ئەندامێكی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی ئاشكرای دەكات كە ئەو كارمەندانەی كاری ساختەیان لە ناو پارێزگادا كردووە و ویستوویانە مۆڵەتی بەنزینخانە بۆ كەسێك دەربكەن و بڕی 71 ملیۆن دیناریشیان لەو كەسە وەرگرتووە و ئاشكرا بووە، ئێستە ئەو دۆسیەیە لەژێر لێكۆڵینەوەدایە و ئەوان چاوەڕێی داواكاری گشتی دەكەن.
ئەندامێكی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی كە نەیویست ناوی ئاشكرا بكرێت تایبەت بە "وشە"ی ڕاگەیاند، كەسێك كە ویستوویەتی مۆڵەتی بەنزینخانە دەربهێنێت لە رێگەی دەڵاڵێكەوە، مۆڵەتەكە هاتووەتە پارێزگا، ئیشەكەی بۆ نەكراوە، بە چەند كەسێكی گوتووە و ئەوانیش ویستوویانە بە پارە ئەو كارەی بۆ بكەن.
زیاتر گوتی، ئەوانەی ئەو كارەیان كردووە ساختە بووە، ڕەوانەی قایمقامیەتی سلێمانی كراوە، لە قایمقامیەتیش نەزانراوە ئەو مۆڵەتە ساختەیە كاری بۆ جێبەجێ كراوە، دواتر ئەو كەسەی كە بەنزینخانەكە بۆ ئەو دەبێت، خۆی بە مۆڵەتە ساختەكەی زانیووە.
روونی كردەوە، ئەو كەسەی كە ویستوویەتی مۆڵەتی بەنزینخانەكە دەربهێنێت، بڕی 71 ملیۆن دیناری خەرج كردووە و مۆڵەتەكەشی ساختە بووە و دواتر هاتووەتە ئەنجوومەن و لە ڕێگەی ئەنجوومەنەوە ئەو كەسانەی ئاشكرا كردووە و سەرجەم بەڵگەكانیشی خستووەتە بەردەم ئەنجوومەن.
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی ئاشكرای دەكات كە ئەو دۆسیەیە لەژێر لێكۆڵینەوەدایە و ئەوان چاوەڕێی داواكاری گشتی دەكەن بۆ ئەو بابەتە، ئەوانەی بەو گەندڵییە تێوەگلاون چوار كەسن لە ناو پارێزگا.
پێشتر سەرۆكی داواكاری گشتیی سلێمانی گوتی، ئەوان لەسەر ئەو دۆسیەیە لێكۆڵینەوە دەكەن، "وشە"، چەند جارێك پێوەندی بە بەختیار عەلییەوە كرد، بەڵام وەڵامی پێوەندییەكانی نەدایەوە.
ئازاد محەمەد ئەمین، سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی پێشتر بە "وشە" گوتبوو، ئەوان نووسراویان ئاراستەی داواكاری گشتی سلێمانی كردووە لەگەڵ پارێزگاری سلێمانی بۆ لێكۆڵیەوە لەو دۆسیەیە.
سلێمانی/ هۆشیار عەلی