكەش ڕوونادات.
نیشتیمان ئاماژە بەوە دەكات، كە هەموو شتێك لەنێوان ئەواندا ڕووی داوە و پێوەندییەكەیان لە تەلەفۆن و بینینی ئاسایی تێپەڕیووە، ئاماژە بەوەش دەكات، ماوەی زیاتر لە ساڵێك هاتوچۆی شوقەیەكیان كردووە كە ئاری گوتویەتی شوقەی هاوڕێیەكیەتی، ئەو دەڵێت هەمیشە لە ڕێگەی ماڵی خوشكەكەی و چوون بۆ بازاڕ و چەند بیانوویەكی ترەوە لە ماڵ هاتووەتە دەرەوە و چووەتە لای ئاری.
ئەو نایشارێتەوە كە هیچكات بەزۆر نەچووە لەگەڵیدا، بەڵكو بە ئارەزووی خۆی چووە، بەڵام هیوای بەوە هەبووە كە ئاری بەڵێنی هاوسەرگیری پێ داوە و بەڵێنەكەی دەباتە سەر. ناشی شارێتەوە كە چەندین جار پارەی بە ئاری داوە بۆئەوەی بتوانێت بچیتە داوای و كاروباری مارەكردنی پێ بەڕێ بكات.
ئەو بارودۆخە ئاوا بەردەوام دەبێت، تا ئەو كاتەی كە ماڵی نیشتیمان بەو پێوەندییە دەزانن و داوا دەكەن ئاری بێتە داوای، بەڵام ئاری ڕەتی دەكاتەوە و پێیان دەڵێت كە ژن و منداڵی هەیە و كچی ئەوان وازی لێ نەهێناوە، بۆیە ماڵی باوكی حاشا لە نیشتیمان دەكەن و ئەویش دەكەوێتە داڵدەی ئافرەتان (شیڵتەر)، دوای ئەوەی دەچێتە شەڵتەر داوا لەسەر ئاری تۆمار دەكات و ئارئ دەگیرێت، بەڵام بە كەفالەت ئازاد دەكرێت.
پارێزەر (هێرش فەیسەڵ) سەبارەت بەو كەیسە بۆ "وشە" گوتی، بەپێی یاسای سزادانی عێراقی ژمارە (١١١) ساڵی (١٩٦٩) هەمواركراوەتەوە یاسا تایبەتەكانی، بەپێی یاسای ژمارە (٦) سالێ (٢٠١٠) چەند مادەیەكی بەسەردا جێبەجێ دەكرێت. مادەی (٤٤٠) سزا دەدرێت بە بەندكردن، بە مەرجێك ماوەكەی لە شەش مانگ زیاتر نەبێت، یان پێبژاردنی پێ دەكرێت. ئەم سزایە لەو كاتەدایە كە دوو كەسەكە بەبێ هیچ پاڵەپەستۆ لێكردنێك ئەو كارەیان ئەنجام داوە، بەڵام ئەگەر بێت و لایەنێك بەزۆر ئەوكارە بەلایەنێكی تر بكات، ئەوكات سزاكەی دەگۆڕێت.
هەولێر/ ئیڤان عەبدورەحمان