هەفتەی داهاتوو باران دەبارێت

:: PM:03:50:10/11/2016 ‌

بەهۆی كاریگەریی نزمە پاڵەپەستۆیەكی دەریای ناوەڕاست، كۆتای هەفتەی داهاتوو شەپۆلێكی باران هەرێمی كوردستان دەگرێتەوە .

دەزگەی كەشناسی جیهانی لە بڵاوكراوەی مانگانەی خۆی ڕای دەگەیەنێت كە هەفتەی داهاتوو لە ڕۆژی چوارشەمەوە شەپۆلێكی باران  هەرێمی كوردستان دەگرێتەوە، كە سێ رۆژ بەردەوام دەبێت و  پلەكانی گەرماش نزم دبنەوە.

دەزگەی كەشناسی ڕوونی كردووەتەوە كە شەپۆڵەكە لە رۆژی یەكەمدا هەورە برووسكەشی لەگەڵ دەبێت و پلەی گەرمیش دادەبەزێت بۆ ١٧ پلەی سیلیزی و شەوانەش تا پێنج پلە سەرووی سفر نزم دەبێتەوە.

بەگوتەی دەزگاكە هەفتەی دواتریش شەپۆلێكی تری باران لەهەمان ڕۆژدا هەرێمی كوردستان دەگرێتەوە و پلەكانی گەرمیش زیاتر نزم دەبنەوە.

پێویستە بگوترێت ئەمساڵ بە پێچەوانەی ساڵی رابردوو كە زووتر باران لە كوردستان دەستی پێ كرد، بارینی باران دوا كەوتووە و ئەو شەپۆلەش كە هەفتەی رابرودوو كوردستانی گرتەوە بڕە بارانێكی زۆری لێ نەكەوتەوە.

بارین لە وەرزی پایزدا جگە لە بەرزكردنەوەی ئاستی سامانی ئاوی كوردستان، بۆ مەبەستی كشتوكاڵ و ئامادەكردنی زەویش بۆ چاندن بەسوودە.

وشە / رامیار جەواد 




وشە - سلێمان تاشان