حه‌ز ده‌كه‌ی بۆ ده‌وام دوا نه‌كه‌وی؟


كێمان هه‌یه‌ هاوڕێیه‌ك یان نزیكێكی نه‌بێ كه‌ ڕۆژانه‌ دره‌نگ ده‌گه‌نه‌ ده‌وام و هه‌رگیز پابه‌ند نین به‌ واده‌ی دیاریكراوی هیچ شتێكه‌وه‌؟ هه‌ندێ كه‌س هه‌یه‌ هه‌رچۆنێك هه‌وڵ بده‌ن كاته‌كانیان وا ڕێك بخه‌ن كه‌ زوو بگه‌نه‌ شوێنه‌كان، به‌ڵام هه‌رگیز ناتوانن.

هه‌ندێ جار ئه‌م ڕه‌فتاره‌ بۆ خاوه‌نه‌كه‌ی ده‌بێته‌ جێی ته‌ریقبوونه‌وه‌ و شه‌رمه‌زاری، ته‌نانه‌ت هه‌ندێ جار مه‌ترسی لێ ده‌كه‌وێته‌وه‌، بۆ نموونه‌ له‌وانه‌یه‌ له‌ كاره‌كه‌ی ده‌ربكرێ، یان واده‌ی گرێبه‌ستێكی هه‌بێ، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له‌ كاتی خۆی نه‌گه‌یشتووه‌ هه‌ڵبوه‌شێته‌وه‌.

له‌ سه‌رووی هه‌موو ئه‌م خاڵه‌ نه‌رێنییانه‌ی هه‌یه‌تی، ترووسكایی هیواش هه‌یه‌، ئه‌وه‌تا توێژینه‌وه‌یه‌كی زانستیی نوێ ئاشكرای ده‌كات ئه‌وانه‌ی كه‌ هه‌میشه‌ دوا ده‌كه‌ون، گه‌شبین و كراوه‌ترن و كه‌متر به‌ دۆخه‌كان ده‌شڵه‌ژێن، له‌ كاتی سه‌رنه‌گرتنی پلانێكیش، تووشی ڕووخان و په‌ستانی ده‌روونی نابن.

وه‌ك ڕۆژنامه‌ی "ئیندبندنت" بڵاوی كردووه‌ته‌وه‌، به‌ زۆری ئه‌وانه‌ی كه‌ ورد نین له‌ واده‌كانیان و هه‌میشه‌ دوا ده‌كه‌ون، خۆڕسكانه‌ هه‌ڵسوكه‌وت ده‌كه‌ن و كراوه‌شن بۆ خه‌ڵك، چونكه‌ پابه‌ندیش نین به‌ ئه‌تیكێتی قسه‌كردنیشه‌وه‌.

"دیانا دیلۆنزۆر" پسپۆڕی بواری به‌ڕێوه‌بردنی كات كه‌ كتێبێكی داناوه‌ به‌ ناوی "ئیتر دوا ناكه‌وم" ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌دات، ئه‌وانه‌ی له‌ واده‌كانیان دوا ده‌كه‌ون، كه‌سانی گه‌شبینن، ته‌نانه‌ت زۆر جار له‌ سه‌رووی واقیعی خۆیانن، ئه‌مه‌ش كاریگه‌ری له‌سه‌ر تێگه‌یشتنیان له‌باره‌ی كات دروست كردووه‌،  چونكه‌ هه‌میشه‌ وا ده‌زانن كاتێكی زیاتر ماوه‌ و ده‌كرێ ئێسته‌ نه‌بێ دواتر بێت و هه‌میشه‌ ده‌توانن به‌بێ په‌له‌په‌ل كاره‌كانیان ئه‌نجام بده‌ن.

سه‌رچاوه‌/ ئه‌لعه‌ره‌بییه‌


وشە - كوردۆ شابان


PM:06:06:10/11/2017




ئه‌م بابه‌ته 558 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌