میسال ئالووسی: بارزانی وەك سەركردەیەك لە كوردستان و عێراق دەمێنێتەوە

:: PM:02:06:03/11/2017 ‌


میسال ئالووسی پەرلەمانتاری لیبراڵی عێراق تیشك دەخاتە سەر دۆخی عێراق و ئەو جەنگە مەزەوییەی لە بەرامبەر كورد بەرپاكراوە، ئەو هۆكارەكانی لێك دەداتەوە و بۆ "وشە" دەڵێت، یەكێك لە هۆكارەكانی پەنابردنی بارزانی بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم، نەبوونی حكوومەتێكی نیشتمانییە لە بەغدا، بۆیە پرۆسەی سیاسی لە عێراق شكستی هێناوە و دەوڵەتی عێراق بووەتە دەوڵەتێكی شكستخواردوو.

*ئەنجامەكانی جەنگی مەزەوی لە عێراق چی دەبن؟
گومانی تیادا نییە كە وڵاتانی ئاینی لە ناوچەكەدا لە پشتەوەی ئەو حزبە مەزەوییانەن، راستییەكەی ئێران هەوڵی ناردنەدەرەوەی شۆڕشی ئێرانی بەمەبەستی سەپاندنی باڵادەستی ئیمپراتۆریی نوێی ئیسلامی ئێران دەدات، ئەوەش ناكۆكە لەگەڵ وڵاتانی تر كە خاوەنی مۆركی ئاینی جیاوان، بۆیە سەتان و هەزاران ساڵە ململانێ لە نێوان دەوڵەتی كۆنی فارسی ئێرانی و ناوچەكەدا هەیە.
ئەو جەنگەی لە عێراق هەیە بە فەرمان و گوتارێكی ڕوونی ئێران بووە، ئێستە ئێران بە ئاشكرا لە عێراق بە جەستەی عێراقییەكان لە دژی مەترسییەكانی ئەمەریكا بۆ سەر خۆی و لە پێناو فرەوانخوازی سەپاندنی دەسەڵاتی خۆی دەجەنگێت.

*ئێران لە رێی ئەجێنداكانی دەست لە عێراق وەردەدات، ئاخۆ ئێران چی لە عێراق دەوێت؟
بەهۆی فرەوانخوازی ئێرانەوە، نەجەف رۆڵی كەم بووەتەوە و ئێستە لە نەهامەتیدایە و پارتە ئیسلامییەكان لە عێراق بوونەتە ئامراز و ئەوان تۆمەتبارن، پێشتر پارتی خەباتگێڕ و رەسەن بوون، ئێستەش بەوەی سەر بە ئێرانن تۆمەتبار دەكرێن.
ئێران ئەوەی دەیەوێت توندڕۆیی و فرەوانخوازی و دەمارگیرییە و ئەوەش هەمان شتە كە هیتلەر و مۆسۆلینی و سەدام و هەموو سیستەمەكانی بەدەر لە لۆجیك تێی كەوتوون، ئێران دەوڵەتێكی شەڕخوازە و دەوڵەتێكی پاڵپشتە بۆ تیرۆر و هۆكاری كوشتنی زۆر كەسە.

*ئاخۆ زاڵبوونی عەقڵیەتی مەزەوی لە عێراق پاڵنەر نەبوو بۆ كورد بۆ هەوڵی جیابوونەوە؟
ئەو كاتەی بارزانی رای گەیاند كە یەكێك لە هۆكارەكانی پەنابردنی بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم نەبوونی حكوومەتێكی نیشتمانییە لە بەغدا و بوونی حكوومەتێكی مەزەوی و توندڕۆ و پرۆسەی سیاسی لە عێراق شكستی هێناوە و دەوڵەتی عێراق بووەتە دەوڵەتێكی شكستخواردوو، زۆر رەخنەیان لێی گرت، بۆیە با ئەو پرسیارە لە خۆمان بكەین، ئاخۆ ئەو هۆكارانە تا چەند لۆجیكی و واقیعین؟.
حەشدی شەعبی ئەگەر لە دژی داعش بجەنگن، ئەوە كارێكی پیرۆزە، بەڵام بەكارهێنانی ئەو هێزە لە دژی هاووڵاتییانی عێراقی و ئێران لای خۆیەوە رای بگەیەنێت كە ئەوان ئامانجەكانی ئێرانیان جێبەجێ كردووە، هەروەها ڕاگەیاندنەكان باسی ئەوە دەكەن كە قاسم سلێمانی سەرپەرشتی كردە سەربازییەكانی كردووە، ئەوەیە بەڵگەی یەكلاكەرەوە لەسەر نەبوونی دەوڵەت و فەشەلهێنانی پڕۆژەی سیاسی لە عێراق. 
بۆیە شەرمەزارییە كە گوێبیستی ئەوە دەبین سوپای عێراق و حەشدی شەعبی تۆپ و مووشەك و تانكەكانیان لە دژی هاووڵاتییانی بەكار دێنن، دواتر سووربوونێكی ئاشكرا لەلایەن فەرمانڕەوا لە بەغدا هەیە بۆ ئەنجامدانی جەنگ كە خوێنی تیادا دەڕژێت، تەنیا لەبەر ئەوەی ئەو جەنگە سوودی سیاسیی بۆیان دەبێت.

*هەڵوێست و قسەكانی دوایی سەرۆك بارزانی لەبارەی دۆخی هەرێم چۆن دەخوێننەوە؟
ئەوانەی رابەرایەتی شۆڕشی كوردیان كردووە بە كردەنی دوو كەسایەتین، مام جەلال و كاك مەسعوودن، مام جەلال كۆچی دوایی كرد و ئەوەی ماوە بارزانییە، من رووی پرسیار دەكەمە هەموو كوردێك، ئاخۆ ئەوان پێشبینی چی دەكەن ئەگەر بارزانی لە دەست بدەن؟، وەڵامەكەی ئەوەیە كە ئەگەر لە دەستی بدەن ئەوان زۆر دەگرین، چونكە زیانەكەیان لە دوای لەدەستدانی ئەو ناوەستێت، من بەرگری لە حكوومەتی هەرێم ناكەم كە هەڵەی زۆری كردووە، بەڵام داوا لە كورد دەكەم نەبنە ئامرازی دەستی ئێران و توركیا یان فەرمانڕەوایەكی شكستخواردوو لە بەغدا، بۆیە پارێزگاری لە بارزانی و یەكپارچەیی پارتە كوردستانییەكان بكەن و هەوڵی پەرەسەندن و چاكسازی بدەن كە ئەوەیە رێی ئاسایی لە كاری سیاسیدا.
بوونی ناكۆكی لە نێوان بەغدا و هەولێر نیگەرانی نەكردووم، چونكە ئاسایییە ناكۆكی هەبێت و دەیان ساڵە ئەو ناكۆكییە هەیە، بەڵكو ئەوەی ئازارم دەدات ئەو هێرشانەیە كە لە بەغدا و باشووری عێراق و پارێزگا سوننەكان لە دژی كورد هەیە، ئەوان لە مزگەوت و حوسێنییە و راگەیاندنەكان لە دژی كورد هان دەدەن، بۆیە ئەوەی لێی دەترسم ئەوە قسانە بۆ ڕق و كینە بگۆڕێت لە نێوان منداڵەكانمان وەك كورد و عەرەب.

* ڕەتكردنەوەی درێژكردنەوەی پۆستی سەرۆكایەتی لەلایەن بارزانییەوە، چ كاریگەرییەكی دەبێت؟
داوا لە سەرۆك بارزانی دەكەم كە بەرپرسیاریەتی سەر شانی هەڵبگرێت كە بەرپرسیاریەتییەكی مێژوویییە، جا خۆی بیەوێت یان نا، كورد و عەرەب بیانەوێت یان نا، بارزانی سەركردەیەكی نەتەوەیی كوردی نیشتمانییە و خاوەن ئەخلاقێكی بەرزە و ناكرێت ئەو بەرپرسیاریەتی هەڵەی سیاسەتوانانی تری كورد یان هەڵەی قەدەری كورد هەڵبگرێت كە بە دوژمنانی سەرسەخت دەورە دراوە و ئەوان دوورن لە لۆجیك و مافە رەوا و ئاسایییەكانی كاری سیاسی.




 

          



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل