ئاوارەكانی مووسڵ دووكەڵی ئازادی هەڵدەمژن

:: PM:04:06:10/11/2016 ‌

هەر ئەوەندەی بە سەنگەرەكانی پێشمەرگە گەیشتن، ئیتر ئەو خەڵكانەی دوو ساڵ لەژێر دەستی داعش مانەوە، رەفتار و هەڵسوكەوتی سەیر دەنوێنن، هەندێك پێدەكەنن، هەندێك دەگرین، باوەش بە یەكدا دەكەن، دەست بۆ ئاسمان بەرز دەكەنەوە، ژنان نیقابەكانیان فڕێ‌ دەدەن و پیاوان هوتاف دەكێشن و سوپاسی پێشمەرگە دەكەن.

كەمپی خازر لە باشووری هەولێر، بووەتە هەواری هەزاران ئاوارەی مووسڵ و دەوروبەری، ئەوان پاش ئەوەی لە دەست داعش دەرباز بوون، لێرە لەو كەمپەدا نیشتەجێ‌ بوون. ئاوارەكان كاتێك دەگەنە ئێرە، وەك ئەوەیە لە دوای مردن زیندوو بووبنەوە، ئاوارە نوێیەكان بە خێرایی چاو بەناو ئاپۆرای ئەو خەڵكەدا دەگێڕن كە پێشتر ئاوارە بوون، چاوەكان بەدوای خزم و كەسوكارەوەن، دیمەنی باوكێك كاتێك دوو لە كچەكانی دەدۆزێتەوە، وەك ئەوەیە تازە لە مردندا گەڕابێتەوە، هەمووان دەگرین و پێدەكەنن.

لەگەڵ كردنەوەی دەرگەی كەمپەكە، خێزانێكی ئاوارە خۆیان دەكەنە ژوورەوە، دایك و باوكێك و چوار منداڵ، باوكەكە بە پرتاو خۆی دەگەیەنێتە لای یەكێك لە پاسەوانانی كەمپەكە، سیخار سیخار، داوای جگەرە دەكات. پاسەوانەكە جگەرەكێش نییە، بەدەست ئاماژە بۆ جگەرەفرۆشێك دەكات.

عەبدولڕەحیم زوبەیعی سەفار، هاوڕێكانی بە باوكی عەلا بانگی دەكەن، بە پاكەتێك جگەرەوە دەگەڕێتەوە لای ئەندامانی خێزانەكەی كە لە بەشێكی كەمپەدا چاوەڕوانی دابینكردنی جێگەیەك دەكەن.

سەفار بە قووڵی دووكەڵی جگەرەكەی هەڵدەكێشێت، بانگی منداڵە بچووكەكانی دەكات، یەك یەك جگەرەیان بۆ دادەگیرسێنێت، منداڵەكان بچووكن و نازانن جگەرە چییە و چۆن دەكێشرێت، بەڵام هاوشێوەی باوكیان بە لێویانەوە دەگرن.

باوكی عەلا دەڵێ‌، "دوایین جگەرەم پێش ساڵێك و سێ‌ مانگ كێشا، چەكدارانی داعش هاتن و قەدەغەیان كرد، لە داخی ئەوان دەبێت منداڵەكانیش جگەرە بكێشن".



هەڵسوكەوتەكەی باوكی عەلا، یەكێك لەو هەڵسوكەوتە نامۆیانەیە كە زۆرێك لە ئاوارەكان پاش گەیشتن بە سەنگەرەكانی پێشمەرگە و دووركەوتنەوە لە سێبەری داعش، دەینوێنن.

سەفار دەڵێ‌، "چەكدارانی داعش خۆیان جگەرەیان دەكێشا، مەشرووبیان دەخواردەوە، ئەگەر ئەمیرەكەیان دیار نەبووایە، بە پارەش بە خەڵكیان دەفرۆشتەوە، هەر جگەرەیەكیان بە پێنج هەزار دینار دەفرۆشت یان لە بەرامبەردا كەلوپەلی ماڵەكانیان وەردەگرت".

لێرە ئەو ئاوارانەی جگەرەكێشن، دەگەنە هەر كەسێك داوای جگەرەی لێ‌ دەكەن، بە تامەزرۆیییەوە دووكەڵی ئازادی هەڵدەمژن.

خێزانەكەی عەبدولڕەحیم سەفار لە كچێكی 10 ساڵان، سێ‌ كوڕی نۆ ساڵ، حەوت ساڵ و چوار ساڵ پێكهاتووە. سافیەی هاوسەری لەگەڵ گەیشتن بە كەمپەكە، نیقابەكەی فڕێ‌ دەدات، دەست بە رووخساریدا دێنێت كە رەنگە ماوەیەكی زۆر زۆر بێت تیشكی خۆری بەرنەكەوتبێت.

سافیە دەڵێ‌، "ئەگەر نیقابمان نەبەستایە، قامچیان لە هاوسەرەكەم دەدا، تەنانەت كچە منداڵەكەمان ناچار كرا بوو نیقاب ببەستێت".

ئەو دەڵێ‌، "رۆژێك رەحیمی هاوسەرم لە دەرگەی دا، من لە ژوورەوە نیقابم نەبەستبوو، هەروا چووم دەرگەكەم كردەوە، بەرێكەوت چەند چەكدارێكی داعش منیان بینی، هاتنە سەرمان، 80 قامچی و 100 هەزار دینار سزا دراین، هەشت رۆژیش هاوسەرەكەم لە دروستكردنی ساتری كۆڵانەكانی مووسڵ كاری زۆرەملێی پێ‌ كرا".



باوكی عەلا، لەگەڵ گێڕانەوەی رووداوەكە زوو زوو قسەكانی هاوسەرەكەی دەبڕێت، چەند وشەیەك دەردەبڕێت، سوپاسی خوا و پێشمەرگە و سوپا دەكات، دەڵێ‌ سەعاتێك زووتر دەربازبیت تەمەنێكت بۆ گەڕاوەتەوە.

ئاوارەكان پێش ئەوەی بە زمان ستەمی داعش بگێڕنەوە، بە رووخساری ماندوویاندا هەموو شت دەڵێن، ئێستە كە ئۆپەراسیۆنی ئازادكردنی مووسڵ دەستی پێكردووە، هەزاران ئاوارەی تر روویان لە ناوچەكانی ژێر دەستی پێشمەرگە كردووە، خۆشبەخترینەكان ئەوانەن رۆژێك زووتر یان بە گوزارشتەكەی باوكی عەلا، سەعاتێك زووتر دەرباز دەبن.


وشە - رامیار جەواد