بەناوبانگترین کتێبخانەکانی جیهانی عەرەبی

:: PM:07:33:11/11/2017 ‌
ئەگەر خوێنەر بیت، یان سەروکارێکت لەگەڵ ڕۆشنبیری هەبێت، لە ماوەی گەشتەکانتدا بۆ شارەکانی هەر وڵاتێک، نابێ سەیری خشتەی گەشتیاری نەکەی بۆ گەڕان بەدوای کتێب و کتێبخانەکان. بێگومان ئەوەیش بەشیوەیەکی سەرەکی لە گرنگترین خاڵەکانی خوێنەرە بۆ هەڵبژاردنی ئەو شارانەی، کە دەیەوەێ گەشتی بۆ بکات.

ئەمانەی خوارەوە، گرنگترین ئەو کتێبخانە دەوڵەمەندانەن، کە نایابترینی کتێبخانەی جیهانی عەرەبین:

یەکەم قاهیرە – میسڕ: گەلێک کتێبخانە لە وڵاتی میسڕدا هەیە، بەهۆی ئەوەی ئەم خاکە نووسەری وەک نەجیب مەحفووز و عەقاد و چەندانی تری بۆ ئەدەب و ڕۆشنبیری بەرهەم هێناوە. گرنگترین کتێبخانەکانی ئەم وڵاتەیش بریتییە لە:

-سور ئۆزباکییە.
-کتێبخانەی مەدبولی.
-ناوەندی چاپ و بڵاوکردنەوەی شەرق.
-کتێبخانەی تەنمییە.

دووەم وڵاتی عەمان – ئوردن: یەکێک لە پێویستییەکانت ئەوەیە سەردانی باخچەی "داری فنون" وەک شوێنێکی ڕۆشنبری بکەی، ئەوێ گەورەترین شانۆی هونەرمەندانە، هەروەها زۆرێک لە پیشانگە هونەرییەکانی لێ دەکرێتەوە. هیچ نەبیت ئەم سەردانەی ئێوە بۆ ئەوێ دەبێتەوە ڕووداوێکی ڕۆشنبیری:

- ناوەندی چاپ بڵاوکردنەوەی ئەهلییە
- ناوەندی چاپ و بڵاوکردنەوەی شرووق.
- كشك ئەبو عەلی.

سێیەم وڵاتی لبنان – بەیرووت: وەک ئاشکرایە وڵاتی لبنان زۆرترین ناوەندی چاپ و بڵاوکردنەوەی لێیە، لەسەر ئاستی هەموو وڵاتە عەرەبییەکان، گەنگترین کتێبخانەکانی لە بەیرووتن:

-ئەنتوان.
-بیسان.
-فوڕات.
-ناوەندی چاپ و بڵاوکردنەوەی نەهار.

چوارەم سووریا – دیمەشق: ڕۆشنبیری کۆمەڵایەتی سووریایی، بەشێوەیەکی گەورە بە دەرهێنەرانی بواری زنجیرە و بابەتی هونەریی کاریگەرن، لەگەڵ ئەوەشدا گرنگترین کتێبخانەکانیان، کە بەو جۆرە عەقڵانەوە پێبەندن:

-کتێبخانەی نووری.
-ناوەندی چاپ و بڵاوکردنەوەی فیکر.
-مەیسەلوون.
-ناوەندی چاپ و بڵاوکردنەوەی ئەلمەدا.

پێنجەم مەغریب - ناوەندی چاپ بڵاوکردنەوەی بەیزا: لە ناوەندی چاپ بڵاوکردنەوەی بەیزا، شوێنێکی گەنگ و گەنگیی بە بابەتی ڕۆشنبیری و کتێب بە شێوەیەکی تایەبەت دەدات. گرنگترین کتێبخانەکان دەکەونە، گەڕەکەکانی حەی ئەکداڵ و حبوس:

-بنکەی ڕۆشنبیریی عەرەبی.
-کتێبخانەی ئەحمەدییە.
-ناوەندی چاپ و بڵاوکردنەوەی ڕۆشنبیری.

شەشەم توونس: لە گرنگترین شوێنە گەشتیارییەکانی وڵاتی توونس، شەقامی عەتیق بەناوی دەباغین ناونراوە، لە کاتێکدا بیرمەندان و ئەدیبان و عاقڵان دەکەونە ئەم شوێنە:

-ئەکشاک کتێبی بەکارهاتوو.
-کتێبخانەی کتێب.
-ناوەندی چاپ و بڵاوکردنەوەی زانین.

حەوتەم جەزائیر: لەوێ هەوڵێکی ڕژد هەیە بۆ گۆڕینی تێڕوانینی ڕۆشنبیرانی جەزائیر، ژمارەی کتێبخانەکانی:

- ژمارەیەک کشک کتێبی دەستی دوو لە گۆڕەپانی بکەی پۆستەدا، دەفرۆشن.
- سموود کتێبخانەیەکە تەمەنی ٦٦ ساڵە، ئەستێرەیەکی زێڕینە.

هەشتەم سعوودیە: سێ کتێبخانەی گرنگ لە سێ شاری گەورەی سعوودیەدا هەیە:
-کتێبخانەی کەلەپووری ڕیاز.
-کتێبخانەی موتەنەبی، دەمام.
-کتێبخانەی زەنبەری زانین، جەدە.

نۆیەم ئیماڕات – دوبەی: دوبەی ژمارەیەکی زۆر کتێبخانەی تێدا نییە، بەڵام یەک کتێبخانەی گەورەی لە کتێبخانە گەورەکانی جیهانی عەرەبی تێدایە:

کینوکونیا.

کتێبخانە:

کتێبخانە گەورەترین دەزگای کۆکردنەوەی زانینی مرۆڤە. دەشێت مرۆڤ خاوەنی کتێبخانەیەکی گەورەی کەسی نەبێت، بەڵام ھەموو شارێک یان ھەموو وڵاتێک پێویستی بە کتێبخانەیەکی گەورەی گشتیی ھەیە. بەبێ کتێب ناتوانین خۆمان بناسین و لە مێژووی زانینیشدا ئامادەبین. کاری سیستەمی پەروەردەیە کار لەسەر دەوڵەمەندیی زانین بکات و بەرانبەر بەم لێشاوە، لە کولتووری نەزانی بووەستێتەوە.

کتێبخانە یەکێکە لەو ڕووبەرە گرنگانەی پانتایی گشتیی، کە تا ئێستە گرنگیی پێ نەدراوە. واتە ھەموو تاکێکی کۆمەڵگە مافی ئەوەی ھەیە لە کتێبخانەدا ئەو کتێبانەی دەست بکەوێت، کە ناتوانێت بیکڕێت. ئەمە یەکێکە لە ئەرکە سۆسیالە گرنگەکانی پەروەردەی کۆمەڵایەتیی، کە کتێبخانە ھەیەتی. پێویستە کتێبخانەکان لە گەشەپێدان و گەورەکردنەوەی ڕووبەری کتێب و فەزا و خۆشکردن و جۆشدانی کولتووری خوێندنەوە، بێبەش نەکرێن. دوای کتێبخانەی گشتیی، کتێبخانەی زانکۆ لە ھەموو وڵاتێکدا بەپلەی دووەم دێت بۆ خزمەتکردنی زانست و ھونەر و بابەتەکانی تر.

کتێبخانە حەشارگەیەک نییە بۆ شاردنەوەی کتێب، بەڵکو ڕووبەرێکە بۆ نمایشکردنی ژیانی ئەبەدییانەی کتێب. کتێبخانە شوێنێک نییە بۆ دووبارەکردنەوەی کتێب، بەڵکو جێگەیەکە بۆ بەخشینیی دانسقەیی کتێب لە یەک دانەدا. کتێبخانە شوێنی یەک چەشن لە کتێب و یەک زمان و یەک کولتوور نییە، بەڵکو پێکەوەژیانی ھەموو زمان و کولتوورەکانی دنیایە. پڕۆژەی کتێبخانەکەی بۆرخیس دەتوانێت ببێت بە شوێنی ژیانی گرووپی جیاواز، ھەندێکیان کتێبێک وەک موقەدەس دەبینن و دەیپەرستن و ھەندێکی تریان داوای سوتانی کتێبگەلێک دەکەن، کە زیانبەخشن. ھەندێکیان بەدوای وەڵامی پرسیار و نھێنییەکانی ژیاندا دەگەڕێن و بڕێکی تریشیان سەرگەرمی شیکار و گەشەی بونیادیی جیھانی کتێب و کتێبخانەن.

ئیبێرتۆ ئێکۆی بیرمەندی ئیتالی لە تارێکیدا بەناوی "کتێبخانە" وای دەبینێت، کە ھەڵەیەکی گەورەیە ئەگەر ئێمە وا لە کتێبخانە بگەین گوایە شوێنێکە بۆ دەستکەوتنی ئەو کتێبانەی کە دەیانناسین. ئەو پێی وایە، کە کاری سەرەکیی کتێبخانە بریتییە لە ئاشکراکردنی ئەو کتێبانەی، کە نایانناسین. واتە بە بۆنەی کتێبێکەوە دەچین بۆ کتێبخانە، کەچی لە پاڵ ئەم کردارەدا چەندان کتێبی تر ئاشکرا دەکەین، کە نەمان ناسیون و نەمان بینیون. یان کاتێک لە کتێبخانەی ھاوڕێیەکماندا چاو بە کتێبەکانیدا دەخشێنین، کتێبێک دەدۆزینەوە دەشێت دوای خوێندنەوەی ھەموو ژیانمان بگۆڕێت و کاریگەریی گەورە بەسەر بیروبۆچوونمان دروست بکات.

بەڕای ئێمبێرتۆ ئێکۆ لەسەردەمی ئاوگوستۆس و کۆستانتیندا کاری کتێبخانە دەبێت بە پاراستن و خستنەبەردەستی نووسراوەکان بۆ خوێندنەوە. پێی وایە لێرەدا ئەو پەیامەی ڕێکخراوی یونیسکۆ دەشێت بۆ یەکەم جار لە مێژوودا جێبەجێ کرابێت، کە کتێبخانە دەبێت بە شوێنێکی گشتیی و ھەموو کەسێک مافی ئەوەی ھەیە دەستی پێ بگات. پاشان کتێبخانەی مۆدێرن دادەمەزرێت و کارێکی تری بۆ زیاد دەبێت کە تەنیا خوێندەوە نەبێت، بەڵکو ھەڵگرتن و پاراستنی کتێب بێت لە لەناوچوون. ئەمە مانای ئەوە نییە، کە نەتوانین زانیارییمان دەستکەوێت و پێیان نەگەین.

خۆرخێ لویس بۆرخیس یەکێکە لە نووسەرە گەورەکانی سەتەی بیستەم. ئەم پیاوە تەنیا نووسەرێکی گەورەی سەردەمەکەی خۆی نەبوو، بەڵکو کتێبناسێکی گەورەش بوو. بەدرێژایی نۆ ساڵ، واتە لە ساڵی ١٩٣٦وە تا ١٩٤٦ لە یەکێک لە کتێبخانە گشتییەکانی شاری بۆینۆس ئایرێس کاری دەکرد. لەم ماوەیەدا، بە دروستی لە ساڵی ١٩٤١دا، کتێبێکی بەناوی "کتێبخانەی بابل" نووسی، کە بوو بە جێگەی سەرنج و گفتوگۆی زۆر. بۆرخیس لەم کتێبەیدا وێنای کتێبخانەیەکمان بۆ دەکات، کە ڕەھەندێکی گەردوونی و ناکۆتایی ھەیە. ژمارەی ئەو کتێبانە و ڕەفەکانی، کە باسی دەکات ھاوشێوەبوون لەگەڵ ئەو کتێبخانە خەیاڵییە وێناکراوەی خۆی و ئەو کتێبخانەیەی کە ساڵانێک کاری تێداکرد. دوای ڕوخانی رژێمی پێرۆنس لە ساڵی ١٩٥٥دا، بۆرخیس دەبێت بە بەڕێوبەری کتێبخانەی نیشتیمانیی وڵاتەکەی. بۆرخیس بەم کارە ھێندە گەشکەبوو تەعبیر لە ھەستی خۆی دەکات و دەڵێت: من ھەمیشە وێنای بەھەشتم وەک کتێبخانەیەک دەکرد. ئەم نووسەرە دوای ئەوەی کوێردەبێت ٩٠٠ هەزار کتێب لەدوای خۆی بەجێ دەھێڵێت. 

بۆرخیس کتێبخانە وەک کتێبێک نابینێت، کە بۆ خوێندنەوەی بیکەینەوە و پاش تەواوکردنی دای بخەین. کتێبخانە بینایەک نییە، کە دەروازەیەکی ھەبێت و لە دەرگایەکەوە بچینە ژوورەوە و لەو سەریشەوە بەداخستنی کتێبەکە کۆتایی بێت. واتە خوێنەر بۆ ئەوەی کتێب بخوێنێتەوە یەکەم ئیش دەی کەن بریتییە لە کردنەوەی بەرگەکەی، پاشان دوا کرداریش، کە کۆتایی بە خوێندنەوە دەھێنێت، بریتییە لە داخستنی بەرگی پشتەوەی کتێب. کتێبخانە بەپێچەوانەی کتێبەوە دەرگەیەکی کراوەی ھەیە لێی دەچیتە ژوورەوە، کە ھاتیە دەرەوە دەرگەکەی لەپشت خۆت داناخەیت، ھەرکاتێک لە دەرگەی سەرەکییەوە دەچینە ژوورەوە ڕووبەرووی چەندان ژوور و ھۆڵ و بەش و ڕەفە و ژێرزەویی و ژووری داخراو دەبینەوە، کە ئێمە وەک گەشتێکی زانین بەناویدا دەگەڕێین. گەشتی زانین لە کتێبخانەدا ناکۆتایە، کراوەیە و تەواو نەبووە.

سەرچاوە/ مەککە



وشە - ژیڤان خۆرانی