ئەمەریكا: حزبوڵا تیرۆریستە و پاڵپشتی لە حكوومەتی لبنان دەكەین

:: PM:04:53:08/11/2017 ‌


وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا بە فەرمی رای گەیاند كە حزبوڵای لبنان گرووپێكی تیرۆریستییە، بەڵام ئەوان بە تەواوی پشتیوانی لە حكوومەتی لبنان دەكەن. ئەو لێدوانەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا دەریدەخات ئەمەریكا دەیەوێت پێش بە چالاكییەكانی حزبوڵای لبنان بگرێت و نەهێڵێت ئەو گرووپە تیرۆریستییە دەست بەسەر لبناندا بگرێت.

وەزارەتەكە رەتیشی دەكاتەوە هیچ پێوەندییەكیان بە دەست لەكاركێشانەوەی سەعد حەریری سەرۆك وەزیرانی لبنان هەبووبێت و ئاگاداری ئەم بڕیارە نەبوون.

بەگوێرەی "ئەلعەرەبیە" بەیاننامەكەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا چەند رۆژ دوای ئەوە بڵاو بووەوە كە سەعد حەریری دەستی لە پۆستەكەی هەڵگرت. ئەو رۆژی شەموو چواری تشرینی دووەم لە سعوودیەوە وازی لە پۆستەكەی هێنا و رای گەیاند كە ئێران دەستی خستووەتە نێو كاروباری لبنان و دەیەوێت ئاژاوە و ناكۆكی لە هەموو ناوچەكە بهێنێتە كایەوە. ئەو باسی لەوەش كردبوو كە هەندێك پیلان بۆ تیرۆركردنی ئەو لە ئارادا بووە، بۆیە بۆ پاراستنی گیانی خۆی لە دەرەوەی وڵات ئەو بڕیارەی داوە.

ئێران و تیرۆر دوو رووی دراوێكن
بە بۆچوونی حەریری لە هەر شوێنێك ئێران دەستێوەردانی تێدا بكات، ئەوا ماڵوێرانی و دووبەرەكی و فیتنەش زیاتر دەبێت و هەڕەشەشی لە ئێران كرد ئەو ئاگر و ناكۆكییەی ئێران بۆ دەرەوەی دەنێرێت رۆژێك بەربینگی ماڵەكەی خۆیشی دەگرێتەوە. 

كۆماری ئیسلامیی ئێران لە ماوەی رابردوودا زۆرترین دەستێوەردانی لە كاروباری عێراق و تەنانەت هەرێمی كوردستانیش هەبووە، بۆیە ئەنجامی ئەو دەستێوەردانە بە شەڕ و ئاڵۆزی و دووبەرەكی لایەنە سیاسییەكانی لێ كەوتووەتەوە و لە عێراقیش تا ئەو رۆژەی هەژموونی ئێران زاڵ بێت، ئەوا توندوتیژی و تیرۆر و ئاڵۆی واز لە عێراق ناهێنێت.

دەست لەكاركێشانەوەی حەریری لە لبنان لە لایەن هەندێك خەڵكەوە پێشوازی لێ كرا و هەندێكی تریش رەخنەیان لێی گرت و میشێل عونیش كە سەرۆك كۆماری لبنانە گوتی، تا ئەو كاتەی بە وردی ئاگاداری هۆكاری دەست لەكاركێشانەوەكە نەبێت، دەست لەكاركێشانەوەكە قبووڵ ناكات.

لەلایەكی ترەوە سامر سەبهان وەزیری كاروباری كەنداوی سعوودیە رای گەیاند، لبنان لە دوای حەریری وەك خۆی نامێنێتەوە و رێ نادرێت لبنان ببێت بە پردی پەڕینەوەی تیرۆر بۆ وڵاتانی عەرەبی. هەروەها گوتی رێبەرانی لبنان دەبێت ئەوە هەڵبژێرن ئایا وڵاتەكەیان دەیەوێت وڵاتێكی تیرۆریستی بێت یان ئاشتیخواز.

زۆرێك لە چاودێرانی سیاسی پێیان وایە ئەو بڕیارەی حەریری لە سعوودیە دای، بە هاوئاهەنگی ئەمەریكا بووە و هەندێك پلانی نوێ دەگیرێتە بەر دژی ئێران و دیاریش نییە بە چ شێوەیەك دەستی ئێران لە ناوچەكە كورت دەكرێتەوە.

یەكێك لە سیاسەتەكانی ترەمپ كە هەر لە دوای هاتنە سەركاری پێداگری لەسەر كردووە ئەوە بووە نابێت رێ بە ئێران بدرێت بە ئارەزووی خۆی ئەسپی هەژموونخوازی تاو بدات و توندوتیژی و تیرۆر بۆ ناوچەكە بگوازێتەوە. گەورەترین كێشە كە لە نێوان ئەمەریكا و ئێران هەبووە پرسی چەكی ناوكیی بووە كە لە كابینەی ئۆباما رێككەوتنی لەسەر كرا، بەڵام ترەمپ دەیەوێت هەڵیبوەشێنێتەوە.

هیلالی شیعی
دەسەڵاتی ئێران لە عێراق زۆر زیاتر پەرەی سەندووە و ئامانجی سەرەكیشی ئەوەیە هیلالی شیعی تەواو بكات و لە رێی عێراق و سووریاوە دەستی بە لبنان و دەریای ناوەڕاست رابگات.

میلیشیاكانی حەشدی شەعبی دوای كۆنترۆڵكردنی تەلەعفەر و دواتریش داگیركردنی ناوچە كوردستانییەكان، زیاتر لە هەموو كاتێك لە خەونی مێژوویی خۆیان نزیك كەوتوونەتەوە. سوپای عێراق و میلیشیاكان لە چەند رۆژی رابردوودا دەروازەی قائیمیان لە نێوان سووریا و عێراق كۆنترۆڵ كرد، ماوەی رابردووش دەستیان بەسەر رەبیعەدا گرت و هەموو هەوڵێكیشیان ئەوەیە بە تەواوی پێوەندی نێوان باشووری كوردستان و رۆژئاوای كوردستان بپچڕن و لە داهاتوویەكی نزیكدا حەشدی شەعبی و سوپای پاسدارانی ئێران بە ئاسانی بتوانن لە تارانەوە بە ئۆتۆمبێل خۆیان بگەیەننە دیمەشق و لبنان.

ئێران لە رێی ئەو هیلالەوە دەتوانێت چەك و پێداویستی سەربازی بۆ حزبوڵای لبنانی بگوازێتەوە و هەر لەوێڕا هەڕەشە بۆ سەر ئیسرائیل و وڵاتانی عەرەبی دروست بكات. 

حزبوڵای لبنان لە پێنج ساڵی رابردوودا لە سووریا بەرگری لە بەشار ئەسەد كردووە و پێوەندییەكانیشی لەگەڵ فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران گەرموگوڕتر بووە، بە یەكەوە خەریكی ئەوەن لە ناوچەكە پیلانەكانی كۆماری ئیسلامی جێبەجێ بكەن، پیلانێك كە هاوكاری هەردوو حكوومەتی عێراق و سووریای لە پشت بووە، هەنگاوێك كە ئەستەمە رۆژئاوا و ئەمەریكا تەنیا لە دوورەوە سەیری بكات.




وشە - سلێمان تاشان