به‌گوێره‌ى راپۆرتێكى به‌دواداچوونی میدیایی، به‌شێك له خانه‌واده مسوڵمانه هه‌ژاره‌كانى هیندستان، كچانى خۆیان بۆ ده‌ستخستنى پاره به پیره پیاوانى عه‌ره‌ب ده‌فرۆشن، ئه‌مه‌ش به دیارده‌ى بووكی پشووه‌كان له هیندستان ناوی ده‌كردووه.
له‌و به‌دواداچوونه‌ى (بی بی سی) چه‌ند كچێك له‌وانه‌ى شوویان به پیره پیاوانى عه‌ره‌ب كردووه بۆ به‌سه‌ربردنى پشووى ئه‌و پیره پیاوه عه‌ره‌بانه، چیرۆكى شووكردنه‌كه‌یان ده‌گێڕنه‌وه.
فه‌رحین كچێكى ته‌مه‌ن 13 ساڵان، یه‌كێك له‌و كچانه‌ى شووى به پیره پیاوێكى 55 ساڵى عه‌ره‌بی ئوردنى كردووه، باس له‌وه ده‌كات كه ئاره‌زووى كردووه كۆلێژى زانست بخوێنێت یان له داهاتوودا ببێت به په‌رستار، نایشارێته‌وه له ته‌مه‌نى 13 ساڵیدا شووى به پیره پیاوێكى ئه‌رده‌نى ته‌مه‌ن 55 ساڵان كردووه.
فه‌رحین باس له ساتى به شوودانه‌كه‌ى ده‌كات و ده‌ڵێ، رۆژێك باوكى ئاماده‌ی كردووه و بردوویه‌تى بۆ ماڵێك كه سێ پیاوی لێ بووه، باوكی به‌و سێ پیاوه‌ى گوتووه كه كچه‌كه‌ى ئاماده‌یه بۆ شووكردن.
گوتى "هاوارم كرد، گوتم من ده‌مه‌وێت درێژه به خوێندن بده‌م، به‌ڵام كه‌س گوێى لێ نه‌گرتم".
زیاتر گوتى "دایكم پێى گوتم كه خانه‌واده‌كه‌مان به‌رامبه‌ر به‌و شووكردنه 25 هه‌زار روپیه وه‌رده‌گرن، له‌گه‌ڵ پێشه‌كییه‌كى مانگانه‌ى پێنج هه‌زار روپیه".
فه‌رحین شووى به‌و پیره پیاوه ده‌كات و مامۆستایه‌كى ئاینى دێت بۆ ماره‌بڕینه‌كه‌ى، ئه‌و ده‌ڵێ من له كه‌سێك ماره كرام، به‌ڵام ئه‌و كه‌سه‌م نه‌بینى تا ئه‌و كاته‌ی له ماڵه‌كه‌دا به ته‌نیا ماینه‌وه، ئه‌وكات تێگه‌یشتم ئه‌و پیاوه‌ى شووم پێ كردووه، 40 ساڵ له من گه‌وره‌تره.
فه‌رحین له‌باره‌ى شه‌وى بووكێنى ده‌ڵێ، پیره پیاوه‌كه خۆى به‌سه‌ریدا سه‌پاندووه و ده‌ستدرێژى كردووه‌ته سه‌ری بۆ ماوه‌ى سێ هه‌فته، منیش هه‌ر ده‌گریام!
دواى سێ هه‌فته‌كه، پیره پیاوه عه‌ره‌به‌كه داواى لێ كردووه له‌گه‌ڵیدا گه‌شتى ئوردن بكات بۆ چاودێریكردن و خزمه‌تكردنى ژنه‌كانى له ئوردن، به‌ڵام كچه هیندییه‌كه ره‌تى كردووه‌ته‌وه، وه‌ك ده‌ڵێ پاشان رێك كه‌وتوون كه ئه‌و به ته‌نیا بگه‌ڕێته‌وه ئوردن و ڤیزای گه‌شتى بۆ وه‌ربگرێت تا دواتر ئه‌ویش گه‌شتی ئوردن بكات.
فه‌رحین ده‌ڵێ تا ئێسته ڤیزای بۆ نه‌هاتووه.
ماوه‌ى ساڵێك بێده‌نگ دانیشتم، قسه‌م له‌گه‌ڵ كه‌س نه‌ده‌كرد، ته‌نانه‌ت وه‌ها باری ده‌روونیم تێك چووبوو بیرم له خۆكوشتن ده‌كرده‌وه، چونكه ژیان هیچ مانایه‌كى بۆ من نه‌مابوو، باوكیشم فێڵی لێ كردم. فه‌رحین وا ده‌ڵێت.
ماوه‌ى هه‌شت ساڵه فه‌رحین چاوه‌ڕوانى هه‌واڵێكه له‌ی پیره پیاوه‌ی شووى پێ كردووه، وه‌ك ده‌ڵێ هێشتا ترسم له‌و شه‌وانه هه‌یه كه پیره پیاوه‌كه پێى كردووه.
گوتى "نزیك و خزمانم به‌سه‌رمه‌وه هاوار ده‌كه‌ن كه چۆن شووى به‌و پیره پیاوه كردووه، هه‌ندێكیشیان توانجی ئه‌وه‌م لێ ده‌ده‌ن كه مێرده‌كه‌ى به جێى هێشتووه به‌هۆی ئه‌وه‌ى نه‌یتوانیوه خواستنه‌كانى بێنێته دی".
چیرۆكى فه‌رحین، یه‌كێكه له‌و 48 چیرۆكه‌ی كه پۆلیسی تیلانگانای هیندستانى له ماوه‌ى سێ ساڵى رابردوو تۆماری كردوون.
فه‌رحین لاى پۆلیس سكاڵاى تۆمار كردووه له‌سه‌ر مێرده‌كه‌ى، به‌ڵام له بڕى ئه‌وه‌ى پیره پیاوه ئوردنییه‌كه بگیرێت، كه‌سانى نێوه‌ندگیری هاوسه‌رگیرییه‌كه گیراون، له‌به‌ر ئه‌وه‌ى مێردى فه‌رحین هاووڵاتیی هیندستانى نییه.
ساتیاناریانا جێگری به‌ڕێوه‌به‌ری پۆلیسی ناوچه‌ی باشووری حه‌یده‌ر ئاباد ده‌ڵێ، زۆرجار قوربانییه‌كانى ئه‌و جۆره هاوسه‌رگیرییه نایه‌ن بۆ لاى پۆلیس، ته‌نیا دواى ئه‌وه‌ى هاوسه‌رگیرییه‌كه روو ده‌دات و ئه‌نجام ده‌درێت و كه‌سه به ته‌مه‌نه‌كانیش هیندستانیان به‌جێ هێشتووه و گه‌ڕاونه‌ته‌وه وڵاته‌كانی خۆیان.
گوتى "ئه‌مه ئالنگارییه‌كی گه‌وره‌یه له به‌رده‌م پۆلیس، چونكه ئه‌و كاته ده‌بێت پێوه‌ندی به فه‌رمانگه‌كانى سه‌ر به‌وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه بكه‌ین و به‌ڵگه‌كانیش به یاسایی بكه‌ین، له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌مانه‌شدا ناچاركردنى ئه‌و كه‌سانه بۆ هیندستان ئه‌سته‌مه".
ئه‌و ئه‌فسه‌ره‌ی پۆلیس ئاشكرای ده‌كات كه تۆڕێكى ئاڵۆزی تاوانكاری له پشته‌وه‌ى ئه‌و كاره‌ن، ئه‌وان سه‌ردانى ناوچه‌كانى تر‌ى هیندستان ده‌كه‌ن بۆ ده‌ستخستنى به‌ڵگه‌نامه‌ى هاوسه‌رگیریی ساخته، به پێى به‌ڵگه‌كانیش رێ به‌و هاوسه‌رگیرییه دراوه له رووه یاسایییه‌كه‌ى.
پۆلیسی تیلانگانا ئاشكرای ده‌كات له مانگی ئه‌یلوولی رابردوو، كۆمه‌ڵێك له‌و كه‌سانه‌ى گرتووه كه بۆ مه‌به‌ستى هاوسه‌رگیری پشوو سه‌ردانى هیندستانیان كردووه، له‌و هه‌شت كه‌سه‌ى گیراون، دووانیان ته‌مه‌نیان 80 ساڵی ده‌بێت، هاوكات 35 كه‌سیش وه‌ك نێوه‌ندگیری هاوسه‌رگیرییه‌كه گیراون.
ته‌بسم (12ساڵ) یه‌كێكى تر له قوربانییانى هاوسه‌رگیری پشوو كه شووى به پیاوێكى ته‌مه‌ن 70 ساڵى كردووه.
له یه‌كه‌م شه‌وى ده‌ستدرێژیكردنه سه‌ر ته‌بسم له یه‌كێك له هوتێله‌كانى ناوچه‌كه، پیره پیاوه‌كه ته‌بسم ده‌گه‌ڕێنێته‌وه ماڵى باوكی و به‌ڵێنیان پێ ده‌دات كه ڤیزاى گه‌شتی بۆ دابین ده‌كات، به‌ڵام دواى ساڵێ هێشتا هه‌واڵى ڤیزا نییه و ته‌بسم مناڵێكى له‌و پیره پیاوه بووه كه ئێسته وه‌ك خوشكى خۆی به‌خێوى ده‌كات، نه‌ك مناڵه‌كه‌ى خۆى بێت.
ته‌بسم ده‌ڵێ "شه‌یدام جارێك به دایه با‌نگم بكات، به‌ڵام ئه‌و هه‌ر به خوشكم با‌نگم ده‌كات".
به‌گوێره‌ى به‌دواداچوونه‌كه‌ى بی بی سی، زۆرینه‌ى ئه‌و پیره پیاوانه‌ى بۆ هاوسه‌رگیری پشوو سه‌ردانى هیندستان ده‌كه‌ن، خه‌ڵكى عه‌مان، قه‌ته‌ڕ، سعوودیه و یه‌مه‌نن.
له هه‌ندێك حاڵه‌تدا، ئه‌و پیاوه به ته‌مه‌نانه ناچار نین سه‌ردانى هیندستانیش بكه‌ن، وه‌ك له چیرۆكى (زه‌هره)ى ته‌مه‌ن 15 ساڵ كه كچێكى بێ نه‌وا بووه و له‌گه‌ڵ باپیره‌ى ده‌ژیا.
یه‌كێك له خاڵه‌كانى زه‌هره وێنه‌كه‌ى خوارزاكه‌ى له تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان بڵاو ده‌كاته‌وه، به مه‌به‌ستى فرۆشتنى. به‌ڵام وه‌ك زه‌هرا ده‌ڵێ له هه‌مان شه‌ودا دادوه‌رێك هاتووه بۆ ماڵه‌كه‌یان و هاوسه‌رگیریی له‌گه‌ڵ كه‌سێك پێ كردووه له رێى ته‌له‌فۆنه‌وه.
ته‌نانه‌ت نه‌مزانى ئه‌و پیاوه كێیه كه من شووى پێ ده‌كه‌م. زه‌هره وا ده‌ڵێ, ئه‌وه‌شى خسته ڕوو دواتر ڤیزاى یه‌مه‌نى بۆ هاتووه و كاتێك گه‌یشتووه‌ته یه‌مه‌ن، پیره پیاوێكى 65 ساڵى له فڕۆكه‌خانه له پێشوازیدا بووه و خۆی پێ ناساندووه كه پیاوی ئه‌وه و به‌ره‌و هوتێل بردوویه‌تى.
زه‌هراش وه‌ك ئه‌وانى تر دواى ماوه‌یه‌ك مانه‌وه له‌گه‌ڵ ئه‌و پیره پیاوه، ره‌وانه‌ى حه‌یده‌ر ئاباد كراوه‌ته‌وه له‌گه‌ڵ به‌ڵێنى درۆیینه كه جارێكى تر گه‌شتى یه‌مه‌ن بۆ لاى پیاوه‌كه‌ى ده‌كات.
له‌باره‌ی فه‌رحین و زه‌هره و ژنانى تریش هۆكاری سه‌ره‌كى هه‌ژارییه، ئه‌مه‌ش وای كرد جه‌میله نیشاس كۆمه‌ڵه‌ى شاهین دامه‌زرێنێت بۆ هاوكاریكردنى ئه‌و ژنانه‌ى به‌زۆر هاوسه‌رگیری و پشوویان پێ كردوون.
رێكخراوی شاهین كه ئۆفیسه‌كه‌ى ده‌كه‌وێته یه‌كێك له گه‌ڕه‌كه‌كانى حه‌یده‌ر ئاباد، وه‌ك جه‌میله ده‌ڵێ سێ به‌شی كچانى ئه‌و گه‌ڕه‌كه، خانه‌واده‌كانیان بۆ ده‌ستخستنى پاره به شوویان داون.
ئه‌و رێكخراوه خواردن بۆ منداڵان دابین ده‌كات و له قوتابخانه‌كان پێیان ده‌دات تا هانیان بده‌ن له به‌رده‌وامی خوێندن و له برسان نه‌مردنیان.
جه‌میله ئه‌وه‌ش ده‌خاته ڕوو كه باوانى ئه‌و كچانه دان به‌وه‌دا نانێن كه كچه‌كانیان بۆ ده‌ستخستنى پاره فرۆشتووه، به‌ڵكو هه‌وڵ ده‌ده‌ن په‌ره به كاره‌كانیان بده‌ن و بیكه‌نه دیارده‌یه‌كى باوى كۆمه‌ڵایه‌تى.
رابیعه و سوڵتانه دوو كچى هاوڕێی ته‌مه‌نن، به هه‌مان رێی ئه‌وانی تر شوویان كردووه، به‌ڵام دواى ماوه‌یه‌ك بۆیان ده‌ركه‌وت هه‌ردووكیان شوویان به‌یه‌ك پیاو كردووه.
رابیعه ته‌مه‌ن 13 ساڵ، شووى به پیره پیاوێكى عه‌مانى كردووه كه ته‌مه‌نی 78 ساڵه، ئه‌و كاته‌ى باسی شووكردنى به‌و پیره پیاوه ده‌گێڕایه‌وه، به گریانه‌وه گوتى "من و هاوڕێكه‌می به ته‌نیا جێ هێشت، بۆ ماوه‌ى چه‌ند هه‌فته‌یه‌ك هیچی نه‌گوت، له كۆتادا هاوڕێیه‌كه‌م كۆتای به ژیانى خۆی هێنا".
حافز ئیبراز لێكۆڵه‌ر له ئاینى ئیسلام و موفتی ده‌ڵێ، ئه‌و جۆره هاوسه‌رگیرییانه‌ى ناویان ناوه هاوسه‌رگیری پشوو، له راستیدا له‌شفرۆشییه، ئه‌وانه‌ى ئه‌و كاره ده‌كه‌ن و كچانى ئه‌و كۆمه‌ڵگه‌یه بۆ خاتری بڕێك پاره به زۆر به‌شوو ده‌ده‌ن، سووكایه‌تى به كۆمه‌ڵگه‌ی ئیسلامى و ئیسلام ده‌كه‌ن.
عه‌لى خان به‌رپرسی پاراستنى مافه‌كانى منداڵان له تیلانگانا ده‌ڵێ هاناى بۆ مزگه‌وته‌كان بردووه بۆ حه‌رامكردن و رێگریكردن له‌و جۆره هاوسه‌رگیرییه.
ده‌ڵێ "داوامان له مزگه‌وته‌كان كردووه هاوكارییان بكه‌ن له بڵاوكردنه‌وه‌ى رۆشنبیری و ئاگاداركردنه‌وه‌ى خه‌ڵك دژى ئه‌و جۆره هاوسه‌رگیرییه".
ئه‌و هه‌وڵه‌ى عه‌لى خان و خافز ئیبراز ره‌نگه بتوانێ هیوایه‌ك بۆ كچانى تیلانگانا بگه‌ڕێنێته‌وه و هیواى ژیانێكى نوێش به فه‌رحین و ته‌بسم و زه‌هره و رابیعه و ئه‌وانى تریش ببه‌خشێت كه چیتر كۆمه‌ڵگه به سووك سه‌یریان نه‌كات.
رابعه ده‌ڵێ "ئێسته باوكم هه‌ست به په‌شیمانى ده‌كات له‌و كاره‌ى كردوویه‌تى، خۆ ئه‌گه‌ر زووتر ئه‌و رۆشنبیرییه له‌ناو كۆمه‌ڵگه بڵاو بكرایه‌وه، چاره‌نووسی ئێمه وا نه‌ده‌بوو، بۆیه بڵاوكردنه‌وه‌ى رۆشنبیری كاریگه‌ری داناوه به‌سه‌ر هاوسه‌رگیریی پشوو كه نزیك بوو له‌وه‌ى ببێته دیارده".
• ناوه‌كان خوازراون.