مه‌حموود عوسمان سیاسه‌تمه‌داری ناسراوی كوردستان ده‌ڵێ، ئه‌گه‌ر كورد به یه‌كده‌نگی گفتوگۆ له‌گه‌ڵ به‌غدا نه‌كه‌ن، ئه‌وا چاره‌نووسی دیوه سیاسییه‌كه له چاره‌نووسی دیوه سه‌ربازییه‌كه به‌تایبه‌ت 16ی تشرینی یه‌كه‌م، باشتر نابێت. ئه‌و له‌و دیمانه تایبه‌ته‌ی له‌گه‌ڵ "وشه"، باس له‌وه‌ش ده‌كات كه عه‌بادی و حكوومه‌تی عێراق هێنده به‌هێز نین بتوانن مه‌رج له‌سه‌ر كوردستان دابنێن و داوای هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ریفراندۆم بكات، ئه‌گه‌ر لایه‌نی كوردستانی به‌یه‌كه‌وه بچنه سه‌ر مێزی گفتوگۆ. ئه‌وه‌ش ده‌خاته ڕوو ئه‌مه‌ریكا له رووداوه‌كانی دوای 16ی تشرینی یه‌كه‌م "نامه‌ردانه" رۆڵی سه‌ره‌كی تێیدا هه‌بووه و هیچ كات پشتگیری كوردستانی نه‌كردووه.
تێگه‌یشتنی ئێوه چییه بۆ رووداوه‌كانی دوای 16ی تشرینی یه‌كه‌م، له كاتێكدا رۆژێك پێشتر كۆبوونه‌وه‌ی لووتكه‌ی مه‌كته‌بی سیاسیی پارتی و یه‌كێتی له دووكان به‌سترا، چاوه‌ڕوانكراو بوو؟
رووداوه‌كان چاوه‌ڕوانكراو بوون و عێراق زوو داوای گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ ئه‌و ناوچانه كردبوو. من به سه‌ركردایه‌تی سیاسیی كوردستان‌م گوتووه ئه‌مه‌ریكا ده‌تانگه‌ڕێنێته‌وه نه‌ك حكوومه‌تی عێراق، وه‌ك چۆن له 2008 له پارێزگای دیاله پاشه‌كشه‌ی به هێزه‌كانی پێشمه‌رگه كرد. ئه‌گه‌رچی حكوومه‌تی عێراق نیازی شه‌ڕی نه‌بوو، به‌ڵام كه ریفراندۆم ئه‌نجام درا و گوێ له دواخستنی نه‌گیرا، ئه‌مه‌ریكا، ئێران و توركیا گڵۆپی سه‌وزیان بۆ سوپای عێراق هه‌ڵكرد و هه‌ندێك لایه‌نیش پشتگیری‌یان كرد، له‌ولاشه‌وه كوردیش یه‌كڕیز نه‌بوو، ئه‌مانه هه‌موو بوونه هه‌ل بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی سوپای عێراق بۆ كه‌ركووك و ناوچه‌كانی تر.
به‌ڵام بۆچوونێك هه‌یه ئه‌و شه‌ڕه‌ی له پردێ كرا، هێزه‌كانی یه‌كێتی و پارتی به‌یه‌كه‌وه له باشووری كه‌ركووك ئه‌نجامیان بدایه، هاوكێشه‌كه به‌و جۆره‌ی ئێسته نه‌ده‌بوو؟
ئه‌مه راسته، ئه‌گه‌ر سیاسییه‌كانی پارتی و یه‌كێتی و لایه‌نه‌كانی ترش یه‌كڕیز بوونایه و چه‌ند رۆژێك به‌رگرییان بكرایه، به‌ڵام هێزێك بیه‌وێت بێت و كه‌س به‌رگری نه‌كات، بێگومان به ئاره‌زووی خۆی دێته ژووره‌وه. بیرمه ساڵی 1991 كاتێك ئه‌مه‌ریكا رێی به سه‌دام حوسێن دا بگه‌ڕێته‌وه ناوچه‌ی كوردستان، به‌ڵام كاتێك له كۆڕێ و ئه‌زمه‌ڕ رووبه‌ڕووی شه‌ڕ بووه‌وه، هاوكێشه‌كه گۆڕا، بۆیه له‌مه‌شدا ئه‌گه‌ر یه‌كڕیز بوونایه و به‌رگرییان بكرایه، كاریگه‌ریی ده‌بوو، وه‌ك ئێسته نه‌ده‌هاتنه پێشه‌وه.
ئێسته گفتوگۆ له‌سه‌ر راده‌ستكردنی ناوچه‌ی پیشخابوور هه‌یه، ئه‌مه چه‌نده مه‌ترسی له‌سه‌ر داهاتووی كوردستان ده‌بێت؟
پیشخابوور ناوچه‌یه‌كی ئێجگار هه‌ستیاره و سنووری نێوان رۆژئاوا و باكور و باشووری كوردستانه، لووله‌ی نه‌وتی كوردستان له‌وێوه ده‌چێته توركیا، توركیاش داوای كردنه‌وه‌ی ده‌روازه‌یه‌كی له‌و ناوچه‌یه كردووه، له‌گه‌ڵ ئه‌مانه‌شدا ده‌گوترێت ئێران ده‌یه‌وێت به‌كاری بهێنێت بۆ گه‌یشتن به لبنان. ئه‌مانه هه‌مووی دژی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی كوردستانه.
ئه‌گه‌ر به‌م جۆره بڕوات، پێت وایه له خولی داهاتووی په‌رله‌مانی عێراق ده‌ستوور هه‌موار بكرێته‌وه و فیدڕاڵیی كوردستانیش بگۆڕێت بۆ حوكمی زاتی؟
حكوومه‌تی عێراق نیازی ئه‌وه‌ی هه‌یه و رای وایه مافی زۆر دراوه به كورد، ئه‌مه نوێ نییه. بۆیه ئه‌گه‌ر لایه‌نی كوردی به یه‌كده‌نگی نه‌چنه به‌غدا، ئه‌وان ده‌یانه‌وێت 17% بكه‌ن به 12.5% و ماف و ده‌سه‌ڵاته‌كانی هه‌رێمی كوردستانیش زۆر كه‌م ده‌كه‌نه‌وه. ببینه بۆ حه‌شدی شه‌عبی به چه‌ند رۆژێك یاسایان ده‌كرد، كه‌چی بۆ پێشمه‌رگه هێشتا یاسایه‌ك نییه.
ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ی لایه‌نی كوردی چاوه‌ڕوانی ده‌كرد له ئه‌مه‌ریكا به‌تایبه‌ت له‌سه‌ر جووڵه‌ی سوپای عێراق، نه‌مانبینی بۆچی؟
ئه‌مه‌ریكا بێده‌نگ نه‌بووه، به‌ڵكو له‌گه‌ڵ سوپای عێراق بووه و پشتی گرتووه و داواشی له پێشمه‌رگه كردووه شه‌ڕ نه‌كات. ئه‌مه هێزی داوه‌ته عه‌بادی كه جووڵه‌ی زیاتر بكات و هه‌میشه ئه‌مه‌ریكاش به‌رامبه‌ر به كورد رۆڵی خراپی گێڕاوه، ئه‌مه هی ئێسته نییه، به‌ڵكو له مه‌هاباده‌وه پشتگیری كوردی نه‌كردووه.
به‌ڵام ئه‌مه‌ریكا داوای له عێراق كردووه هێزه ئێرانییه‌كان له وڵات بچنه ده‌ره‌وه و هه‌ندێك سه‌ركرده‌ی ئه‌و هێزانه‌شی خستووه‌ته لیستی تیرۆر، كۆی ئه‌مانه له به‌رژه‌وه‌ندیی كورد نییه؟
هیچ به باشی نازانم و بڕوام به پشتیوانی ئه‌مه‌ریكا نییه، هیچ كات پشتگیری ئه‌وه‌م نه‌كردووه پشت به ئه‌مه‌ریكا ببه‌سترێت و ئه‌وه‌ی ئێسته‌ش ده‌كه‌ین له شه‌رمه‌زارییه، ئه‌وان به‌رامبه‌ر به كورد نامه‌رد بوون. له شه‌رمه‌زاری و ناپیاوی خۆیان هه‌ندێك لێدوان ده‌ده‌ن، نابێت كورد پشتی پێ ببه‌ستێ.
كۆمه‌ڵێك ئاماژه دوای 16ی تشرینی یه‌كه‌م به روونی چوونه‌ته سه‌ر شانۆی سیاسی، له‌وانه شه‌ڕی ناوخۆ و دوو ئیداره‌یی، رای ئێوه چییه؟
ئه‌گه‌رچی یه‌ك حكوومه‌ته، كه‌چی چه‌ند ساڵه دوو ئیداره‌یی هه‌ر هه‌یه، به‌ڵام به فه‌رمی نابێته‌وه. له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا ده‌بێت هه‌موویان یه‌كڕیز بن و به‌رگری له كورد بكه‌ن، ئه‌گه‌ر نا ئه‌و مه‌ترسییانه‌ی رووبه‌ڕووی كوردستان بوونه‌ته‌وه، زیاتر ده‌بن و ناتوانن به‌سه‌ریاندا زاڵ بن، بۆیه ده‌بێت یه‌كڕیز بن ئه‌گه‌ر بۆ كورد كار ده‌كه‌ن، ئه‌گه‌ریش هه‌ر حزبه‌ی بۆ خۆی كار ده‌كات، با بیكه‌ن و رای بگه‌یه‌نن.
هه‌وڵی دانوستاندن هه‌یه له نێوان هه‌ولێر و به‌غدا، هه‌رێم ده‌توانێ چی له به‌غدا ده‌ست بكه‌وێت؟
دیسان ده‌ڵێم ئه‌گه‌ر حزبه‌كان یه‌ك بن، ده‌توانن ده‌ستكه‌وتیشیان هه‌بێت، له بیرمان نه‌چێت به‌غداش وا به‌هێز نییه و له‌گه‌ڵ سوننه‌ی عه‌ره‌ب كێشه‌ی هه‌یه و نه‌یتوانیوه چاره‌سه‌ری بكات، ناوخۆی شیعه‌كان یه‌ك نین و دنیایه‌ك كێشه‌یان هه‌یه، بۆیه ئه‌گه‌ر ورد نه‌بن و تووشی غروور بن و له‌گه‌ڵ كورد به‌ڕێكی نه‌یه‌نه‌وه پێشه‌وه، ناتوانن به‌رده‌وام بن. دۆخه‌كه پێویستی به دیالۆگ هه‌یه و كه‌س ناتوانێت خۆی به سه‌ركه‌وتوو بزانێت، هه‌موو لایه‌ك زیانیان كردووه و عێراق به‌ره‌و ئه‌وه ده‌ڕوات به ته‌واوه‌تی بكه‌وێته ژێر ركێفی ئێران، ده‌بێت عه‌بادی و حكوومه‌ته‌كه‌ی مه‌رجی به‌ربه‌ستی دانه‌نێن و داوای هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ریفراندۆم نه‌كات.
كه‌واته لایه‌نی كوردی له دیوه سه‌ربازییه‌كه به‌هۆی یه‌كگرتوو نه‌بوونییه‌وه زیانی زۆری كرد، ئه‌گه‌ر له دیوه سیاسییه‌كه‌ش یه‌كڕیز نه‌بێت زیانه‌كه گه‌وره‌تر ده‌بێت و به‌ره‌و دوو ئیداره‌یی ده‌ڕوات؟
بێگومان.
ده‌نگۆ هه‌بوو كه لایه‌نێك به ته‌نیا گفتوگۆ بكات، یان داوا ده‌كرێت ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای سلێمانی راسته‌وخۆ پێوه‌ندی به به‌غداوه بكات؟
حكوومه‌تی عێراق ئه‌مه‌ی پێ خۆشه و كاریشی بۆ ده‌كات و وڵاتانی هه‌رێمیش كاری بۆ ده‌كه‌ن و نایانه‌وێ قه‌واره‌یه‌كی به‌هێز له باشووری كوردستان هه‌بێت.
ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی، ئه‌مه‌ریكا و فڕه‌نسا داوای گفتوگۆ له به‌غدا ده‌كه‌ن له‌سه‌ر سڕكردنی ئه‌نجامی ریفراندۆم، به‌ڵام به‌غدا داوای هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ده‌كات، پێت وایه عه‌بادی ده‌توانێ پێداگیر بێت؟
ئه‌و پشتگیرییه گرنگ و باشه، عه‌بادیش ناتوانێ پێداگیر بێت له داوای هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌نجامی ریفراندۆم و ناشتوانێت به‌ره‌نگاری كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی ببێته‌وه، به‌ڵام دیسان دووپاتی ده‌كه‌مه‌وه ئه‌گه‌ر كورد یه‌ك ده‌نگ بێت، ئه‌وا به‌غدا دێته‌وه پێشه‌وه.