رێبوار تاڵه‌بانى سه‌رۆكى ئه‌نجوومه‌نى پارێزگاى كه‌ركووك به وه‌كاله‌ت ده‌ڵێ، ناگه‌ڕێینه‌وه كه‌ركووك تا دۆخه‌كه نه‌گه‌ڕێته‌وه پێش 16ى ئۆكتۆبه‌ر، یه‌كێتیش به‌بێ لیستى برایه‌تیى كه‌ركووك، ناتوانێت پارێزگار بۆ كه‌ركووك دابنێت.
تاڵه‌بانى كه ماڵه‌كه‌ى له كه‌ركووك تاڵان كراوه و له‌لایه‌ن عه‌سائیبی ئه‌هلی حه‌ق داگیر كراوه، له دیمانه‌یه‌كى تایبه‌تی "وشه"دا باس له‌وه ده‌كات كه كورد هه‌یه رێنوێنى حه‌شدی شه‌عبی ده‌كات بۆ چوونه سه‌ر ماڵه كورده‌كان، به تایبه‌ت ئه‌و ماڵی ئه‌وانه‌ی له ریفراندۆم و هه‌ڵكردنى ئاڵای كوردستان رۆڵیان هه‌بووه. تاڵه‌بانی دووپاتی ده‌كاته‌وه "ئه‌وانه جیاوازییان نییه له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌ى رێككه‌وتنیان كرد بۆ هاتنه ناوه‌وه‌ی حه‌شدی شه‌عبی بۆ كه‌ركووك و وه‌ك یه‌ك خیانه‌تكار و خۆفرۆشن".
ئه‌گه‌ر له‌وه ده‌ست پێ بكه‌م، 16ى ئۆكتۆبه‌ر چی رووی دا؟
پێش 16ى ئۆكتۆبه‌ر په‌رله‌مانى عێراق پاكێجێك بڕیاری ده‌ركرد، به‌ڵام پێش 16ى مانگ هیچ نووسراوێكى فه‌رمى بۆ ئه‌نجوومه‌نى پارێزگاى كه‌ركووك نه‌هاتووه كه هێز دێته ناو كه‌ركووك، ته‌نانه‌ت سه‌رۆك وه‌زیران عه‌بادی خۆی تا سه‌عات سێ بۆ چواری به‌یانى ئاگاداری جووڵه‌ى هێز نه‌بووه بۆ كه‌ركووك، دواتریش كه فه‌رمانی ده‌ركردووه، هێشتا فه‌رمانه‌كه به‌ده‌ست ئه‌نجوومه‌نى كه‌ركووك نه‌گه‌یشتووه. پێش جووڵه‌ى هێزیش سه‌رۆك كۆمار له دووكان له‌گه‌ڵ پارتى و یه‌كێتى له كۆبوونه‌وه‌دا بووه و هێشتا نه‌گه‌ڕابووه‌وه به‌غدا، هێز جووڵێنرا.
ئه‌وه‌ى كه روونه هیچ نووسراوێك نییه بۆ جووڵه‌ى ئه‌و هێزه‌ى ئێسته له كه‌ركووكن، ئه‌مه‌ش پێچه‌وانه‌ى ده‌ستوور و یاسای ژماره 21ـه كه ده‌بێت به هاوئاهه‌نگی بێت له‌گه‌ڵ پارێزگاكه و هۆكاره‌كه‌ش روون كرابێته‌وه، ئه‌مانه هیچی رووی نه‌داوه.
له ناوخۆى یه‌كێتی هێشتا یه‌كلا نه‌كراوه‌ته‌وه كه رێككه‌وتن كراوه یان نا، وه‌ك سه‌رۆكى ئه‌نجوومه‌ن ئاگادارن هیچ رێككه‌وتنێك كرابێت؟
له رووى ده‌ستووری و یاسایییه‌وه ئه‌وه‌ى له خورماتوو تا كه‌ركووك رووی داوه ده‌ستووری نییه و ئه‌وه‌شی رووی داوه گه‌یشتووه‌ته ئاستى جینۆساید. له رووه سیاسییه‌كه‌ى له لیستى برایه‌تى كه‌ركووك هه‌موو حزبه كوردستانییه‌كان به‌شدارن، هیچ ئه‌ندامێك ته‌نانه‌ت له ئه‌ندامانى یه‌كێتیش رۆژێك به ئێمه‌ى نه‌گوتووه ئه‌وه روو ده‌دات، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر یه‌كێتى وه‌ك حزب ئاگادار بووایه، ئه‌وا پێشمه‌رگه‌كانى یه‌كێتیش به‌شێكیان ئاگادار نه‌بوونه و به‌رگرییان كردووه و شه‌هید و برینداریان هه‌یه، بۆیه ئه‌گه‌ر ئاگادارییه‌كى سه‌ربازیش هه‌بووایه، ئه‌وا شه‌هید و بریندار نه‌ده‌بوون، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر ئاگاداری پێشوه‌خته هه‌بووایه، ئه‌وا حزبه كوردستانییه‌كانیش به‌یاننامه‌ى هاوبه‌شیان ده‌بوو تا خه‌ڵكی كه‌ركووك زیانیان به‌رنه‌كه‌وێت، به‌ڵام ئه‌مانه هه‌موویان خه‌ڵك لێى بێ‌ئاگا بوون.
كه‌ركووك ئێسته داگیر كراوه و ئێوه و هه‌ندێك لایه‌نى تر قه‌ده‌غه‌ن و هه‌ندێكیش ماونه‌ته‌وه، وه‌ك سه‌رۆكى ئه‌نجوومه‌ن هۆی داگیركردنه‌كه چیی لێ تێده‌گه‌ن؟
ئه‌وه‌ى روونه پارتى به پله‌ى یه‌كه‌م كراوه‌ته ئه‌نجام و باره‌گاكانى داگیر كراوه و ماڵى كادره‌كانى داگیر كراوه، پاشان لایه‌نه‌كانى تر به یه‌كسانى زیانیان به‌ركه‌وتووه. ئێسته ماڵه‌كه‌ى من عه‌سائیب ئه‌هل حه‌ق داگیریان كردووه، كه‌چی ده‌ڵێن كه‌ركووك ئارامه و داوا ده‌كه‌ن بگه‌ڕێینه‌وه شاره‌كه.
هێشتا هۆی داگیركردنه‌كه روون نه‌كراوه‌ته‌وه، یه‌كێتى خۆیشی نازانێت چی رووی داوه، ئه‌مه‌یه وای كردووه لیژنه‌ى لێكۆڵینه‌وه‌ی بۆ پێك بێنێت، بزانین ده‌رئه‌نجامى لیژنه‌كه چیی لێ دێت.
وه‌ك ئه‌نجوومه‌ن رازین نه‌جمه‌دین كه‌ریم لا بدرێت؟
ئه‌نجوومه‌نى پارێزگاى كه‌ركووك بڕیاری لادانى نه‌جمه‌دین كه‌ریمی ره‌ت كردووه‌ته‌وه، دانانى پارێزگاریش به پێى یاسای 71ى برێمه‌ر ده‌بێت له ئه‌نجوومه‌ن بێت، بۆیه بڕیاره‌كه‌ى ئه‌نجوومه‌ن ده‌بێت جارێكى تر به بڕیاری ئه‌نجوومه‌نه‌كه هه‌ڵوه‌شێته‌وه، ئینجا قسه له‌سه‌ر دانانى پارێزگارێكى تر بكرێت.
به‌نیازن بگه‌ڕێنه‌وه بۆ كه‌ركووك؟
گه‌ڕانه‌وه‌مان یان نا، پێوه‌سته به كۆده‌نگی ماڵى كوردی كه لیستى برایه‌تیی كه‌ركووكیان دروست كردووه، به نووسراوی فه‌رمى داوامان لێ كردوون بگه‌ڕێینه‌وه یان نا، هێشتا وه‌ڵامى لیسته‌كه‌یان نه‌داوه‌ته‌وه كه بگه‌ڕێینه‌وه یان نا. وه‌ك لیستى برایه‌تى دڵگرانین له ده‌ره‌وه‌ى كه‌ركووكین، ده‌مانه‌وێ له شاره‌كه‌ى خۆمان بین، به‌ڵام له كه‌شێكى وه‌ك ئێسته نا، به‌ڵكو له كه‌شێكى ئارام ده‌گه‌ڕێینه‌وه و ده‌بێت بڕیار به‌ده‌ست بین، به‌و مانایه‌ى ئه‌گه‌ر بارودۆخه‌كه وه‌ك پێش 16ى ئۆكتۆبه‌ری لێ بێته‌وه، ئه‌وا ده‌گه‌ڕێینه‌وه.
هیچ حزبێك وه‌ڵامى داونه‌ته‌وه؟
چوار رۆژه نووسراومان كردووه و هێشتا هیچ حزبێك وه‌ڵامى نه‌داوه‌ته‌وه.
چۆن ده‌گه‌ڕێنه‌وه له كاتێكدا به‌غدا بڕیاری داوه سه‌ركردایه‌تیى كرده‌وه‌گه‌لى رۆژهه‌ڵاتى دیجله ئیداره‌ى شاره‌كه بدات؟
ئه‌نجوومه‌نى پارێزگاى كه‌ركووك بڕیارێكى هه‌یه كه نابێت هیچ كرده‌وه‌گه‌لێكی سه‌ربازی بێته ناو كه‌ركووك، ئه‌و بڕیاره له‌كاتى هاتنى كرده‌وه‌گه‌لى دیجله ده‌رچووه، بۆیه ده‌بێت سه‌ره‌تا ئه‌نجوومه‌ن ئه‌و بڕیاره هه‌ڵوه‌شێنێته‌وه، كه‌واته ئه‌وه‌ى ئێسته هه‌یه نایاسایییه و ده‌سه‌ڵاتى سه‌ربازی حوكمی كه‌ركووك ده‌كات.
كه‌واته چۆن ده‌گه‌ڕێنه‌وه؟
ده‌بێت پرسی ئیداره‌ى شاره‌كه به‌شێك بێت له دانوستاندن و گفتوگۆی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا، تا دۆخى شاره‌كه هێور نه‌بێته‌وه، ناگه‌ڕێینه‌وه.
به‌ڵام لایه‌نێكى سیاسی بانگه‌شه‌ى ئه‌وه ده‌كات كه كه‌ركووك ئارامه؟
ته‌قینه‌وه‌كه‌ی رۆژى یه‌كشه‌م باشترین وه‌ڵامه بۆ ئه‌وانه‌ی ده‌ڵێن كه‌ركووك ئارامه.
قسه له‌سه‌ر ئه‌وه‌یه باڵێك له ناو یه‌كێتى رێككه‌وتنى له‌گه‌ڵ حه‌شدی شه‌عبی كردووه، له كاتێكدا كه‌ركووك شاری جه‌ماوه‌ری و سیاسیی یه‌كێتی خۆی بوو، زانیاریش هه‌یه كه ئاسۆ مامه‌ند به‌رپرسی مه‌ڵبه‌ندی كه‌ركووك بێ پاسه‌وان ده‌چێته شاره‌كه و مه‌ڵبه‌ندیش پاسه‌وانی نه‌ماوه. پرسیاره‌كه ئه‌وه‌یه ئه‌و باڵه‌ى ناو یه‌كێتى بۆ وای كرد كه ئێسته خۆیشیان ناتوانن به چه‌كه‌وه بچنه‌وه شاره‌كه‌ی خۆیان و له شكۆیان دراوه؟
خۆیان وه‌ڵامیان داوه‌ته‌وه، له ناوخۆیاندا هه‌ندێك ده‌ڵێن بێئاگاین، هه‌ندێك ده‌ڵێن خیانه‌ت كراوه، بۆ ئه‌مه‌ش لیژنه‌یان پێك هێناوه با بزانین ئه‌نجامه‌كه‌ى چی ده‌بێت. بۆیه پێكهێنانى لیژنه‌كه پێمان ده‌ڵێ به‌شێكیان ئاگاداری رێككه‌وتنه‌كه نین و ره‌نگه له‌ناو ئه‌و باڵه‌ى رێككه‌وتنه‌كه‌شی كردووه هه‌ندێكیان ئاگاداری رێككه‌وتنه‌كه نه‌بن، بۆیه ئه‌وه‌ى له خورماتوو تا كه‌ركووك روو ده‌دات، ته‌نیا له شكۆى كورد نه‌دراوه، به‌ڵكو له شكۆی یه‌كێتیش دراوه كه ده‌ڵێن رێككه‌وتنی هه‌بووه، بۆیه ئێسته به‌رپرسانى ئه‌و حزبه‌ش ده‌بێت بێ پاسه‌وان و بێ چه‌ك بچنه كه‌ركووك و باره‌گاكانیشیان بێ پاسه‌وانن و پۆلیس پاسه‌وانیان ده‌كات. ده‌بێت یه‌كێتى خۆی لێكۆڵینه‌وه بكات و لێپرسینه‌وه له‌و كه‌سانه بكات كه وا رێككه‌وتنێكى كردووه.
یه‌كێتى دواى 16ى ئۆكتۆبه‌ر زۆر هه‌وڵی دا پۆستى پارێزگار پڕ بكاته‌وه و رزگار عه‌لى كاندیده، به‌ڵام بۆیان نه‌چووه‌ته سه‌ر و توركمان داوا ده‌كات پۆسته‌كه به‌وان بدرێت. بۆ یه‌كێتى نه‌یتوانى ئه‌و پۆسته پڕ بكاته‌وه؟
پارێزگار و سه‌رۆكى ئه‌نجوومه‌ن و پۆسته‌كانى تریش ده‌بێت به‌پێی یاسای 71 یان 21ى هه‌مواركراو ئه‌نجوومه‌ن بڕیاری له‌سه‌ر بدات، گه‌وره‌ترین لیستى ئه‌نجوومه‌نه‌كه‌یش كه 26 كورسیی هه‌یه، لیستى برایه‌تیى كه‌ركووكه كه به رێككه‌وتنێكى سیاسی پۆسته‌كانى ده‌ستنیشان كردووه.
ئه‌گه‌ر بڕیاری لادانى نه‌جمه‌دین كه‌ریم وه‌ك باسم كرد چووه سه‌ر، بۆ ده‌ستنیشانكردنى پارێزگاری نوێ ده‌بێت لیستى برایه‌تى كۆ ببێته‌وه تا بزانین چ بارودۆخێك و چ پارێزگارێك بۆ كه‌ركووك باشه و پارێزگاریش چ ده‌سه‌ڵاتێكى هه‌بێت. ئه‌گه‌ر بزانین كاندیده‌كه‌ى هه‌ڵده‌بژێرێت هه‌مان ده‌سه‌ڵاتى پێش 16ى ئۆكتۆبه‌ری هه‌یه و هه‌ر پێنج حزبه‌كه رێككه‌وتنیان له‌سه‌ر كردووه، ئه‌وا ئه‌نجوومه‌نى پارێزگا كۆ ده‌بێته‌وه و پۆسته‌كه ده‌درێته ئه‌و كه‌سایه‌تییه.
به‌ڵام یه‌كێتى رای گه‌یاندووه كه رزگار عه‌لی كاندیدی یه‌كێتی نیشتمانى كوردستانه و فراكسیۆنى یه‌كێتیش ناتوانێ به ته‌نیا رزگار عه‌لی یان هه‌ر كاندیدێكى تر بكات به پارێزگار له جێى نه‌جمه‌دین كه‌ریم، چونكه ته‌نیا حه‌وت ئه‌ندامیان هه‌یه به‌رامبه‌ر به 15 ئه‌ندامى عه‌ره‌ب و توركمان، بۆیه به‌بێ لیستى برایه‌تیى كه‌ركووك ناتوانێ هیچ بكات. ئه‌مه وای كردووه ئاسۆ مامه‌ند داواى كۆبوونه‌وه‌ى لیسته‌كه‌ى كردووه.
وه‌ك لیستى برایه‌تى به رزگار عه‌لى رازین؟
وه‌ك باسم كرد ده‌بێت پێنج حزبه‌كه رازی بن، ئێمه‌ش وه‌ك ئه‌ندامانى ئه‌نجوومه‌ن رای خۆمان ده‌بێت و له كۆبوونه‌وه‌ى لیسته‌كه ده‌خرێته به‌رباس.
به‌ڵام به‌غدا ده‌ڵێ پارێزگاری داهاتووى كه‌ركووك ده‌بێت له ژێر فه‌رمانى به‌غدادا بێت؟
ئه‌وه یه‌كێكه له كێشه‌كان كه قبووڵى ناكه‌ین، پارێزگارێكمان ده‌وێت توانا و ده‌سه‌ڵاتى هه‌بێت و خزمه‌تى كه‌ركووك بكات.
هه‌ڵكوتان و سووتاندنى ماڵان و باره‌گاكان، هه‌ڕه‌مه‌كی بووه یان پیلان بۆ داڕێژراو بووه؟
پیلان بۆ داڕێژراو بووه و به‌پێى لیستێكى ئاماده‌كراو به‌ڕێوه ده‌چێت، ته‌نانه‌ت خه‌ڵكى كوردیش هه‌ن رێنوێنییان ده‌كه‌ن و ده‌یانبه‌ن بۆ شوێنى مه‌به‌ست و داواكراو.
ئه‌و كوردانه‌ی ئه‌و كاره ده‌كه‌ن، ده‌گوترێت له یه‌كێتیى نیشتمانیى كوردستانن؟
زانیاریی ئه‌وه‌م نییه، به‌ڵام ئه‌وانه كه‌سانى خیانه‌تكار و خۆفرۆشن و كورد و عه‌ره‌ب و توركمانیشی تێدایه.
چ جیاوازییه‌ك له نێوان ئه‌وانه‌ى رێككه‌وتنی 16ى ئۆكتۆبه‌ر و ئه‌و كوردانه هه‌یه؟
هه‌ردووكیان خیانه‌تیان كردووه، خیانه‌تكاریش هه‌ر خیانه‌تكاره و عه‌ره‌به‌كان پێش ئێمه به خیانه‌تكار ناویان ده‌به‌ن.
ئه‌و هاوكێشه‌یه لاى ئێوه چى ده‌گه‌یه‌نێ كه جگه له یه‌كێتیى نیشتمانیى كوردستان، زۆرینه‌ى لایه‌نه‌كانى تر له كه‌ركووك قه‌ده‌غه‌ن؟
ئه‌و حزبانه‌ى له كه‌ركووك ماونه‌ته‌وه، وه‌ك پێش 16ى ئۆكتۆبه‌ر ده‌سه‌ڵات و چالاكییان نییه، بۆیه سانسۆر له‌سه‌ر هه‌موو حزبه‌كان هه‌یه. یه‌كێتیش ناتوانێ وه‌ك پێش 16ى ئۆكتۆبه‌ر چالاكی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تى بكات، ئێسته باره‌گاكانیان پۆلیس ده‌یپارێزێت. به‌ڵام به گشتى پارتى دیمو‌كراتى كوردستان زۆرترین زیانی به‌ركه‌وتووه، جگه له باره‌گاكانى، ئه‌وا ئه‌و فه‌رمانبه‌ر و به‌رپرسی به‌ش و به‌ڕێوه‌به‌رانه‌ى له فه‌رمانگه و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كانى كه‌ركووك هه‌یبووه لا دراون، ته‌نانه‌ت یه‌كێتییه دڵسۆزه‌كانیش له پۆسته‌كانیان وازیان هێناوه. دواى پارتى، لایه‌نه سیاسییه‌كانى تریش وه‌ك یه‌ك زیانیان به‌ركه‌وتووه.