ئەمڕۆ نۆی تشیرینی دووەم ساڵی ٢٠١٧، لە کۆڕێکی ئەدەبی و ڕۆشنبیری لە شاری هەولێر، کتێبی شیعری "ئارا... بەستەی ژیان و مەرگ" بڵاوکرایەوە.
ئەمڕۆ لە یەکێتی نووسرانی کورد لقی هەولێر، لە ڕێوڕەسمێکی تایبەتدا، بە ئامادەبوونی چەندان نووسەر و شاعیر و مامۆستای زانکۆ، کتێبی "ئارا... بەستەی ژیان و مەرگ" بەسەر ئامادەبوواندا دابەش کرا.
ئازا حەسیب قەرەداغی بە "وشە"ی ڕاگەیاند: "ئەم کتێبەم بۆ ئازیزترین کەسمە، بە ڕۆووحی ئارای کوڕم پێشکەشم کردووە."
لە ڕێوڕەسمێکی شایستەدا ئەمڕۆ کۆڕێک بۆ نووسەر و ڕۆشنبیر "ئازا حەسیب قەرەداغی" ڕیکخرا و تێیدا قسەی لەسەر کۆتا کتێبی خۆی بە ناونیشانی "ئارا... بەستەی ژیان و مەرگ" کرد.
نووسەر لەم کۆڕەدا، کورتە باسێکی لە بارەی کتێبەکەی بۆ ئامادەبووان باس کرد و بە پوختی تەواوی پەیامی کتێبەکەی "ئارا... بەستەی ژیان و مەرگ" بە گوێی گوێگراندا، گەیاند.
قەرەداغی لە کۆڕەکەیدا چەندان دەقی شیعری خوێندەوە، ئەمە یەکێکە لە دەقە شیعرییەکانی، لە دەقی "بێ تۆ چۆنم" شاعیر دەڵێ:
با بۆت باس کەم چۆنم بێ تۆ
خەونت دیوە
سارد و سڕ و بێڕەنگ و بۆ؟
شارت دیوە
خەراباتی چۆڵ و هۆڵ و بێ هاتوچۆ؟
باخت دیوە
بێ درەخت و گەڵا و چرۆ؟
خەمت دیوە
بێ هەژموون و بێ تان و پۆ؟
مێژووت دیوە
بێ سەروەری و بەبێ شکۆ؟
سوپات دیوە
تێکشکاو و دەست بە ئەژنۆ؟
ئەوە منم ئێستا بێ تۆ