چی لە پشتی پەردەی سەردانی پوتینە بۆ تاران؟

:: PM:01:30:02/11/2017 ‌

ڤلادیمێر پوتین سەرۆكی رووسیا لە تارانە و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە لە گفتوگۆ و دانوستاندایە. كۆمەڵێك پرسی گرنگ لە نێوان ئێران و رووسیا تاوتوێ دەكرێن كە رەنگە لە گۆڕانكارییەكانی سووریا و عێراق كاریگەرییان هەبێت و بەشێك لەو بابەتانەش پێشگرتنە بە هەژموونی ئەمەریكا لە ناوچەكە.

ئەو لە دوێنێوە چووەتە ئێران و مەبەستی سەردانەكەش بەشداریكردنە لە كۆبوونەوەی سێقۆڵیی وڵاتانی ئێران و رووسیا و ئازەربایجان. ئەو هەر كە گەیشتە تاران، لەگەڵ هەریەك لە حەسەن رووحانی سەرۆك كۆماری ئێران، عەلی خامنەیی رێبەری كۆماری ئیسلامیی ئێران كۆ بووەوە.

 بە گوێرەی "یورونیوز"سەردانەكەی پوتین بۆ تاران زۆر لەوە زانیارییانە زیاترە بە فەرمی لە میدیاكانی ئێران و رووسیا باس دەكرێت، بەڵكو كۆمەڵێك نهێنی و پرسی سیاسی لە نێوان ئەو دوو وڵاتەدا تاوتوێ دەكرێت و گرنگترین بابەتیش پرسەكانی ئەم دواییەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە.

یەكەم پرس كە ئێران و رووسیا هەوڵ دەدەن دانوستانی لەبارەوە بكەن، پرسی سیاسیی سووریایە. سەركەوتنە بەردەوامەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش بووەتە هۆی شكستێكی گەورە لەو رێكخراوە تیرۆریستییە. رەقە كە بە پایتەختی داعش هەژمار دەكرا بە تەواوی رزگار كرا و ئێستە جەنگی دژی داعش لە دیرەزوور درێژەی هەیە و پێشبینی دەكرێت بەم زووانە ئەو ناوچەیەش رزگار بكرێت و كۆتا بە داعش لە سووریا بهێنرێت.

كۆمەڵێك گرووپ كە لە ژێر فەرمانی ئێران، رووسیا، ئەمەریكا و توركیا و وڵاتانی كەنداو كار دەكەن، پێشتر هەموو وزەكانی خۆیان بۆ یەك ئامانج بە كار دەهێنا كە بریتی بوو لە لەناوبردنی داعش. هەڵبەت ئەو ئامانجەی كە هەموویان بە ئاشكرا كاریان بۆی دەكرد، ئەگەرچی هەندێك گرووپ تەنانەت رۆڵیان هەبوو لە بەهێزكردنی داعش، لە كاتێكدا بە دروشمی لەناوبردنی داعش كاری دەكرد. لەو گرووپانەش گرووپەكانی سەر بە ئێرانە كە ئەوەندەی هەوڵیان دا پارێزگاری لە بەشار ئەسەد بكەن، هەوڵی ئەوەیان نەدا دژی داعش بجەنگن. تەنانەت سوپای سووریاش لە چەند ساڵی رابردوودا ئەوەندەی دژی ئۆپۆزسیۆن جەنگاوە لە دژی داعش نەجەنگاوە.

ئەو هێزانەی لە سووریا رۆڵیان هەیە لە دوای داعش دەست بە دابەشكردنی دەستكەوتەكانیان دەكرێت، ئەوان پێشتر هەوڵیان داوە دژی یەكتر جەنگ نەكەن، بەڵام كاتێك شتێك بەناوی داعش نەبێت پێ دەچێت ئەگەری رووبەڕووبوونەوەی ئەو هێزانەش زیاتر ببێت و یەكێك لە گرنگترین هۆكارەكانی سەردانەكەی پوتین بۆ تاران پێوەندی بەو پرسەوە هەیە. ئەو دەیەوێت بە یارمەتی ئێران وەك چۆن لە رابردوودا هاوئاهەنگی پتەویان هەبووە لە جەنگەكان لەدوای داعشیش بۆ دابەشكردنی دەستكەوتەكان هاوئاهەنگییان هەبێت.

ئەوەی تاوتوێ دەكرێت تەنیا پرسی سیاسی و سەربازی نییە، بەڵكو پرسی ئابووری و ئاوەدانكردنەوەی سووریاش تاوتوێ دەكرێت و ئێران و رووسیا دەیانەوێت زۆرترین پشكیان لە بەرژەوەندییەكانی ئاوەدانكردنەوە بەربكەوێت.

 یەكێكی تر لەو بابەتانەی ئێران و رووسیا لە گفتوگۆكانیاندا تاوتوێیان كردووە، پرسی ئایندەی بەشار ئەسەدە و دەیانەوێت لەوە بكۆڵنەوە چ رۆڵێك لە هاوكێشەكانی داهاتوودا بەو كابرایە بسپێرن.

رووسیا كە لەدوای رووخانی یەكێتیی سۆڤیەت وەك وڵاتێكی لاواز دەركەوتبوو، خەریكە دەبێتەوە وڵاتێكی زۆر بەهێز و لە چەند ساڵی رابردوودا رۆڵی ئەو وڵاتە لە هاوكێشە نێودەوڵەتییەكاندا دیار و بەرچاو بووە. پێ دەچێت ئێران رۆڵێكی گرنگی هەبێت لەوەی رووسیا لەو هاوكێشانەدا باشتر خۆی دەربخات و هەر ئەوەش هۆكاری نزیكبوونەوەی نێوان رووسیا و ئێرانە.

لە رووی جیۆپۆلیتیكەوە ئێران لە وڵاتانی تری ناوچەكە پێگەیەكی بەهێزتری هەیە، ژمارەی دانیشتووانی ئێران بە تەنیا لە ژمارەی دانیشتووانی سەرجەم وڵاتانی كەنداو زیاترە و تەواوی كەنارە ئاوییەكانی باكووری كەنداو و دەریای عومان لە دەستی ئێراندایە. هەروەها گەرووی هورمز بە یەكێك لە گرنگترین رێگەكانی گواستنەوەی نەوت هەژمار دەكرێت كە لە نزیك ئێرانە.

 لە لایەكی ترەوە ئێران هەژموونێكی زۆری بەسەر عێراق و سووریادا هەیە و ئەگەر رووسیا و ئێران لە تەنیشت یەكتر بمێننەوە، ئەوا دەبێتە هۆی بەهێزبوونی پێگەی زیاتری هەردوو وڵات لە ناوچەكە. ئەگەر ئێران و رووسیا رێككەوتن بكەن، ئەوا ئێران بەرامبەر بە هەڕەشەكانی ئەمەریكاش پارێزراو دەبێت. ئەمەریكا دەیەوێت پێش بە فراوانخوازییەكانی ئێران بگرێت و ئێرانیش بەرامبەر بە ئەمەریكا ناچارە هاوپەیمانیەتی قووڵتر لەگەڵ رووسیا دروست بكات.

رووسیا لە ئەنجوومەنی هەمیشەیی ئاسایشی نێودەوڵەتی مافی ڤێتۆی هەیە و لەوكاتەشدا ئەگەر ئەمەریكا و وڵاتانی تریش بیانەوێت بەرامبەر بە ئێران بڕیار و سزای قورس دەربكەن، ئەوا رووسیا دەتوانێت بە بەكاربردنی ئەو مافە پارێزگاری لە ئێران بكات.





وشە - سلێمان تاشان