لە میسر حەشدی شەعبی خەڵات وەرناگرێت

:: AM:11:49:11/11/2016 ‌

پێشبڕكێی مۆندیالی قاهیرە كە ساڵانە لە میسردا ساز دەكرێت، وەك فێستیڤاڵێكی هونەریی زۆر گەورە تەماشا دەكرێت و تێیدا دەیان فیلمی سینەمایی نوێ پێشان دەدرێن، بۆ ئەمساڵیش چەندان فیلمی عەرەبی و بیانی نمایش كراون كە لە كۆتای مانگی رابردوو دەستی پێ كرد و لە پێنجی ئەم مانگە بە كۆتا هات.

دوێنێ پێنجشەم سەرۆكی یەكێتیی گشتیی بەرهەمهێنەرانی عەرەب ئیبراهیم ئەبو زیكری قسەی بۆ پێگەی "ئەلعەرەبیە" كردووە و پەسنی فێستیڤاڵەكەی كردووە، تێیدا ئاماژەی بەو خەڵاتانە كردووە كە دراونەتە فیلمە سەركەوتووەكان، هاوكات هێرشی كردووەتە سەر فیلمی "حەشدی شەعبی" و پێی وابوو فیلمێكی تایفەگەری بووە بۆیە هیچ خەڵاتێكی وەرنەگرتووە.

ئەبو زیكری روونی كردووەتەوە كە بەلایەوە زۆر سەیروسەمەرە بووە كە ئەو فیلمە لەو فێستیڤاڵە هاتووەتە پێشاندان، چونكە رووداوەكان زیاتر پشتگیریكردنە لە سیاسەتەكانی ئێران، گوتی "راستە فیلمەكە فیلمێكی عێراقییە، بەڵام بەرهەمهێنانی ئێرانە و بەپێی سیاسەتی ئەو وڵاتە هاتووەتە بەرهەم، بۆیە لیژنەی دادوەری فێستیڤاڵ، ئامادە نەبوون هیچ خەڵاتێكی پێشكەش بكەن، چونكە تایفەگەری لە پرەنسیپی فێستیڤاڵەكەدا نییە".

پێگەكە ئاماژەی داوە، فیلمی "حەشدی شەعبی" فیلمێكی عێراقی و بەرهەمهێنانی ئێرانە، پشتگیریی لە هزری ئێرانی لە ناوچەكەدا دەكات و رۆڵی میلیشیاكانی حەشدی شەعبی دەردەخات لە عێراقدا.

وشە/ ئەلعەرەبیە


وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د