له‌سه‌ر كوردستان هەشت سیناتۆری ئەمەریكی نامه‌ بۆ عەبادی ده‌نێرن

:: AM:10:58:10/11/2017 ‌
ژمارەیەك لە سیناتۆرانی ئەمەریكا كە ئەندامی هەردوو پارتی كۆماری و دیموكراتن، نامەیەكیان ئاڕاستەی حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق كردووە و تیایدا داوادەكەن، كورد بپارێزرێت و حەشدی شەعبی لە ناوچە هەستیارەكاندا بكشێنەوە.

بەپێی ئەو هەواڵەی لەچەند ماڵپەرێكی ئەمەریكی بڵاو كراوەتەوە، نامەكەی واژوو كراوە لە لایەن هەشت سیناتۆر و لە نامەكەیاندا بۆ عەبادی ئەو سیناتۆرانە نووسیویانە، پاراستنی هاووڵاتییانی كورد و كەمینەكان بۆ ئەوان ئەوپەڕی گرنگەیە، نیگەرانی خۆیشان لە بەكارهێنانی چەكی ئەمەریكی دژی كورد دەربڕیوە لە كاتێكدا ئەمەریكا كارێكی زۆری كردووە بۆ پـڕچەككردن و مەشق و ڕاهێنان بە هێزە تەناهییەكانی عێراق.

لە نامەكەدا نیگەرانی تایبەتی خۆیان دەربڕیوە لە بەرانبەر ڕۆڵی ئێران لە ناوچەكەدا و دەڵێن" پاراستنی كورد لە ئێرانیـیەكان پـرسێكی زۆر گرنگە بۆ ئەمەریكا".

سیناتۆرەكان دووپاتیان كردۆتەوە كە پـێویستە هێزەكانی حەشدی شەعبی لە ناوچە هەستیارەكان نەمێنن و پـێویسە ئەركی ئاسایشی لەو ناوچانە تەنیا لە دەستی هێزە تەناهییە فەرمیـیەكاندا بێت.

لە نامەكەدا داوایانكردووە كە عەبادی ڕازی ببێت بە سڕكردنی ئەنجامی ڕیفراندۆم و دەست بكات بە گفتوگۆ لەگەڵ حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ دۆزینەوەی ڕێگە چارەیەكی دەستووری بۆ ئەم تەنگژانەی ئێستە.




وشە - سه‌رخێڵ هاشم