داهاتی وەزارەتێكی هەرێم لەو مانگە 143 ملیۆن دینار بووە

:: PM:06:52:12/11/2017 ‌
وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئاشكرای دەكات، مانگی رابردوو داهاتی بەڕێوەبەرایەتییەكی سەر بە وەزارەتەكەیان 143 ملیۆن دینار بووە.

ئەمڕۆ یەكشەم 12ـی تشرینی دووەم، لە هەواڵێكی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حكوومەتی هەرێمی كوردستان هاتووە، ئاماری داهاتی مانگی 10ـی رابردووی سەرجەم بەڕێوەبەرایەتی گشتی زەمینی سەر بە وەزارەتەكەی بریتی بووە لە 143 ملیۆن دیناری عێراقی.

لە هەواڵەكەدا هاتووە، لەو ماوەیەدا داهاتی ئەو بەڕێوەبەرایەتییە گشتییانەی كە لە چەند بەڕێوەبەرایەتییەك پێك هاتووە، گەیشتووەتە نزیكەی 143 ملیۆن دیناری عێراقی.

لە خشتەیەكیش كە لەگەڵ هەواڵەكەدا بڵاو كراوەتەوە تیایدا بڕ و شێوازی بەدەستهێنانی داهاتەكان ئاشكرا كراوە، بەشێوەیەك گۆڕینی ئۆتۆمبێل و نوێكردنەوەی كارتی هێڵەكانی گواستنەوە زۆرترین مامەڵەی مانگی تشرینی یەكەم بووە.

مانگانە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حكوومەتی هەرێمی كوردستان داهاتی مانگانەی بڵاو دەكردەوە، بەڵام دوای داخستنی هێلەكانی فڕۆكەخانەی هەولێر و سلێمانی لەلایەن بەغداوە بۆ ئەو مانگە هیچ بڕە داهاتێك لەسەر فڕۆكەخانەكان نەخراوتە ڕوو.





وشە - رامیار جەواد