چەند فیلمێكی كوردی دەگەنە سەر كەشتی لە ئەمەریكا

:: PM:03:13:01/10/2016 ‌

هەریەك لە دەرهێنەرانی كورد عەدنان عوسمان و زانیار عەدنان عوسمانی باوك و كوڕ دوای چەندان بەشداریی فیلمەكانیان لە فێستیڤاڵە جۆراوجۆرەكان، لە ئێستەدا بەیەكەوە بە فیلمەكانیان بەشداری لە فێستیڤاڵێكی هونەری دەكەن لە ئەمەریكا.

لەوبارەیەوە زانیار عەدنان عوسمان بە"وشە"ی راگەیاند: بەكورتە فیلمی سینەمایی "سێبەری داعش" كە بەزمانی كوردییە، بەشداری لە فێستیڤاڵێكی هونەری دەكەم لە فلۆریدا لە ئەمەریكا، ئەو فیلمە لە ساڵی 2015 بەرهەم هاتووە و لە سیناریۆ و دەرهێنانی منە، لە بەشی پێشبڕكێی سەرەكیی ئەو فێستیڤاڵە نمایش دەكرێت .

هەروەها گوتی، محەمەد مەهدی وەك یاریدەدەری دەرهێنان و یاریدەدەری وێنەگرتن ڕاوێژكاری هونەری، سەرهەد خدر و ئیڤان فەیسەل و رێكار عەدنان وەك دیزاینەری لۆكەیشن و ئاراس مەجید وەك بەڕێوەبەری بەرهەم، محەمەد مەهدی وەك ئاریۆ و عەبدولباری حوێز و ئیڤان وەك كاری رووناكی، ئیڤان و رازیار عەدنان وەك فۆتۆگرافەر بەشدارییان تێدا كردووە. ئەو فیلمە ماوەكەی كەمتر لە هەشت خولەكە و لە بەرهەمهێنانی كۆمپانیای Kurd cameraیە و مۆنتاژی رێكان ئەحمەدە. 

ئاماژەی دا كە هەریەك لە ئەكتەران رێكار عەدنان عوسمان و سەروەر حامید و محەمەد مەهدی و عەبدوڵا نەسرەدین و كاروان جەلال و زەردەشت كەیفی و ئاكام خەسرۆ و ئاراس مەجید، بەشدارن تێیدا. پەیامم لەو فیلمەدا تێنەگەیشتنی كۆمەڵگەیە لە هونەری سینەما لەلایەك و پیشاندانی داعش، بەڵام بەشێوەیەكی جیاواز.

ئەو فێستیڤاڵە لە ئەمەریكا لە رۆژئاوای میامی لە فلۆریدا لەسەر كەشتی ساز دەكرێت، لەكاتێكدا لەسەر لێواری ئاو وەستاوە، فێستیڤاڵەكە زۆر فراوانە و خەڵاتی جۆراوجۆری تێدایە وەك باشترین وێنەگر و كواڵێت و ترایلەر و باشترین دەنگ، لەسەر ئاستی چەندان وڵات بەڕێوە دەچێ و چەندان فیلمی جیهانی بەشدارن تێیدا. جگە لە بەشداریی ئەو فیلمەی من، سێ فیلمی باوكم و فیلمێكی رۆژنامەنووس سەرهەنگ غەریب بەشداری تێدا دەكەن، واتە چوار تاپێنچ فیلمی كوردی بەشدارن تێیدا . ئەو فێستیڤاڵە مانگی پێنچی ساڵی داهاتوو دەست پێ دەكات و فیلمەكانی تێدا نمایش دەكرێت. 

وشە/ شاخەوان شێخانی


وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د