عه‌لی ته‌ته‌ر به‌رپرسی لقی هه‌شتی پارتی دیموكراتی كوردستان له زاخۆ، له‌م دیمانه‌یه‌ی "وشه"دا به وردی باس له رووداوه‌كانی ئه‌م دوایییه‌ی زاخۆ ده‌كات و هه‌ڵوێستی حزبه‌كه‌ی له‌باره‌ی رووداوه‌كانی كه‌ركووك و دۆخی پێوه‌ندییه‌كان له دوای 16ی ئۆكتۆبه‌ر ده‌خاته ڕوو.
پێوه‌ندیتان له‌گه‌ڵ یه‌كێتی دوای 16ی ئۆكتۆبه‌ر چۆن ده‌بێ؟
پارتی به‌رچاوترین و دیارترین لایه‌نی سیاسیی باشووری كوردستانه كه زۆر به راشكاوانه هه‌ڵسوكه‌وت له‌گه‌ڵ رووداو و گۆڕانكارییه‌كان ده‌كات و هه‌ڵوێستی هه‌بووه و خاوه‌ن بڕیاری خۆی بووه، هه‌میشه له‌گه‌ڵ ئه‌وه بووه كه خۆی دوور بگرێت له شه‌ڕ و ئاژاوه و به دانوستاندن و تێگه‌یشتن هه‌موو كێشه ناوخۆیییه‌كانی كوردستان و ده‌ره‌وه چاره‌سه‌ر بكات. دوای نهخوشكهوتنی مام جه‌لال، یه‌كێتی به‌ره‌و په‌رته‌وازه‌یی چووه و كه مام جه‌لال كۆچی دوایی كرد، پهرتهوازیییهكه زیاتر ده‌ركه‌وت، له‌به‌رئه‌وه زۆر گرنگه جارێكی تر یه‌كێتی سه‌رله‌نوێ ناوماڵی خۆی رێك بخات، به تایبه‌تی له رووی سه‌ربازی و سیاسییه‌وه، دواتر له‌گه‌ڵ پارتی هه‌موو كێشه‌كان و ئه‌و بارودۆخه‌ی ئێسته له كوردستان هه‌یه، چاره‌سه‌ر بكه‌ن و تێیپه‌ڕێنن.
كه‌واته ئه‌و رووداوانه‌ی له كه‌ركووك و ناوچه كوردستانییه‌كان دروست بووه، كێ لێی به‌رپرسیاره؟
به راشكاوانه ئه‌وه ده‌ڵێین كه باڵێكی ناپاكی ناو لایه‌نێكی سیاسی، هۆی سه‌ره‌كی رووداوه‌كانی كه‌ركووك و ناوچه‌كانی تره، به‌ڵام ده‌بێت ئه‌وه‌ش بزانین كه ئه‌وه‌ی ئێسته له كه‌ركووك و خورماتوو و ناوچه كوردستانییه‌كان دروست بووه، له ئه‌نجامی په‌رته‌وازه‌یی ناوماڵی كورد و هێزه چه‌كداره‌كان بووه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا نابێت هه‌موو ئه‌و رووداوانه به‌و شێوه‌ی رووی داوه به‌جێ بێڵین و ته‌نیا سه‌یر بكه‌ین، به‌ڵكو ده‌بێت جارێكی تر هه‌موو هێزه‌كانی كوردستان پێكه‌وه كار بكه‌ن بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و كێشانه، چونكه گه‌لی كوردستان ته‌نیا به یه‌كڕیزی و یه‌كگرتوویی ده‌توانێت به ماف و ئامانجه‌كان بگات و كێشه‌كان چاره‌سه‌ر بكات. گه‌لی كوردستان و لایه‌نه سیاسییه‌كانی كوردستان بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه ناوخۆیییه‌كانی كوردستان و عێراق، پێویسته په‌نا بۆ دانوستاندن ببه‌ن، ئه‌گه‌ر نا كێشه‌كان خراپتر ده‌بن، بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانیش پارتی و سه‌رۆك بارزانی هه‌میشه ده‌ستپێشخه‌ر بوون، ته‌نانه‌ت پارتی ده‌یان قوربانی و سازشی بۆ لایه‌نه سیاسییه‌كان كردووه بۆ گه‌یشتن به چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان و به‌رده‌وامیش ده‌بێت، چونكه پارتی بڕوای به دانوستاندن و دیموكراسیی هه‌یه.
پرسی هاتنی حه‌شد و به‌غدا بۆ سنووری توركیا و پیشخاپوور، به‌كوێ گه‌یشت و دوا هه‌ڵوێستی پارتی چییه؟
هه‌ڕه‌شه‌ی هێزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی و سوپای عێراق بۆ هاتنه ناو پیشخاپوور به ته‌واوه‌تی ناده‌ستووری و نایاسایییه، به‌هیچ شێوه‌یه‌كیش ده‌ستوور رێ به هاتنی ئه‌و هێزانه نادات بۆ ناو خاكی كوردستان، پێم وایه ئه‌وه ته‌نیا داواكاریی عه‌بادییه نه‌ك ده‌ستوور، چونكه ئه‌وه‌ی ئه‌وان داوای ده‌كه‌ن ده‌كه‌وێته پێش ساڵی 2003 و هه‌رێمی كوردستان هیچ سه‌رپێچییه‌كی ده‌ستووریی نه‌كردووه، له‌به‌رئه‌وه هێزه‌كانی پێشمه‌رگه به هاوكاری گه‌لی كوردستان به‌هیچ شێوه‌یه‌ك رێ ناده‌ن هیچ هێزێك بگات به پیشخاپوور، چونكه پیشخاپوور ده‌كه‌وێته سنووری پارێزگای دهۆك و 26 ساڵه له‌ژێر ده‌سته‌ڵاتی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستاندایه.
ئێسته پێوه‌ندییه‌كانتان له‌گه‌ڵ ڕۆژئاوای كوردستان چۆنه؟
بۆ ئه‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان به هه‌موو مافه ره‌واكانی خۆی بگات، پێویسته پێوه‌ندی هه‌مه‌لایه‌نه‌ی هه‌بێت، پارتی وه‌ك حزبێكی كاریگه‌ر و فره‌ڕه‌هه‌ند له كوردستان به پێویستی ده‌زانێت بۆ چاره‌سه‌ركردنی هه‌موو كێشه‌كان و باشتركردنی ژیانی هاووڵاتییان، پێوه‌ندیی به‌هێز له نێوان هه‌موو پارچه‌كانی كوردستان دروست بكات، رۆژئاوای كوردستانیش یه‌كێكه له‌و پارچانه‌ی كوردستان كه پارتی پێوه‌ندیی به‌هێزی هه‌یه و چه‌ندان جار هاوكاری كردوون و پێوه‌ندییه‌كانیش باشتر ده‌كات له‌ژێر ئه‌و رێسا و یاسا و چوارچێوانه‌ی ده‌ستووری عێراق و كوردستان.
نوێنه‌رانی كورد له به‌غدا، واته په‌رله‌مانتار و ئه‌و به‌پرسانه‌ی به‌شداریی ڕیفراندۆمیان كردووه بڕیاره سزا بدرێن، هه‌ڵوێستی پارتی له‌وباره‌یه‌وه چییه؟
سزادانی گه‌لی كوردستان و كه‌سایه‌تی و په‌رله‌مانتار به پاساوی ئه‌وه‌ی ده‌نگیان بۆ سه‌ربه‌خۆیی كوردستان داوه، سه‌رپێچییه‌كی ده‌ستوورییه و پێویسته رێ نه‌درێت ئه‌و سه‌رپێچییانه روو بدات، ئێسته هه‌رێمی كوردستان و عێراق و ته‌نانه‌ت هیچ هێزێكی نێوده‌وڵه‌تی و هیچ كه‌سێكیش ناتوانێ ئه‌نجامه‌كانی ریفراندۆم هه‌ڵبوه‌شێنێته‌وه، چونكه ئه‌وه بڕیاری گه‌لی كوردستانه و هه‌ر ئه‌وانیش ده‌توانن بڕیار له‌سه‌ر ئه‌نجامه‌كان بده‌نه‌وه و چۆن بیانه‌وێت هه‌ڵسوكه‌وتی له‌گه‌ڵدا بكه‌ن.
له‌سه‌ر پرسی به‌شداری ئه‌ندامانی پارتی له ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای كه‌ركووك و ده‌نگدان بۆ كاندیدی ئێسته‌ی یه‌كێتی كه ڕزگار عه‌لی راگه‌یه‌نراوه بۆ پارێزگار، بۆچوونی دیاریكراوتان هه‌یه؟
پارتی وه‌ك حزب هه‌میشه له‌گه‌ڵ ئه‌وه بووه كه بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی ناو پارێزگا، بڕیار بۆ ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تیی حزب به‌جێ بێڵێت، له‌به‌رئه‌وه ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تیی پارتی دیموكراتی كوردستان له كه‌ركووك و گه‌رمیان چ شتێك باش بێت بۆ كه‌ركووك و رزگاربوون له‌و بارودۆخه‌ی ئێسته دروست بووه، ئه‌وان ده‌توانن بڕیاره بده‌ن، له‌به‌رئه‌وه خۆیان ده‌توانن پشتیوانی رزگار عه‌لی بكه‌ن یا نا، به‌ڵام پارتی هه‌میشه له‌گه‌ڵ ئه‌وه بووه ئه‌وه‌ی باشه بۆ خه‌ڵكی كه‌ركووك و ناوچه‌كه و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان بكات، بڕیار له‌وه بدات.
بۆچوونتان چییه له‌باره‌ی بابه‌تی هاتنی پاسدار و میلیشیاكانی حه‌شدی شه‌عبی و پێشێلكارییه‌كان به‌رامبه‌ر به كورد؟
به‌رپرسیارێتی هه‌موو ئه‌و رووداوانه‌ی له كه‌ركووك و ناوچه كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان دروست بووه، هه‌موو ئه‌و كوشتار و جینۆساید و كاولكاری و سووتاندن و خاپووركردنی ماڵی هاووڵاتییان و ئاواره‌بوونی ئه‌و خه‌ڵكه، هه‌مووی له ئه‌ستوی حه‌یده‌ر عه‌بادی خۆیه‌تی، ئێسته پارێزگای كه‌ركووك و ناوچه‌كانی سه‌ربه كه‌ركووك له خراپترین ئاستی ژیاندا ده‌یگوزه‌رێنن و رۆژانه لێره و له‌وێ ته‌قینه‌وه و كوشتن و رفاندن و شتی وا روو ده‌ده‌ن، كه‌ركووك دوای رووداوه‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌ر به ته‌واوه‌تی شڵه‌ژاوه، له كاتێكدا پێشتر خه‌ڵكی ناوچه‌كه له سایه‌ی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه له ژیانێكی خۆش و ئارام و سه‌قامگیردا بوون، ئێسته خه‌ڵكی كه‌ركووك به‌های به‌رزی پێشمه‌رگه و گرنگییه‌كه‌ی بۆ ناوچه‌كه‌یان بۆ ده‌ركه‌وتووه و تێده‌گه‌ن ئارامی و نائارامی چه‌ند جیاوازن. پێم وایه هه‌موو ئه‌و رووداوانه بۆ له‌ناوبردنی ده‌ستوور بووه و رۆڵی ئێرانیش له‌و هاوكێشه‌یه‌دا به روونی دیاره كه ئه‌مه‌ش جێی داخه.
پرسی ناوهێنانی كوردستان له پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ی 2018ی عێراق به پارێزگاكانی هه‌رێمی كوردستان و كه‌مكردنه‌وه‌ی پشكی كورد بۆ 12%، دۆخێكی تره رووبه‌ڕووی كوردستان ده‌كرێته‌وه، له‌و رووه‌وه چی ده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و هه‌موو ته‌نگژه‌یه رووبه‌ڕووی خه‌ڵك نه‌كرێته‌وه؟
ئه‌گه‌ر ئێسته بودجه‌ی سیادی و ته‌شغیلی له‌و به‌شه بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان له بودجه‌ی گشتیی عێراق ده‌ربكرێت كه بۆی دانراوه، كه‌متر 7%ی ده‌مێنێته‌وه، ئه‌مه‌ش به‌شی مووچه‌ی مووچه‌خۆران ناكات، هه‌رێمی كوردستان ته‌نانه‌ت ناتوانێ به رێژه‌ی 17%یش پێداویستییه‌كانی پڕ بكاته‌وه و هه‌ر زیانی پێ ده‌گات، پێویست بوو به‌شه بودجه‌ی كوردستان 25% بێت و چه‌ندان جاریش لایه‌نه سیاسییه‌كان پێشنیازی ئه‌وه‌یان كردووه و دانوستاندنیشی له‌سه‌ر كراوه، به‌ڵام هه‌میشه لایه‌نه عێراقییه‌كان ویستوویانه زیان به هه‌رێمی كوردستان و هاووڵاتییه‌كانیان بگه‌یه‌نن.
وێڕای ئه‌وه به‌شه بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان كه‌م كراوه‌ته‌وه، به‌ڵام پێم وا نییه عێراق بتوانێ 12%یش بدات، چونكه ماوه‌ی چوار ساڵه بودجه‌ی كوردستان له‌لایه‌ن عێراقه‌وه بڕاوه، ئه‌مه وێڕای ئه‌وه‌ی ئێسته عێراق كه‌وتووه‌ته ژێر قه‌رزێكی زۆر، به‌شی هه‌رێمی كوردستان له عێراق ئه‌وه ده‌بێ كه ده‌بێت به‌شێك له قه‌رزه‌كانی عێراق بداته‌وه. به گشتیی كه‌مكردنه‌وه‌ی بودجه‌ی هه‌رێم كارێكی ناده‌ستووری و نایاسایییه و پێم وایه ئه‌م كاره له‌ژێر هه‌ندێ رێككه‌وتنی ژێر به‌ژێر كراوه، كاریگه‌رییه‌كانیش ته‌نیا له‌سه‌ر كوردستان ده‌بێت و ته‌نگژه‌ی دارایی قووڵتر ده‌كاته‌وه و ژیانی هاووڵاتییانیش ئه‌سته‌متر بێت.
له‌م ماوه‌یه‌دا له زاخۆ ژماره‌یه‌ك هاووڵاتی په‌لاماری باره‌گاكانیان دا، ئه‌م رووداوانه بۆ روو ده‌ده‌ن؟ ئایا گیراوه‌كان چی‌یان به‌سه‌ر هاتووه؟
ئه‌وه‌ی له زاخۆ رووی دا كاردانه‌وه‌ی چه‌ند گه‌نجێكی خوێنگه‌رم بووه به‌هۆی لێدوان و هه‌ندێ قسه‌ی په‌رله‌مانتار و كه‌ناڵێكی راگه‌یاندن، ئه‌و كه‌ناڵ و لێدوانی په‌رله‌مانتارانه دژی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی گه‌لی كوردستان و پێشمه‌رگه، هاوكات بوو له‌گه‌ڵ رووداوێك له زاخۆ كه هه‌ر له‌و رۆژه‌دا ژماره‌یه‌ك پێشمه‌رگه‌ی زاخۆیی به ده‌ستی هێزه‌كانی حه‌شد شه‌عبی شه‌هید بووبوون، له‌به‌رئه‌وه كاردانه‌وه‌ی ئه‌و گه‌نجانه به هه‌ڵكوتانه سه‌ر باره‌گای هه‌ندێك حزب له زاخۆی لێ كه‌وته‌وه، بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و كێشانه‌یش پارتی به‌هیچ شێوه‌یه‌ك نه‌چووه‌ته ناو بابه‌ته‌كه، به‌ڵكو ئه‌و بابه‌ته بۆ دادگا و پۆلیس و هێزه ناوخۆ و ئاسایشی زاخۆ بهجێَ هێڵراوه و هه‌ر ته‌نیا ئه‌وانیش چاره‌سه‌ری كێشه‌كه ده‌كه‌ن، ده‌سته‌ڵاتی ته‌واویشیان هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی به توندترین سزای ئه‌و كه‌سانه بده‌ن كه هێرشیان بۆ سه‌ر باره‌گاكانی هه‌ندێ حزب كردووه.
ده‌مه‌وێت ئه‌وه‌ش بڵێم، وێڕای ئه‌وه‌ی ئاساییكردنه‌وه‌ی ئه‌و بارودۆخه ئه‌ركی حكوومه‌ت و هێزه‌كانی ته‌ناهییه، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا پارتی به زووترین كات هاته سه‌رخه‌ت و داوای كرد كادر و باره‌گاكانی هه‌موو لایه‌نێكی سیاسی ته‌نانه‌ت باره‌گاكانی حكوومه‌تیش بپارێزێت.
ئێسته به‌گشتی دۆخه‌كه و قسه‌كان نائومێدی پێوه دیاره، كوردستان به‌ره‌و كوێ ده‌چێ؟
له‌وه خراپتریش به‌سه‌ر گه‌لی كوردستان هاتووه كه ئێسته ده‌یبینین، به‌ڵام له‌به‌رئه‌وه‌ی گه‌لی كورد ئیراده‌ی هه‌بووه، به‌سه‌ر هه‌موو كێشه‌كان سه‌ركه‌وتوو بووه، هیچ هێزێكی دنیا ناتوانێت ئیراده‌ی گه‌لی كوردستان له‌ناو ببات، ئێسته زۆر گرنگه جارێكی تر هه‌موو لایه‌نه سیاسییه‌كان كار له‌سه‌ر یه‌كریزی و یه‌كگرتوویی بكه‌نه‌وه و ئه‌م قۆناغه‌ش وه‌ك هه‌موو قوناغه‌كانی پێشتر تێپه‌ڕێنین و به مافه ره‌واكانی خۆمان بگه‌ین. ئێمه وه‌ك پارتی وه‌ك چۆن پێشتر ده‌ستپێشخه‌ر بووین، ئێسته‌یش دهستپێَشخهر ده‌بین بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی ناوه‌خۆ و ده‌ره‌وه‌ی كوردستان.
وشه/ زاخۆ- نه‌وزاد هلوری