ژنێكی تەمەن ٥٠ ساڵ، دوای ئەوەی لە هاوسەرەكەی جیا دەبێتەوە، بۆ وەرگرتنەوەی منداڵەكانی نزیكەی چوار ساڵ هاتوچۆی دادگای پێ دەكرێت و لە كۆتادا بەهۆی گۆڕینی قسەی منداڵەكان بەزۆری باوكیان لەژێر هەڕەشەی كوشتن منداڵەكانی وەرناگرێتەوە، تا ئەو كاتەی منداڵەكان لە ماڵی باوكیان ڕادەكەن و دەچنە لای دایكیان، باجی ڕاكردنەكەشیان پێنج ڕۆژ گرتنی دایك و براكەیان دەبێت.
(حەلیمە)، ئەو ژنەی بۆ وەرگرتنەوەی منداڵەكانی كە تەمەنیان لە نێوان ١٠ بۆ ٢٠ ساڵدایە، ماوەی چوار ساڵ هاتوچۆی دادگای كردووە و دواتر منداڵەكانی بەو ڕێگەیە وەرنەگرتووەتەوە، ئەو دەڵێت (حامد) هەر بەوەندەوە نەوەستایەوە كە لە ماوەی ٢٧ ساڵی هاوسەرگیری پێی چەشتم، لەدوای جیابوونەوەشمان ناخۆشترین ڕۆژگاری لە تاڵی پێشاندام لە دووری منداڵەكانم، حەلیمە چیڕۆكی ژیانی خۆی بۆ "وشە" باس دەكات و دەڵێت، دایكبوون هێندەی مەزنییەكەی باجدانی دەوێت و منیش ئەوەی بەسەرم هاتووە باجی دایكبوونمە.
٢٧ ساڵ هاوسەری (حامد) بووم و خاوەنی هەشت منداڵین، ژیانێكی خاڵی لە هەموو خۆشییەكمان هەبوو، تاوەكو منداڵەكان گەورەتر دەبوون ئەو خراپتر دەبوو، كار گەیشتە ئەوەی منداڵەكان داوایان لێ دەكردم كە ماڵ جێ بێڵم و تەڵاق وەربگرم بۆئەوەی بە ئاسوودەیی لەگەڵ ئەواندا بژیم، مێردەكەم لەگەڵ ئەوەی كاری باش بوو، بەڵام ڕۆژانە تەنیا پێنج هەزار دیناری بۆ ئێمە جێ دەهێشت، چوار منداڵم لە قوتابخانە بوو، دەبوایە خەرجی ئەوان و دوو سێ ژەم خواردنیشی لێ دروست بكەم.
زیاتر دەڵێت، بێگومان ئێمەی ١٠ سەر خێزان نەمان دەتوانی بەو بڕە پارە كەمە بژین، بۆیە كوڕە گەورەكەم وازی لە خوێندن هێنا و كاری كرد و منیش كاری دەشت و ئیشی ماڵان، ساڵانێك وەها ژیاین من كاركەری دەرەوە و ماڵەوە بووم و حامیدیش دەهاتە سەر حازری و لێدان و خراپی و سووكایەتییەكانی بەردەوام بوون، بۆیە من چیتر خۆم بە ناچاری ژیان لەگەڵ ئەو نەزانی و لێی جیابوومەوە.
دوای جیابوونەوەی حەلیمە لەگەڵ كوڕێكی لە سلێمانی دەژیت و هەموو شتێك ئامادە دەكات بۆ ئەوەی منداڵەكانی بێنێتەوە لای خۆی، ئەو ئاماژە بەوە دەكات، داوام پێشكەش كرد بۆ وەرگرتنەوەی منداڵەكان، ئەو داوایەی من چوار ساڵی هێنام و بردم و حامید هیچ نەما نەیكا بۆئەوەی ئازارم بدات و منداڵەكانم پێ نەدات، سێ جار دادوەریان گۆڕی و سەر لەنوێ من دەستم بە هەموو مامەڵەكان كردەوە، لە دوای چوار ساڵ و كۆتا دادگاییدا كە دەبوایە منداڵەكان بێنەوە لای من، دادوەر بڕیاری دەدا كە بێنەوە لای من و پێی گوتم داوا پێشكەش بكەم بۆ وەرگرتنی (نەفەقە)، بەڵام لەناكاو هەموو شتێك دەگوڕێت.
(حامد)، هەڕەشەی لە واری كچم كردبوو كە ئەگەر بڵێن دایكیان دەوێت ئەوا دەیانكوژێت، هەر بۆیە لە كۆتا دادگایدا قسەی خۆیان دەگۆڕن و بە ڕووی دایكیاندا دەڵێن باوكمان دەوێت.
حەلیمە دەڵێت دوای ئەو دادگایە دوو مانگ كەوتمە سەر جێگە و دنیام بەوەی كە تێیدا هەیە، لەبەر چاوكەوت هیچ شتێك بۆ من مانای نەما و رەنج و هەوڵی چوار ساڵم لە چوار خولەكدا بەفیڕۆ ڕۆیی، هەمیشە بە تەلەفۆن قسەم لەگەڵ دەكردن و دەمزانی منداڵەكانم لە چ ئازارێكدا دەژین، كارم بۆ ماڵان دەكرد و پارەكەم بە براكەیاندا بۆ كچەكانم دەنارد تا ئەو ڕۆژەی منداڵەكانم بێزاربوون و ڕایان كرد لەدەست باوكیان.
حەلیمە باسی ڕاكردنی منداڵەكانی دەكات لە ماڵەوە و دەڵێت من ئاگەداری هیچ نەبووم و پێشبینی ئەوەشم نەدەكرد بەو شیوەیە ڕابكەن لەدەست باوكیان، بەیانییەكی زوو ژمارەیەكی نەناسراو پێوەندی پێوە كردم و گوتی كە كچەكانت دەیانەوێت قسەت لەگەڵدا بكەن، كاتێك قسەم لەگەلیاندا كرد، گوتیان لە ترسی باوكیان مۆ بایلەكەیان داخستووە و ڕایان كردووە و لە گەراجی سلیمانین، بۆیە لەگەڵ كوڕەكەم بە پەلە تەكسیمان گرت و چووین بەدوایاندا.
هەر ئەو ڕۆژە حەلیمە و كوڕەكەی دەگیرێن بە تاوانی ڕفاندنی مندڵەكانی، ئەو باس لەوە دەكات ئەو ئاگەداری هاتنی منداڵەكانی نەبووە، بەڵام ناشی شارێتەوە كە لە گەراج چووە بە دوایاندا و پەشیمانیش نییە.
ماوەی پینج ڕۆژ حەلیمە و كوڕەكەی دەست بەسەر دەبن، دواتر بە كەفالەت ئازاد دەكرێن تاوەكو ڕۆژی دادگاییكردنیان، لە ڕۆژی دادگاییدا ئیتر كێشەكە كۆتایی دێت و مندالەكان ڕاستی هەموو بابەتەكە بە دادوەر دەڵێن و بەیەكجاری دەدرێنەوە بە دایكیان.
ئێستە حەلیمە و كچەكانی و كوڕەكەی بەیەكەوە دەژین، ئەو دەڵێت ژیان لەگەڵ منداڵەكانی واتایەكی تری بەژیانی داوە و مانای ئاسودەیی ڕاستەقینە هەست پێ دەكەن، ئەو دەڵێت هەرچەند پەیداكردنی بژێوی و ژیان ماندووی كردوون، بەڵام ئاسودەترن لەو كاتەی لە سێبەری پیاوێكدا دەژیان كە وەك كۆیلە دەیچەوساندنەوە.
هەولێر/ ئیڤان عەبدورەحمان