حەشدی شەعبی ئابڕووی یەكێك لە بەرپرسە ناپاكەكان دەبەن

:: AM:10:54:06/11/2017 ‌
بەرپرسی مەڵبەندی كەركووكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەلایەن میلیشیاكانی حەشدی شەعبی و فەرماندە سەربازییەكانی بەغداوە، سووكایەتی پێ دەكرێ و ئابڕووی دەبرێ، ئەویش لە میدیاكان باس لە ئارامی شاری كەركووك و بەرگری لە ناپاكییەكەی 16ی ئۆكتۆبەر دەكات.

سەرچاوەیەكی نزیك لە ئاسۆ ئەڵمانی بە "وشە"ی ڕاگەیاند، دوای ناپاكییەكەی 16ی ئۆكتۆبەر، هیچ بەرپرسێكی كورد بۆی نییە خۆی و پاسەوانەكانیشی چەك هەڵبگرن، لەو چوارچێوەیە فەرماندە سەربازییەكانی بەغدا لە كەركووك ژمارەیەك چەكداری حەشدی شەعبییان لە بەرگی پۆلیسی فیدراڵی وەك پاسەوانی ئاسۆ ئەڵمانی دیاری كردووە، كە سەرجەمیان عەرەبن و پاسەوانەكانی خۆیشی بۆیان نییە هیچ جۆرە چەكێكیان لا بێ، پێچەوانەی ئەمە سزا دەدرێن و دەگیرێن.

ئەو سەرچاوەیە دووپاتی لەوە كردەوە، كە لە ڕۆژانی ڕابردوو ئاسۆ ئەڵمانی بە فەرماندە سەربازییەكانی حەشد و سوپای گوتووە، ئەوە بۆ من سووكایەتییە كە نابێ پاسەوانەكانم چەكیان پێ بێ و پۆلیسی فیدراڵیم لەگەڵ بێ، پێویستە پاسەوانەكانی خۆم لەگەڵم بن و چەكیان پێ بێ، ئەوانیش لە بەرامبەردا بە توندی وەڵامیان داوەتەوە كە بە هیچ شێوەیەك پاسەوانەكانی ناتوانن چەك هەڵبگرن و بە پێچەوانەوەش سزای قورسیان بەسەردا دەسەپێنرێت.

سەرچاوەكە هێمای بۆ ئەوەیش كرد، لە كۆتادا وەك گاڵتە پێ كردن و سووكایەتی كردنێك، ئەوان بە ئاسۆ ئەڵمانییان گوتووە، ئەگەر بەو پاسەوانانە ڕازی نیت كە پۆلیسی فیدراڵین و لەگەڵتدان، دەتوانی لەگەڵ پاسەوانەكانی خۆت هاتوچۆ بكەیت، بەڵام بۆیان نییە چەك هەڵبگرن، بەڵكو با پاسەوانەكانت داریان بە دەستەوە بێ.

ئاسۆ ئەڵمانی ئەندامی مەكتەبی سیاسی و بەرپرسی مەڵبەندی دووی كەركووكی یەكێتییە و یەكێكە لەو كەسانەی ڕۆڵی سەرەكی گێڕاوە لە ناپاكییەكەی 16ی ئۆكتۆبەر، بەر لە 25ی ئەیلوولیش لەگەڵ چەند بەرپرسێكی تر هەوڵیان دا ڕێگری لە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بكەن لە شاری كەركووك، بەڵام دواتر شكستیان هێنا.


وشە - باز ئه‌حمه‌د