قه‌شه ئیشا داود فیلبس قه‌شه‌یه‌كی ناسراوی مه‌سیحییه‌كان له دیداری "وشه"دا باس له دۆخی مه‌سیحییه‌كان ده‌كات له‌ھه‌رێمی كوردستان و عێراق و پێی وایه، دۆخی مه‌سیحییه‌كانی ده‌شتی نه‌ینه‌وا، له مه‌ترسیدایه، بۆیه نایانه‌وێ ھێزێكی تایفیی شیعه‌ی وه‌ك حه‌شدی شه‌عبی ئه‌وان بپارێزێت و داواش له كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی ده‌كات، فشار له‌سه‌ر به‌غدا دروست بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی كوشتن و توندڕه‌وی رابگرێت.
دۆخی مه‌سیحییه‌كان له‌ھه‌رێمی كوردستان و عێراق چۆنه؟
نه‌ك ته‌نیا مه‌سیحییه‌كان، به‌ڵكو دۆخی ھه‌موو خه‌ڵكی ناوچه كوردستانییه‌كان ناله‌باره. مه‌سیحییه‌كی زۆر له ده‌شتی نه‌ینه‌وا ھه‌یه و به‌م دواییه كه حه‌شدی شه‌عبی و سوپای عێراق ھێرشی كرده سه‌ر تلسقۆف، جارێكی تر ژماره‌یه‌ك له‌و خه‌ڵكه‌ی گه‌ڕابوونه‌وه، ئاواره بوونه‌وه و گه‌ڕاونه‌ته‌وه بۆ دھۆك، ئێسته دۆخه‌كه ئاسایی بووه‌ته‌وه و خه‌ڵكه‌كه‌ش له دڵه‌ڕاوكێدان و نازانن بگه‌ڕێنه‌وه، یان ھه‌ر له ئاواره‌ییدا بمێننه‌وه، ژیانی مه‌سیحییه‌كانی ده‌شتی نه‌ینه‌وا له مه‌ترسیدایه و پێوه‌ندی به‌ئێمه‌وه ده‌كه‌ن باس له‌وه ده‌كه‌ن نازانن چاره‌نووسیان چی ده‌بێت .
تا چه‌ند له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دان حه‌شدی شه‌عبی پارێزگاری له ناوچه‌كانی ئێوه بكات؟
تا ئێسته دیار نییه چاره‌نووسی ده‌شتی نه‌ینه‌وا چۆن ده‌بێت و كێ ده‌یپارێزێت، ئێمه ده‌مانه‌وێ ئه‌و پرسه یه‌كلا بكرێته‌وه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ناكرێت ده‌شتی نه‌ینه‌وا بكرێته دوو به‌ش و پێویسته مه‌سیحییه‌كان ھه‌مووی له یه‌ك ناوچه بن. جگه‌له‌وه‌ش ھه‌ر بستێك له عێراق شوێنه‌وارێكی ئاشووری لێ ھه‌یه، چونكه ئێمه گه‌لێكی ره‌سه‌نین و له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌داین یاسا ئێمه بپارێزێت، ئه‌گه‌ر یاسا ھه‌بێت ھه‌موو نه‌ته‌وه و پێكھاته‌كان پارێزراو ده‌بن .به ھه‌موو شێوه‌یه‌ك بوونی ھێزی تایفی له ناوچه‌كانی خۆمان ره‌ت ده‌كه‌ینه‌وه و قبووڵی ناكه‌ین ھیچ ھێزێكی تایفی ئێمه بپارێزێت.
پێت وایه له عێراق یاسا بوونی ھه‌بێت؟
له عێراق یاسا به‌ناو بوونی ھه‌یه، به‌ڵام له ئه‌رزی واقیع نییه و جێبه‌جێ ناكرێت، ئه‌گه‌ر ھه‌شبێت زۆر لاوازه، چونكه ئێسته یاسا و ده‌ستوور بووه‌ته ئامرازێك به‌ده‌ستی لایه‌نه‌كان و ھه‌ر یه‌كه‌ی بۆ خۆی به‌كاری دێنێت و ته‌فسیری بۆ ده‌كات، بۆیه له عێراق یاسا جێبه‌جێ ناكرێت. راسته یاسا سه‌روه‌ر نییه، بۆیه داوای پاراستنی نێوده‌وڵه‌تیمان كردووه له ناوچه مه‌سیحییه‌كان، ئینجا چ له رێی پارته مه‌سیحییه‌كان بێت یا له رێی كه‌نیسه‌كان .
ئێوه تا چه‌ند پێتان وایه هه‌ولێر و به‌غدا له‌ڕێی گفتوگۆ ده‌توانن كێشه‌كان چاره‌سه‌ر بكه‌ن؟
ھه‌ر چه‌ند شه‌ڕ بكرێت و خه‌ڵك بكوژرێت و ئاواره بێت، دواجار پێویسته بگه‌ڕێنه‌وه بۆ سه‌ر مێزی گفتوگۆ و به گفتوگۆ كێشه‌كان چاره‌سه‌ر بكه‌ن .
ئێسته كار بۆ جێبه‌جێكردنی پڕۆژه‌ی ھیلالی شیعی ده‌كرێت له ناوچه‌كه‌دا، رای ئێوه له‌سه‌ر ئه‌مه چییه؟
وڵاتانی زلھێز له‌گه‌ڵ ھیلالی شیعی‌دا نین، چونكه ئه‌مه كارێكی باش نییه و ئه‌گه‌ر جێبه‌جێ بكرێت، دۆخه‌كه ھیچ كاتێك جێگیر نابێت و كێشه‌كان زۆر له‌وه‌ی ئێسته زیاتر ده‌بن.
له به‌رتله قوتابخانه‌یه‌ك به‌ناوی ئیمام خومه‌ینی كراوه‌ته‌وه، ئه‌مه چۆن لێك ده‌ده‌یته‌وه؟
ئاسایییه ناوی سوننه یا شیعه دابنرێت، به‌ڵام نه‌ك ناوی ئێرانی، ئه‌مه كاریگه‌ری خۆی ده‌بێت و ئه‌وه‌ی كراوه‌ش له ناوچه‌یه‌كی به‌رتله بووه، له ناوچه مه‌سیحییه‌كان قبووڵمان نییه و رێیش ناده‌ین دیمۆگرافیای ناوچه‌كه بگۆڕن .
ئێسته مه‌سیحییه‌كان كۆچ ده‌كه‌ن؟
مه‌ترسی ھه‌یه له‌وه‌ی ئه‌و مه‌سیحییانه‌ی ماویشن ھه‌مووی كۆچ بكه‌ن بۆ ده‌ره‌وه‌ی وڵات، چونكه دوای ھاتنی داعش بۆ ناوچه مه‌سیحییه‌كان، ژماره‌یه‌كی زۆر كۆچی ده‌ره‌وه‌یان كردووه، چونكه پێش ساڵی ١٩٩١ ژماره‌ی مه‌سیحییه‌كانی عێراق و ھه‌رێمی كوردستان ملیۆنێك و٣٠٠ ھه‌زار كه‌س بوون، ئێسته ٣٠٠ بۆ ٥٠٠ ھه‌زار زیاتر نه‌ماوه و ھه‌موویان كۆچیان كردووه.
حه‌شدی شه‌عبی تاوانی جه‌نگ و پێشێلی مافه‌كانی مرۆڤ ده‌كات، تا چه‌ند به هێزێكی مه‌ترسیداری ده‌زانن بۆ چاره‌نووسی مه‌سیحییه‌كان؟
ئێمه وه‌ك مه‌سیحی ھیچ ده‌سه‌ڵاتێكمان نییه و ھێزی تایفی كارێكی باش نییه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌وان به‌ناوی سوپای عێراق دێن، كه ھاتن جیاوازییه‌كی زۆریان له‌گه‌ڵ سوپای عێراق ھه‌یه .
داواكاریتان بۆ ناوچه‌كانتان له ده‌شتی نه‌ینه‌وا چییه؟
ئێمه ده‌مانه‌وێ ناوچه‌ی مه‌سیحییه‌كان ببێته پارێزگایه‌كی سه‌ربه‌خۆ ھاوشێوه‌ی ڤاتیكان و مۆناكۆ و یاسا سه‌روه‌ر بێت، ئه‌گه‌ر نا ھێزی نێوده‌وڵه‌تی ئێمه بپارێزن .
ئه‌ی ھه‌ڵوێستی ڤاتیكان چییه؟
ھه‌ڵوێستی ئه‌وان ئه‌وه‌یه ئاشتی ھه‌بێت و مافی ھه‌موو پێكھاتهكانیش پارێزراو بێت، ھه‌ر كه‌سێك مافی پێ بدرێت و به ھیچ شێوه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ كوشتن و ئاواره‌بوونی خه‌ڵك نین، بۆیه ئه‌وه‌ی گرنگه له ئاینی مه‌سیحی ئاشتی ھه‌بێت.
ئه‌ی چ داواكارییه‌كتان له كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی ھه‌یه؟
داواكارین له كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی رایه‌كی ڕوونیان ھه‌بێت نه‌ك ھه‌ر به‌دوای به‌رژه‌وه‌ندی خۆیانه‌وه بن. داواكارین كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی فشار بخاته سه‌ر عێراق، ئه‌و كوشتن و ئاواره‌بوون و توندڕه‌وییه رابگرن و داواكارین چۆن یاسا له‌وێ پارێزراوه، لێره‌ش به‌ھه‌مان شێوه بێت و پارێزراو بێت.
وشه/ بڵند ئیبراھیم