وەزارەتی دارایی بە فەرمی ژمارەی خانەنشینانی هەرێمی كوردستانی ڕاگەیاند

:: PM:04:06:10/11/2017 ‌
وەزارەتی دارایی و ئابووری حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە فەرمی ژمارەی خانەنشینانی بەپێی ئاماری سیستەمی بایۆمەتری مووچە ئاشكرا كرد، ئەوەش وەك وەڵامێك بۆ پەرلەمانتارێكی كۆمەڵی ئیسلامی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق.

ئەمڕۆ هەینی 10ی تشرینی دووەم، وەزارەتی دارایی و ئابووری حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕوونكردنەوەیەكی بڵاو كردەوە و تێیدا هاتووە، بە پێی ئاماری بایۆمەتری مووچە، دوو سەت و چل و چوار هەزار خانەنشین، مووچەی خانەنشینی وەردەگرن لە هەرێمی كوردستان كە ئەوانیش پێكهاتوون لە خانەنشینانی (فەرمانبەرانی شارستانی و پۆلیس و هێزەكانی ناوخۆ  و كارمەندانی دەزگەی گشتی ئاسایش و ئەنجوومەنی ئاسایش و خانەنشیانی پێشمەرگە و كەم ئەندامی سەنگەر ).

لە ڕوونكردنەوەكەدا هاتووە، ئەو خانەنشینانە هەریەكە و بەپێی یاسایی تایبەت بەخۆی مووچە وەردەگرن و ئێستە لیژنەیەكی تایبەت پێكهێنراوە لە سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتی دارایی و ئابووری و وەزارەتی پێشمەرگە و لایەنە پێوەندیدارەكان بۆ بە دواداچوون لە مووچەی ئەو خانەنشینانەی كە یاساكان نایانگرێتەوە، لەگەڵ ڕەچاوكردنی پێَگەی ئەو كەسانەی كە بە شێوازێكی تایبەت ڕۆڵیان هەبووە لە شۆڕشەكانی ڕزگاری خوازی كوردستان.

ڕوونكردنەوەكەی وەزارەتی دارایی و ئابووری حكوومەتی هەرێمی كوردستان وەك وەڵامێك بۆ لێدوانەكانی ئەحمەد حاجی ڕەشید پەرلەمانتاری كۆمەڵی ئیسلامی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بڵاو كراوەتەوە كە زیاتر لەو ژمارەیەی وەك خانەنشینانەی هەرێمی كوردستان ڕاگەیاندبوو.




وشە - سه‌رخێڵ هاشم