ڕێگری بە یەكگەیشتنی دوو خۆشەویست... ناچار بە خیانەتی كردن

:: PM:03:22:11/11/2017 ‌
دوای چوار ساڵ لە پێوەندی خۆشەویستی كچ و كوڕیكی دەڤەری ڕاپەرین، پاش ڕێگریكردنیان لەلایەن خانەوادەكانیانەوە بۆ پێكهێنانی هاوسەرگیری، هەریەكەیان لەگەڵ كەسێكی تر هاوسەرگیرییان كرد، بەڵام ئەوان هەر پێوەندی خۆشەویستییان ماوە، تاوانی ناپاكیكردن لەگەڵ هاوسەرەكانیشیان دەخەنە ئەستۆی كەسوكاریان.

كچەكە بۆ "وشە" گوتی بە ناوی خۆم قسە ناكەم و بەناوی خوازراوی لەنیا ناوم ببەن، پاشان دەستی بە گێڕانەوەی چیرۆكی ژیانی كرد و گوتی، لە تەمەنی 17 ساڵییەوە لەگەڵ كوڕێكی ناسیاومان كە لە هەولێر دادەنیشێ، پێوەندی خۆشەویستمان لە نێواندا دەستی پێ كرد، ماوەی دوو ساڵ پێوەندییەكی بێ كێشەمان هەبوو، پاشان پێوەندییەكەمان ئاشكرا بوو، دوای ئەوە ئیتر گرفت و كێشەی زۆر ڕووبەڕوومان بووەوە، بەڵام هەموو دنیا ئەوكات و ئێستەیش ناتوانێ ڕێگر بێ لە خۆشەویستی من و زانا.

گوتی، هەر یەكەم جار كە زانام بینی خۆشم ویست، ئەویش بۆ من وابوو، ماوەیەك لە دڵی خۆمدا ئەو خۆشەویستییەم شاردەوە دواتر بۆ یەكترمان ئاشكرا كرد، من و ئەو كەم یەكمان دەبینی هەرچەندە ناسیاوی یەك بووین، بەڵام بیر و بڕوای خێزانیمان زۆر لەیەكتر دوور بوون،  سەرەڕای ئەوەیش پێوەندیمان دانا و خۆشترین ڕۆژگارەكانمان بەیەكەوە بوو، من و زانا هیچ كات مەبەستێكی خراپمان نەبوو بەرامبەر بە یەكتر، ئەوەی هیوامان بۆی دەخواست ژیانێكی ئارام و ماڵێكی خنجیلانەی پڕ خۆشەویستی بوو، بەڵام بە ناوی ئاینەوە ئێمەیان بە تاوانێكی گەورەوە سپارد.

ئاماژەی دا، ئێمە خێزانێكی زۆر كراوە بووین، ئازادی بۆ هەر تاكێك فەراهەم بوو، جلوبەرگ و بیروڕا و چوونە دەرەوە و تێكەڵبوونمان لەگەڵ هەر كەسێك، بەڵام ماڵی "زانا" وا نەبوون، لە ماڵی ئەواندا هەموو شتێك ئەنجامدانی بە ئاشكرا قەدەغە بوو، ئەوان بە ناوی ئاین و حەرام و حەڵاڵەوە لە نێوان ژیان و دوا ڕۆژدا زۆر شتیان تێكەڵ كردبوو، بۆیە خۆشەویستییەكەی ئێمەشیان لە گۆڕ نا.

دوای دوو ساڵ "زانا" داوا دەكات كە هاوسەر گیری بكەن بە پاڵپشتی دایكی، بەڵام ماڵی نەنكی كە لەگەڵ ماڵی زانادا دەژین زۆر بەتوندی دژی ئەو هاوسەرگیرییە دەوەستن، باوكی و مامی و  نەنكی، ڕێ نادەن هاوسەرگیرییەكە ڕوو بدات و بەهەموو جۆرێك هەوڵ دەدەن ئەو خۆشەویستییە كۆتا پێ بهێنن.

لەنیا باس لەوە دەكات، دوایی ئەوەی بڕیاری هاوسەرگیرییان داوە، هەزار هیوایان بۆ ژیانی نوێیان دروست كردووە، بەڵام هەمووی لە گۆڕ نراوە، ئەو باس لەوەش دەكات بۆ ئەوەی لەیەكیان جیا بكەنەوە، بە باوكی و نەنكی بە زانایان گوتووە، ئەگەر واز لەو كچە نەهێنی ئەوا دایكت تەڵاق دەدەین، بۆیە ئێمە وازمان لە هەموو شت هێناو بە نهێنی پێوەندیمان بەردەوام  بوو.

زیاتر گوتی، زانا بە تەواوی لە ژێر دەسەڵاتی ماڵی باوكیدا بوو، بۆیە دەرفەتی جیابوونەوەی نەبووە، دایكیشی نەیتوانیوە لەبەر زانا  سێ منداڵەكەی تری بكاتە  قوربانی و تەڵاق وەربگرێت، بۆیە ڕێگریكردن لە هاوسەرگیری من و زانایان هەڵبژارد.

لەنیا هێمای بۆ ئەوەیش كرد، باوك و مامی بە زانایان گوت، یان دەرت دەكەین لەگەڵ دایكت، یان دەبێت واز لەو كچە بهێنیت و ژنێكی بە دڵی خۆمانت بۆ دەهێنین، زانا ڕازی دەبێت و هاوسەرگیری دەكات، ماوەی شەش مانگ لەگەڵ ئەو ژنە دەژیت و دواتر لێی جیا دەبێتەوە، منیش لە ڕقی ئەوەی ئەو هاوسەرگیری كرد، هاوسەرگیریم كرد، بەڵام ئەو زۆر بەردەوام نەبوو، كاتێك زانیم لە ژنەكەی جیا بووەتەوە، ویستم خۆم بە تەڵاقدان بدەم و بگەڕێمەوە لای، بەڵام ماڵی باوكی هەر ئەوەندەی زانییان من بە تەمای جیابوونەوەم، دووبارە ژنیان بۆ هێنایەوە.

ئێستە لەنیا  لەلای مێردەكەی دەژی و خاوەنی كوڕێكی هەشت مانگانە، زاناش لەگەڵ ماڵی باوكی و ژنی دووەمیدا دەژیت. لەنیا نایشارێتەوە كە ئێستەش پێوەندی خۆشەویستی بە نهێنی لە نێوانیان هەیە و دەڵێت ئەوەی ئێستە ئێمە تێیدا دەژین تاوانی خێزانێكە، كە هێشتا بە ناوی ئاینەوە دوور لە هەموو مرۆڤایەتییەكەوە بڕیار لەسەر ناشتنی مرۆڤەكان دەدەن بە زیندوویی، دەشڵێت نە خۆی نە زانا بە خیانەتكار دانانێت، چونكە ئەوەی ئەوان دەیكەن ناپاكی نییە، بەڵكو هۆكارێكە بۆ بەردەوامبوونی ژیانیان.

هەولێر/ئیڤان عەبدوڕەحمان.


وشە - باز ئه‌حمه‌د