لەبارەی دابەشكردنی مووچەی مانگی ئەیلوول زانیاری بڵاو دەكرێتەوە

:: PM:05:04:12/11/2017 ‌
ئێستە دابەشكردنی مووچەی مانگی هەشتی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان بەردەوامە و بە پێی خشتەی وەزارەتی دارایی و ئابووری حكوومەتی هەرێم كۆتای ئەم هەفتەیە دابەشكردنی مووچە بە كۆتا دێت.

ئەمڕۆ یەكشەم 12ی تشرینی دووەم، د.ئاراس خۆشناو مامۆستای كۆلێژی كارگێری و ئابووری بە "وشە"ی ڕاگەیاند، زانیاری هەیە كە ڕاستەوخۆ دوای تەواوبوونی دابەشكردنی مووچەی مانگی هەشت مووچەی مانگی نۆ دابەش دەكرێت.

زیاتر گوتی، بەدواداچوونی بۆ ئەو پرسە كردووە و دەركەوتووە حكوومەتی هەرێمی كوردستان توانای دابینكردنی مووچەی مانگی نۆی هەیە و كار بۆ دابینكردنی مووچەی مانگی 10 دەكات.

ئەوە لەكاتێكدایە كە ئێستە دەنگۆی ئەوە بڵاو بووەتەوە كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە توانایدا نییە مووچەی مانگەكانی داهاتوو بۆ فەرمانبەران دابین بكات، بەڵام د.ئاراس خۆشناو ئەو دەنگۆیەی رەت كردەوە.

دوای هێرشی میلیشیاكانی حەشدی شەعبی بۆ سەر خاكی كوردستان هەناردەی نەوتی زۆربەی بیرە نەوتەكانی سنووری حكوومەتی هەرێمی كوردستان وەستا كە سەرچاوەی سەرەكی داهاتی هەرێمی كوردستان بوو.





وشە - سه‌رخێڵ هاشم