میلیشیاكانی حه‌شدی شه‌عبی كه ئێران سه‌رپه‌رشتیان ده‌كات، دوای وێرانكردنی شاره سوننیه‌كانی عێراق له 16ی ئۆكتۆبه‌ره‌وه به پشتیوانی ناپاكه‌كان ڕوویان له كوردستان كردووه و تاوانكاریی و دڕنده‌ییان به‌رده‌وامه، ئه‌و میلیشیایانه كێن؟ سه‌ربازی كام پاشای شهترهنجهكهن؟ به ڕوانین و وردبوونه‌وه حه‌شد و داعش یه‌ك ئانجیان هه‌یه، به‌ڵام له دوو سه‌رچاوه‌ی جیاوازه‌وه، كه هه‌ریه‌كه‌یان مه‌زه‌وێكی جیایه له نێو ئاینی ئیسلام دا. ورده‌كاری دروستبوونی ئه‌و هێزه به‌ربه‌رییه و تاوانه‌كانی و جوڵێنه‌ره‌كانی له خواره‌وه ده‌خه‌ینه ڕوو.
حه‌شدی شه‌عبی كێن؟
حه‌شدی شه‌عبی (جمینی میلی)، بریتییه له میلیشیایه‌كی چهكبهدهستی توندڕه‌وی ئاینیی مه‌زه‌وی، له پێناو به‌رزڕاگرتنی به‌هاكانی شیعه به‌پێی ئه‌و ڕه‌وته سیاسییه‌ی ئێران دایڕشتووه، له 13ی حوزه‌یرانی 2014 به فه‌توایه‌كی ئایه‌توڵا عه‌لی سیستانی مه‌رجه‌عی باڵای شیعه دامه‌زراون. فه‌تواكه واجبی كردووه له‌سه‌ر ته‌واوی ئه‌و توندڕه‌وانه‌ی چوونه‌ته ناو ڕیزه‌كانیانه‌وه شه‌ڕ دژی ڕێكخراوی تیرۆریستیی داعش بكه‌ن، چونكه هێزێكی توندڕه‌وی سوننه‌یه و ئه‌گه‌ر زوو ڕێگرییان لێ نه‌كرێ، ئه‌و پیلانانه‌ی هه‌یانه بۆ به‌شیعه‌كردنی ته‌واوی عێراق، له‌بار ده‌چێ.
ئه‌و سوپایه كه سه‌ره‌تا وه‌ك هێزێكی هه‌ڕه‌مه‌كی دروست بوون، به‌ڵام دواتر تۆكمه بوون و خۆیان له هه‌موو ڕوویه‌كه‌وه ڕێكخست، له هه‌موو تیره و حزبه سیاسییه شیعه‌كان پێكهاتووه و تا دوای شه‌ڕی داعش‌یش، ده‌یانگوت ئێمه ناچینه كاری سیاسییه‌وه، به‌ڵام دواتر بڕیاریان دا له هه‌ڵبژاردنی داهاتوو نوێنه‌ری خۆیان هه‌بێ.
چه‌كدارانی سه‌ره‌تای میلیشیای حه‌شد، به شێوه‌ی خۆبه‌خش چوونه‌ته ناو هێزه‌كه‌وه، دواتر به‌رگێكی یاسایی پێ دراوه و له لایه‌ن په‌رله‌مانی عێراقه‌وه وه‌ك سوپایه‌كی به‌رگریكار له خاكی عێراق دانی پێدا نراوه و بودجه‌ی تایبه‌تی و زه‌به‌لاحی پێ دراوه كه نه‌ك له پێشمه‌رگه، به‌ڵكو بودجه‌كه‌یان له سوپای فه‌رمیی عێراقیش زیاتره و له‌لایه‌ن سه‌رۆك وه‌زیرانه‌وه، تایبه‌تمه‌ندی ده‌درێت به كوژراوه‌كانیان و وه‌ك شه‌هیدی سوپای عێراق مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ ده‌كرێ و مووچه‌ی هه‌میشه‌یی بۆ خانه‌واده‌كانیان ده‌بڕێته‌وه.
ڕه‌گ و ڕیشه‌ی حه‌شدی شه‌عبی بۆ سوپای به‌در ده‌گه‌ڕێته‌وه، پاشان بۆ سوپای "مقاوه‌مه‌ی ئیسلامی" كه ساڵی 2003 دامه‌زرا و ڕاسته‌وخۆ له‌لایه‌ن عه‌لی خامه‌نه‌یی رابه‌ری باڵای كۆماری ئیسلامیی ئێرانه‌وه سه‌رپه‌رشتی ده‌كران و پێوه‌ندییه‌كی به‌هێزیان له ڕووی پێڕه‌و و دارایییه‌وه به ئێرانه‌وه هه‌یه، هه‌روه‌ها "سه‌رایا ئه‌لسه‌لام" كه سوپایه‌كی ڕه‌وتی سه‌دره، هه‌موو ئه‌مانه بۆ ئه‌وه‌ی هێزی شیعه یه‌ك بێت، یه‌كێك له لیواكانی ئه‌و میلیشیایانه پێك ده‌هێنن.
لیوایه‌كی تری ئه‌و حه‌شده كه له هه‌موویان دڕنده‌ترن، دوای ده‌رچوونی ئه‌مه‌ریكا له عێراق ساڵی 2011 دروست بوون و پێیان ده‌گوترا "سه‌حوات" و به فه‌رمانی نووری مالیكی دامه‌زران و له ساڵی 2014 فه‌رمانی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی بۆ ده‌ركردن و دواتر پێیان گوترا حه‌شدی مالیكی، بۆ ئه‌وه‌ی به‌رگێكی ته‌واو ئاینی نه‌بێ، له عه‌ره‌ب و ته‌نانه‌ت كوردی فهیلیشیان تێدا بوو، مووچه‌یه‌كی زۆریان پێ ده‌درا.
به‌شی سێیه‌م كه به‌شه هه‌ره زۆره‌كه‌یانه، ئه‌وانه كه له‌گه‌ڵ فه‌توای سیستانی دروست بوون و ته‌واوی لیواكانی تر ئه‌مانه‌ی خۆیان كه كۆی گشتی ده‌كاته 67 لیوا، به فهرماندهیییهكی تۆكمه فه‌رمانیان پێ ده‌درێ و له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه سه‌رپه‌رشتیی ته‌واوی ڕاهێنانه‌كانیان ده‌كرێ و ته‌نانه‌ت لیوایه‌كی تایبه‌تیان بریتین له سوپای به‌سیج كه تایبه‌تن به قاسم سوله‌یمانی فه‌رمانده‌ی گشتیی سوپای قودس. سلێمانی له شه‌ڕه خهستهكاندا سه‌ركردایه‌تیی ته‌واوی میلیشیاكانی حه‌شد ده‌كات.
به‌پێی ئاماره‌كانی میلیشیای حه‌شد خۆیان، ژماره‌یان له ملیۆنێك چه‌كداری تێپه‌ڕ كردووه كه هه‌موویان له بودجه‌ی عێراق و ئه‌و بودجه تایبه‌ته ده‌خۆن كه ساڵانه له داهاتی سه‌ردانی مه‌زاره‌كانیان بۆیان كۆ ده‌بێته‌وه، ئه‌مه جگه له ژماره‌یه‌ك له حه‌شد كه خه‌ڵكی سوننه‌ن، له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك ئێزیدی كه پێیان ده‌گوترێ حه‌شدی ئێزیدی و هه‌موویان به زه‌بری مووچه‌ی باشه‌وه ناونووس كراون.
له 26ی تشرینی دووه‌می ساڵی 2016 كاتێك یاسای ده‌سته‌ی حه‌شدی شه‌عبی خرایه ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراقه‌وه، سوننه دانیشتنه‌كه‌یان به‌جێ هێشت و به ده‌نگی شیعه و به‌شێكی زۆر له په‌رله‌مانتارانی كورد یاساكه وه‌رگیرا به‌و ناوه‌ی ده‌بنه هێزێكی لاوه‌كیی پشتیوانی سوپای عێراق، به‌ڵام ئێسته ئه‌وان هێزێكی سه‌ره‌كین و ژماره‌یان زۆر له سوپا زیاتره و ته‌واوی ئه‌و چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نییانه‌ی هێزی هاوپه‌یمانان به سه‌رپه‌رشتیی ئه‌مه‌ریكا بۆ لێدان له داعش دابوویان به عێراق، كه‌وتووه‌ته ده‌ستی ئه‌م میلیشیایانه.
ناوه‌نده‌كانی توێژینه‌وه دووپات له‌وه ده‌كه‌نه‌وه، كه دروستكردنی حه‌شد و سه‌رپه‌رشتی كردنی له‌لایه‌ن ئێران و هاوكاری مادی و سه‌ربازی بۆیان، بریتییه له فۆرمۆله‌كردنی مۆدێلی ئێران به‌سه‌ر عێراقی زۆرینه شیعه‌دا، بۆیه ئامانجی دوور مه‌ودای تاران گۆڕینی ناوی حه‌شده بۆ پاسدارانی عێراق و به‌ستنه‌وه‌یه‌تی به ڕابه‌ری شۆڕشی ئیسلامی ئێران.
یاسای حه‌شدی شه‌عبی و لادانه‌كان
یاسای ده‌سته‌ی حه‌شدی شه‌عبی كه 26ی تشرینی دووه‌می 2016 له‌لایه‌ن زۆرینه‌ی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراقه‌وه په‌سه‌ند كرا، جگه له سوننه و به‌شێك له كورد، به ته‌واوی هاوبه‌شیی نیشتمانیی نه‌هێشته‌وه، چونكه ئه‌م میلیشیایانه له‌سه‌ر بنه‌مایه‌كی مه‌زه‌وی و له ژێر ئاڵای "یا حسین"دا، به پێی یاسا ڕه‌وایه‌تییان پێ درا له به بیانووی پاراستنی خاكی عێراق، له هه‌ر شوێنێك بیانه‌وێ پێشێلكاری بكه‌ن.
ئه‌و سه‌رپێچیانه‌ی له ژێر سێبه‌ری یاسای حه‌شدی شه‌عبییه‌وه ده‌كرێ:
یه‌كه‌م/ ده‌سته‌ی حه‌شدی شه‌عبی كه له‌لایه‌ن سه‌رۆك كۆماری عێراقیشه‌وه په‌سه‌ند كراوه، پێویسته ڕاسته‌وخۆ به‌شێك بێت له هێزه چه‌كداره‌كانی عێراق و به‌شێك بێت له فه‌رمانده‌یی باڵای هێزه چه‌كداره‌كان كه حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆك وه‌زیرانه، به‌ڵام نووری مالیكی سه‌رۆك وه‌زیرانی پێشوو، قاسم سلێمانی فه‌رمانده‌ی سوپای قودسی ئێرانی باڵاده‌ستن له‌و میلیشیایانه و هه‌رگیز عه‌بادی هیچ ده‌سه‌ڵاتێكی به‌سه‌ریاندا ناشكێ.
دووه‌م/ هه‌ر به‌پێی یاسا په‌سه‌ندكراوه‌كه، هیچ مه‌رجێكی ته‌مه‌ن بۆ ئه‌م میلیشیایانه دانه‌نراوه، ئه‌مه‌ش وای كردووه ژماره‌یه‌كی زۆری چه‌كداره‌كانیان هاوشێوه‌ی داعش مێردمنداڵن و به ناوی گه‌یشتن به موتعه و زهینهبات وه‌ك چۆن به‌وانیان ده‌گوت ده‌گه‌ن به نیكاحی جیهاد، ده‌یانخه‌نه ڕیزه‌كانه‌وه و مووچه‌شیان هه‌ر به پێی یاسا بۆ بڕاوه‌ته‌وه.
سێیه‌م/ هه‌ر كه‌سێك ڕاسته‌وخۆ پێوه‌ست بێت به حه‌شدی شه‌عبییه‌وه، ده‌بێ ده‌ست له هیچ كارێكی سیاسی نه‌دات و نه‌چێته ناو حزبه‌وه، به‌ڵام ته‌واوی ئه‌مانه به پێچه‌وانه‌وه‌یه و هه‌موویان یان زۆربه‌یان به تایبه‌تی سه‌ركرده‌كانیان، پێوه‌ستن به حزب و ڕه‌وته شیعه‌كانه‌وه و هادی عامری كه یه‌كێكه له سه‌ركرده‌كانیان، بڕیاری داوه بۆ هه‌ڵبژاردنی داهاتوو به‌شداری بكات و له چاوپێكه‌وتنێكدا ڕای ده‌گه‌یه‌نێ كه حه‌شد لیستێكی تایبه‌ت به خۆی ده‌بێ.
چواره‌م/ پێویسته حه‌شدی شه‌عبی له پێكهاته جیاوازه‌كانی گه‌لی عێراق پێك هاتبن به جێبه‌جێكردنی ماده‌ی (9) له ده‌ستووری عێراقی. ئه‌م یاسایه‌ش به ته‌واوی فه‌رامۆش كراوه، چونكه زۆرینه‌ی ڕه‌هایان له مه‌زه‌وی شیعه پێك هاتوون و دروشم و ئامانجه‌كانیشیان به‌رزكردنه‌وه و بڵاوكردنه‌وه‌ی شیعهگهرایییه، ئه‌مه جگه له‌وه‌ی به‌شێكی زۆر له ئه‌ندامانیان هه‌ر عێراقی نین، خه‌ڵكی ئێران، لبنان، یه‌مه‌ن و پاكستانیشیان تێدایه.
پێنجه‌م/ پێویسته به‌پێی فه‌رمانی فه‌رمانده‌ی گشتیی هێزه چه‌كداره‌كان له شاره‌كاندا بڵاوه‌یان پێ بكرێ، به‌ڵام وه‌ك له ڕووداوه‌كانی كه‌ركووك و پێشتریش مووسڵ دیاربوون، ته‌نانه‌ت چه‌ند جارێك عه‌بادی داوای لێ كردوون بكشێنه‌وه، به‌ڵام فه‌رمانه‌كانیان فه‌رامۆش كردووه.
كێ حه‌شدی شه‌عبی ده‌جووڵێنێ
له‌گه‌ڵ ناوهێنانی میلیشیاكانی حه‌شدی شه‌عبی، كۆمه‌ڵێ كه‌سایه‌تیی سیاسی و سه‌ربازی دێنه به‌رچاو، له سه‌رووی هه‌موویانه‌وه قاسم سلێمانی فه‌رمانده‌ی سوپای قودس كه ئێرانییه و له‌لایه‌ن میدیاكانی دنیاوه وه‌ك فه‌رمانڕه‌وای سێبه‌ری هه‌موو عێراق ته‌ماشا ده‌كرێ. لێره‌دا كاریگه‌رترین ئه‌و ناوانه‌ی ناو میلیشیاكه ده‌خه‌ینه ڕوو:
یه‌كه‌م: قاسم سلێمانی
جه‌نه‌ڕاڵێكی ئێرانیی به ئه‌زموونه له سوپای پاسداران و به‌رپرسی كاره گرانه‌كانی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئێرانه، هۆكار بووه بۆ له‌ناوبردنی شۆڕشی سووریا و سه‌رخستنه‌وه‌ی به‌شار ئه‌سه‌د و له‌گه‌ڵ سوپای به‌سیج و میلیشیاكان به‌شداری له شه‌ڕی دژی ڕێكخراوی تیرۆریستیی كردووه، خۆی ڕاسته‌وخۆ له شه‌ڕی فه‌لووجه و داگیركردنی شاری كه‌ركووك به‌شداری كردووه و له‌لایه‌ن ڕێبه‌ری باڵای كۆماری ئیسلامیی ئێرانه‌وه، ناسناوی "شه‌هیدی زیندوو"ی پێ به‌خشراوه.
سلێمانی له 11ی ئاداری 1957 له شاری كرمان باكوری ئێران له‌دایك بووه، له ته‌مه‌نی 23 ساڵییه‌وه بووه به پاسدار و شه‌ڕ ده‌كات و له جه‌نگی عێراق-ئێران، فه‌رمانده‌ی فه‌یله‌قی "41ی تۆڵه‌ی خوا"ی كردووه و به‌هۆی دڕندهییهكهیهوه، هه‌رزوو پله‌ی سه‌ربازی پێ دراوه. له ساڵانی نه‌وه‌تی سه‌ده‌ی ڕابردوو، كراوه به فه‌رمانده‌ی پۆلیسی سنوور له‌سه‌ر سنووری ئه‌فغانستان بۆ ئه‌وه‌ی ڕێ له ڕۆیشتنی ماده‌ی هۆشبه‌ر له ئێرانه‌وه بۆ توركیا بگرێ، به‌ڵام له‌لایه‌ن توركیاوه تۆمه‌تباره به‌وه‌ی هاوكاریی قاچاخچییه‌كانی كردووه و ڕاپۆرته ئه‌مه‌ریكییه‌كانیش ئاماژه به‌وه ده‌كه‌ن، پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ گرووپی تیرۆریستیی قاعیده هه‌بووه و هه‌موو جۆره هاوكارییه‌كی كردوون.
له ساڵانی 1996 بۆ 1997 ڕاهێنانی به شه‌ڕخوازه عه‌ره‌به‌كانی بۆسنه كردووه و هاوكاری كردوون له ڕێی ئێرانه‌وه به‌ره‌و ئه‌فغانستانیان بپه‌ڕێنێته‌وه. له ساڵی 1998ـه‌وه كراوه به فه‌رمانده‌ی گشتی فه‌یله‌قی قودسی سه‌ر به سوپای پاسداران و له ساڵی 1999 هۆكار بووه بۆ داپڵۆسینی شۆڕشی قوتابییان و ساڵی 2008 شه‌ڕی نێوان سوپای مه‌هدی سه‌ر به ڕه‌وتی سه‌د و سوپای عێراقی خامۆش كردووه.
له ساڵی 2011 له‌لایه‌ن عه‌لی خامنه‌یی ڕابه‌ری شۆڕشی ئیسلامیی ئێرانه‌وه، پله‌كه‌ی بۆ لیوا به‌رز كراوه‌ته‌وه و له‌و كاته‌وه ئه‌ركه سه‌ربازییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئێرانی له عێراق، سووریا، لبنان، یه‌مه‌ن و ئه‌فغانستان پێ هاتووه‌ته سپاردن و سه‌رپه‌رشتیی هه‌موو پڕۆژه پاوانخوازییه‌كانی كۆماری ئیسلامی له ده‌ره‌وه‌ی وڵات وه‌رگرتووه و ئێسته پیلانی هیلالی شیعی به ته‌واوی له‌به‌رده‌ستى ئه‌ودایه.
پێوه‌ندیی قاسم سلێمانی به یه‌كێتییه‌وه بۆ ساڵی 2009 ده‌گه‌ڕێته‌وه، كاتێك له به‌غدا چه‌ند جارێك به نهێنی چاوی به جه‌لال تاڵه‌بانی سه‌رۆك كۆماری عێراق ده‌كه‌وێ و له یه‌كێك له جاره‌كاندا له‌گه‌ڵ كریستۆڤه‌ر هیڵ و ڕایمۆند ئۆدیرنۆ كه دوو گه‌وره به‌رپرسی ئه‌مه‌ریكی بوون له عێراق، كۆبوونه‌وه‌یان كردووه. سلێمانی له‌و كاته‌وه پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ یه‌كێتیی به‌هێز بووه و هاتوچۆكانی بۆ عێراق و سووریا به زۆری له ڕێی خاڵه سنوورییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان كردووه كه ئه‌و حزبه سه‌رپه‌رشتییان ده‌كات، له هه‌ر شه‌ڕێكی سوپای عێراق و میلیشیا شیعه‌كان و پێشمه‌رگه له سنووری پارێزگای سه‌ڵاحه‌دین، پلانداڕێژه‌ر بووه.
هادی عامری ده‌ڵێ، ئه‌گه‌ر قاسم سلێمانی نه‌بووایه، ده‌مێك بوو حكوومه‌تی حه‌یده‌ر عه‌بادی ده‌ڕووخا، وه‌ك چۆن به‌هۆی پێوه‌ندییه باشه‌كانی له‌گه‌ڵ به‌شێكی یه‌كێتی، بووه هۆی داگیركردنی شاری كه‌ركووك و بۆ ماوه‌یه‌كی نادیار سه‌ربه‌خۆیی كوردستانی دواخست، ئه‌مه‌ش جارێكی تر له ئێران و عێراق به پاراستنی ناوچه‌كه وه‌سف كرا.
دووه‌م/ هادی ئه‌لعامری
سه‌رۆكی ڕێكخراوی به‌دری عێراقی وه‌زیری پێشووی گواستنه‌وه له سه‌رده‌می نووری مالیكی، به یه‌كێك له دڕنده‌ترین كه‌سایه‌تییه شیعه‌كان داده‌نرێ له عێراق كه له ناو میلیشیای حه‌شدی شه‌عبیدا ڕێكخراوه‌كه‌ی دیارترینه. له شه‌ڕی ئێران-عێراق له دژی وڵاته‌كه‌ی خۆی شه‌ڕی بۆ له‌ناوبردنی ڕژێمی سه‌دام كردووه و تۆمه‌تباره به پێشێلكاریی گه‌وره‌ی مافی مرۆڤ.
عامری له ساڵی 1954 له پارێزگای دیاله له‌دایك بووه، هاوسه‌ره‌كه‌ی فارسه و منداڵه‌كانی له ئێران ده‌ژین و خۆیشی ڕه‌گه‌زنامه‌ی ئه‌و وڵاته‌ی پێ دراوه. هه‌ر له گه‌نجییه‌وه شوێنكه‌وته‌ی ڕه‌وتی سه‌در بووه. له ساڵانی هه‌شتای سه‌ده‌ی ڕابردووه‌وه، پێوه‌ندییه‌كی باشی له‌گه‌ڵ یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان هه‌بووه و ماوه‌ی دوو ساڵ له‌گه‌ڵ پێشمه‌رگه ژیاوه، بۆیه هۆكار بووه بۆ پێوه‌ندییه پته‌وه‌كانی قاسم سلێمانی و ئه‌و حزبه.
دوای ئه‌وه‌ی باقر حه‌كیم ئه‌نجوومه‌نی باڵای شۆڕشی ئیسلامی داده‌مه‌زرێنێ، ئه‌م ده‌بێته به‌رپرسی سه‌ربازیی حزبه‌كه به ناوی سوپای به‌در، ئه‌و سوپایه‌ی ئێسته‌ش دڕنده‌ترین به‌شی میلیشیاكانی حه‌شدی شه‌عبییه. له‌گه‌ڵ ئه‌بو مه‌هدی ئه‌لموهه‌ندیس چه‌ندان كاریان له ساڵانی هه‌شتا و نه‌وتی ڕابردوو له دژی عێراق ئه‌نجام داوه.
له دوای ڕووخانی سه‌دام، سوپای به‌در به‌هێز ده‌بێ و كاری گرتنی نهێنی ده‌گرێته ئه‌ستۆ و به‌شێك ده‌بێ له قاتوقڕكردنی كه‌سایه‌تییه‌كانی سوننه له به‌غدا و شاره‌كانی تری عێراق، دواتریش به ته‌واوی ده‌چێته ناو سیاسه‌ت و ده‌بێته ئه‌نجامی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران و له كابینه‌ی پێشووشدا، نووری مالیكی ده‌یكات به وه‌زیر.
ئه‌مه‌ریكا چه‌ندان جار هۆشداری داوه‌ته عێراق بۆ ئه‌وه‌ی به‌رپرسیارییه‌تی نه‌درێتێ، دواجار ساڵی 2014 هه‌رچه‌ند هه‌وڵیان دا ببێته وه‌زیری ناوخۆی عێراق، به‌ڵام به هیچ شێوه‌یه‌ك واشنتن ڕازی نه‌بوو، چونكه ده‌یانزانی ده‌بێته هۆی له‌ناوبردنی زیاتری سوننه له عێراقدا.
عامری له ساڵی 1980 تا ئێسته هاوڕێی قاسم سلێمانییه و پێوه‌ندییه‌كی كاری هاوبه‌شی پته‌ویان هه‌یه و چه‌ندان جار له ژێر سه‌رپه‌رشتیی یه‌كتر، كرداری سه‌ربازی و توندڕه‌وییان ئه‌نجام داوه و له كرده‌وه‌گه‌لی داگیركردنی شاری كه‌ركووكیش هاوكاری یه‌كتر بوون.
سێ/ ئه‌بو مه‌هدی ئه‌لموهه‌ندیس
یه‌كێكه له دیارترین كه‌سایه‌تییه‌كانی میلیشیاكانی حه‌شدی شه‌عبی و تۆمه‌تباره به چه‌ندان تاوانی كوشتار و له‌لایه‌ن ئه‌مه‌ریكاوه له ساڵی 2009 خراوه‌ته لیستی تیرۆره‌وه، به نزیكترین هاوڕێی قاسم سلێمانی و هادی عامری ده‌ناسرێ و پێوه‌ندییه‌كانی هێنده‌ی له‌گه‌ڵ ئێران به‌هێزه، هێنده له‌گه‌ڵ عێراق نییه.
ئه‌لموهه‌ندیس له ساڵی 1954 له شاری به‌سڕه له‌دایك بووه، بڕوانامه‌ی ئه‌ندازیاری هێناوه و بڕوانامه‌ی دكتۆراشی له زانسته سیاسییه‌كان وه‌رگرتووه، له ساڵی 1980 دوای كوشتنی محه‌مه‌د باقر سه‌در له‌لایه‌ن سه‌دامه‌وه، عێراقی به‌جێ هێشتووه و له‌و سه‌رده‌مانه‌وه پێوه‌ندی به قاسم سلێمانی و هادی عامری كردووه و تا كۆتای ساڵانی نه‌وه‌ته‌كان هاوشانی عامری فه‌رمانده بووه له سوپای به‌در، به‌ڵام دوای ڕووخانی عێراق وازی هێناوه و وه‌ك كه‌سێكی بێلایه‌ن خۆی ناساندووه.
ئهلموههندیش به‌هۆی كاره تیرۆرییهكانیهوه، له‌لایه‌ن ئه‌مه‌ریكا و ئینته‌رپۆله‌وه داواكراوه و به تیرۆریست ناسراوه، ئه‌مه‌ش دوای ئه‌وه‌ی ساڵی 1983 له كوێت په‌لاماری هه‌ردوو باڵوێزخانه‌ی ئه‌مه‌ریكا و فڕه‌نسای دابوو، له‌و كاته‌وه له كوێت سزای له‌سێداره‌دانی بۆ ده‌رچووه، چونكه له هه‌وڵه‌كانیدا پێنج كه‌سی كوشتووه و 86 كه‌سی تری بریندار كردووه، ئه‌مه جگه له‌وه‌ی هه‌وڵی كوشتی میری كوێتی داوه.
له دوای ڕووخانی ڕژێمی سه‌دام، وه‌ك كه‌سێكی بێلایه‌نی ناوبژیكهری سیاسیی شیعه كاری كردووه و هۆكار بووه بۆ ساردكردنه‌وه‌ی كێشه‌ی نێوان ڕه‌وته شیعییه‌كان و به پشتیوانی ئه‌م نووری مالیكی له حزبی ده‌عوه پێش خراوه و دواجار بووه به سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق.
بۆ په‌لاماردانی شاری كه‌ركووك و داگیركردنی، ڕۆڵێكی زۆری هه‌بووه، له 18ی ئه‌یلوولی ڕابردوو به پیلانێكی سێ قۆڵی له‌گه‌ڵ سلێمانی و عامری، سوپایه‌كی حه‌شدی شه‌عبی ده‌باته نزیك كه‌ركووك و له ڕۆژی خیانه‌ته گه‌وره‌كه، یه‌كێك ده‌بێت له سه‌ره‌تاكانی ئه‌و كه‌سانه‌ی ده‌گاته ناو شاری كه‌ركووك و ئاڵای كوردستان ده‌هێنێته‌وه خواره‌وه، پێشتریش سه‌رپه‌رشتیی سووتاندنی ماڵی هاووڵاتییانی خورماتووی كردووه.
جیاوازی حه‌شد و داعش
دروستبوونی میلیشیاكانی حه‌شدی شه‌عبی و كرده تاوانكارییه‌كانی دزی و تاڵانی و كوشتوبڕی و سووتاندنی خانووی هاووڵاتییان و بۆردمانی هه‌ڕه‌مه‌كی خه‌ڵكی بێ‌تاوان، هه‌رزوو نیشانه‌ی پرسیاری گه‌وره‌ی له‌سه‌ر ئه‌و میلیشیایه دروست كرد، زۆرێك جیاوازی داعش و حه‌شدی شه‌عبی ته‌نیا له ڕووی بنه‌مای فیكری و پشتیوانییه‌وه ده‌بینن و دووپات له‌وه ده‌كه‌نه‌وه كه له ڕووی ئامانجه‌وه ئه‌و دوو هێزه جیاوازییان نییه.
سوڵتان عومه‌ر نووسه‌ری سعوودیه له ڕۆژنامه‌ی "الحیاه"ی له‌نده‌نی نووسیویه‌تی، له مانگی نیسانی 2015 میشیاكان نید پاركه‌ری به‌رپرسی نووسینگه‌ی ئاژانسی ڕۆیته‌رزیان ناچار به هه‌ڵاتن كرد، به پێچه‌وانه‌وه ده‌كوژرا، به‌هۆی ئه‌وه‌ی ڕاپۆرتێكی تێروته‌سه‌لی له‌سه‌ر تاوان و دڕنده‌ییه‌كانی حه‌شد له تكریت بڵاوكرده‌وه.
ئه‌و نووسه‌ره ده‌ڵێ، جیاوازی حه‌شد و داعش هیچ نییه، جگه‌له نوێنه‌رایه‌تی كردن نه‌بێ، داعش نوێنه‌رایه‌تی توندڕه‌وی سوننه و حه‌شدیش توندڕه‌وی شیعه پشتیوانی ده‌كات، ئه‌وه‌ی داعش ده‌ستی پێ كرد سه‌ر له نوێ ده‌ست كردن بوو به به‌دیهێنانی پلان و ئامانجێك، به‌ڵام حه‌شد هه‌ڵمه‌ته توندڕه‌وییه‌كانی بنه‌ما و بناخه‌ی پێشتر بۆ دانراوه و ته‌نیا گه‌شه‌ی پێ دا، چونكه به‌غدا له دوای 2003ه‌وه له ژێر ده‌ستی شیعه‌كان بوو، داعش هیچ وڵاتێك به فه‌رمی پشتیوانی ڕانه‌گه‌یاند، به‌ڵام حه‌شد ئێران سه‌رسه‌ختانه پشتیوانی ده‌كات و به به‌رنامه و پیلان ده‌جوڵێنرێن و ئامانجی گه‌وره‌یان پێ به‌دی ده‌هێنرێت.
له به‌شێكی تردا نووسه‌ر ده‌ڵێ، ژماره‌ی ئه‌و خه‌ڵكه‌ی به ده‌ستی داعشه‌وه كوژرا بن و تاوانه‌كانی ئه‌وان زۆرترن، به به‌راورد له‌گه‌ڵ حه‌شد، به‌ڵام لێره قسه له‌سه‌ر چه‌ندایه‌تی نییه، به‌ڵكو له ڕووی چۆنایه‌تییه‌وه تاوانه‌كان هه‌مان ڕه‌هه‌ند و پاڵنه‌ریان هه‌یه، كه له‌لایه‌ن ئه‌و دوو گرووپه تیرۆریستییه‌وه پێڕه‌و ده‌كرێن.
هه‌زار و 200 پیاوی ئاینی سوننه‌یان كوشتووه
ڕۆژی 22ی تشرینی یه‌كه‌م، ڕێكس تیلرسۆن وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا ڕای گه‌یاند، هه‌موو ئه‌و گرووپه چه‌كدارییانه‌ی له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه هاوكاری ده‌كرێن و به‌شدارییان له شه‌ڕی داعش كردووه، پێویسته بگه‌ڕێنه‌وه شوێنی خۆیان، چونكه شه‌ڕه‌كه خه‌ریكه ته‌واو ده‌بێ و كاریان نه‌ماوه. ئه‌م لێدوانه چه‌ندان لێدوانی دژی به‌دوادا هات، چونكه دیاره مه‌به‌ست لێی میلیشیاكانی حه‌شدی شه‌عبییه كه به فه‌رمی له‌لایه‌ن ئه‌مه‌ریكاوه به ده‌ستی ئێران له‌قه‌ڵه‌م دراوه.
دوای پێشێلكارییه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی له كه‌ركووك و خورماتوو ئه‌نجامیان دا، ئه‌مه‌ریكا سوور بوو له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌و میلیشیایه ده‌بێ بگه‌ڕێنه‌وه شوێنی خۆیان، چونكه دۆناڵد تره‌مپ، سوپای پاسدارانی خستووه‌ته لیستی تیرۆر و نایه‌وێ به دوو ته‌رازوو كار بكات و میلیشیاكانی سه‌ر به‌و سوپایه رێپێدراو بن، به تایبه‌تی دوای ئه‌وه‌ی ده‌یان ڕاپۆرت له‌سه‌ر پێشێلكارییه‌كانیان بڵاو كرانه‌وه.
ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ی ئه‌مه‌ریكا هه‌رزوو له‌لایه‌ن نووسینگه‌ی حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق ڕه‌ت درایه‌وه و ڕای گه‌یاند، چه‌كدارانی ده‌سته‌ی حه‌شدی شه‌عبی، عێراقیی نیشتمانین و قوربانیی زۆریان له پێناو وڵاته‌كه‌یان داوه و به یاسا له ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانه‌وه ده‌نگیان له‌سه‌ر دراوه، بۆیه ڕێ ناده‌ین بۆ هه‌ر لایه‌نێك بیه‌وێ ده‌ستوه‌ردان له كاروباری عێراق بكات، هیچ هێزێكی ده‌ره‌كیش له وڵات‌دا نییه. ئه‌م قسانه‌ش ڕێك پێچه‌وانه‌ی ته‌واوی ئه‌و ده‌یان به‌ڵگه‌یه‌یه كه‌وا حه‌شدی شه‌عبی پاسداری ئێرانی‌یان له‌گه‌ڵدایه.
تاوانه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی به‌رامبه‌ر خه‌ڵكی، ئه‌مه‌ریكای ناچار كردووه هه‌نگاوێكی له‌و جۆره بنێ و ئه‌گه‌ری به‌هێزیش هه‌یه بیانخاته لیستی تیرۆره‌وه، به تایبه‌تی دوای ئه‌وه‌ی "ئه‌بو مه‌هدی موهه‌ندیس" كه یه‌كێك له فه‌رمانده‌كانی ئه‌و میلیشیایانه‌یه، به فه‌رمی له لیستی تیرۆر دانرا.
ته‌نیا به‌پێی ئه‌و زانیارییانه‌ی د.حوسێن سامه‌ڕایی كه‌سایه‌تیی ئاینیی ناسراوی سوننه به "وشه"ی ڕاگه‌یاندووه، حه‌شد هه‌مان ڕێڕه‌وی داعشی گرتووه‌ته به‌ر و ده‌ڵێ، له ساڵی 2013ه واته به‌ر له چوار ساڵ، وه‌قفی سوننه دوو لیستی به‌ناوی شه‌هیدانی سوننه له وتارخوێن و پێشنوێژان بڵاو كرده‌وه كه ژماره‌یان له سه‌رووی 700 كه‌س بوو، هه‌روه‌ها له‌و چوارساڵی دواییدا زیاتر له 500 پیاوی ئاینی و پێشنوێژ و ئه‌كادیمی شه‌رعی و پزیشك و ئه‌ندازیار و زانایان و هیتریش شه‌هید كراون.
هادی عامری ئه‌مینداری گشتیی رێكخراوی به‌در به ئاشكرا ده‌ڵێ، هه‌ڵوێستی ئه‌مه‌ریكا بۆ له‌ناوبردنی داعش شهرمنانهبووه، به‌ڵام كۆماری ئیسلامیی ئێران له پێشینه‌ی ئه‌و وڵاتانهبووه كه له شه‌ڕی دژی داعش هاوكاریی عێراقیان كردووه. ئه‌مانه‌ش به‌ڵگه‌یه‌كی ترن له ڕاستیی ئه‌و لێدوانه‌ی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا و به‌پێی بۆچوونی پسپۆڕان، بڕیاری نه‌هێشتن یان لاوازكردنی میلیشیاكانی حه‌شدی شه‌عبی و نه‌هێشتنیان له خاكی كوردستان و خاكی سوننه، یه‌كلا بووه‌ته‌وه.