باشماخ قەرباڵغییەكی زۆر بەخۆیەوە دەبینێت و دەوامی زیاد دەكرێت

:: PM:07:40:12/11/2017 ‌

لە دوای كردنەوەی مەرزی نێودەوڵەتی باشماخ، بەرپرسانی هەردوو مەرزەكە لە دیوی (ئێران و هەرێم) رێككەوتن لەبارەی كۆمەڵێك پرسی پێوەست بە كاروباری شۆفێران و بازرگانان و گەشتیارانی هەردوولا، هاوكات دەوامی سەرجەم بەش و هۆبەكانی ناو مەرزەكەش بەردەوام دەبێت.

لەوبارەیەوە ئەزوەر مەحموود، سەرپەرشتیاری مەرزی نێودەوڵەتی باشماخ، بە"وشە"ی رای گەیاند، لە دوای كردنەوەی ئەو مەرزە نێودەوڵەتییە كە ئێستە تاكە دەروازەی فەرمی نێوان هەرێم و ئێرانە، لە دوایین كۆبوونەوەی نێوان بەرپرسانی باڵا و گومرگی و ژمارەیەك لە فەرمانگەكانی هەردوو باشماخی هەرێم و ئێران، گفتوگۆ كراوە لەبارەی چارەسەركردنی كێشە و گرفتەكانی نێوانیان.

زیاتر گوتی، رێككەوتنی نوێ لە نێوان هەرێم و ئێران كراوە، لە دەروازەی باشماخ لەسەر زیادكردنی كاتی گەڕانەوەی بارهەڵگری سووتەمەنی بۆ خاكی ئێران و هەوڵدان بۆ چارەسەركردنی گرفتەكانی شۆفێری بارهەڵگری عەلوە لە نزیكترین كاتدا، هەروەها بڕیار درا لەكاتی هەر كێشەیەك كە بۆ شۆفێران دروست ببێت، هۆبەی پێوەندییەكانی هەردوولای لێ ئاگەدار بكرێت بۆ زووتر چارەسەركردنی كێشەكە.

ئاماژەی بەوەش كرد، هاوكات رێككەوتین لەسەر دانانی بەرنامەیەكی هاوبەش بۆ ڕێكخستنەوەی هاتوچۆی سەرجەم بارهەڵگرەكان لە نێوان هەردوو مەرزدا و نەهێشتنی گرفت و ئاستەنگەكانی هاتوچۆی بارهەڵگرەكان، جگە لەوەش بڕیار دراوە كە لە نزیكترین كاتدا لەلایەن ئێرانەوە، لیستێكی باوەڕپێكراو دروست بكرێت بۆ سەرجەم ئەو كاڵایانەی هاوردە دەكرێت بۆ  هەرێمی كوردستان، سەرجەم ئەو كاڵایانەشی بار دەكرێن ئاماژەیان پێ كرابێت تا لە گومركی باشماخی هەرێمی كوردستان ئاسانتر كارەكانیان رایی بكرێت.

سەرپەرشتیاری مەرزی نێودەوڵەتی باشماخ روونی كردەوە، بە زووترین كات هەوڵ دەدرێت بۆ چارەسەركردنی كێشەی ئەو ئۆتۆمبێلە گەشتیارییانەی كە دەیانەوێت سەردانی وڵاتی ئێران بكەن، هەوڵ بدرێت كارئاسانیان بۆ بكرێت.

لەلایەكی ترەوە و بە پێی راگەیاندراوێكی بنكەی نشینگە و پاسپۆڕتی مەرزی نێودەوڵەتی باشماخ، كە وێنەیەكی دراوەتەوە "وشە" ئاماژە بەوە كراوە، لە دوای بەڕێوەچوونی كۆبوونەوەیەك لە نێوان بەرپرسانی باڵا و فەرمانگە و لایەنە پێوەندیدارەكانی مەرزی نێودەوڵەتی باشماخی هەرێمی كوردستان و ئێران، بڕیار دراوە كە لە پێناوی باشتر راییكردن و بەڕێوەبردنی كاروباری شۆفێران و بازرگانان و گەشتیارانی هەردوولا، لەمەولا دەوامی سەرجەم هۆبە و بەشەكانی ناو باشماخ، بكرێتە (24) سەعاتی بەردەوام.

ئەوەش خراوەتە روو، كردنەوەی مەرزی نێودەوڵەتی باشماخ، وای كردووە كە ئێستە مەرزەكە قەرباڵغی زۆر بەخۆیەوە ببینێت، چونكە تەنیا  دەروازەی نێودەوڵەتی نێوان هەرێمی كوردستان و ئێرانە و لەم كاتانەشدا، گەشتیار و بازرگانێكی زۆر رووی كردووەتە باشماخ و ئەو بڕیارەش لەوەوە سەرچاوە گرتووە.

مەرزی نێودەوڵەتی باشماخ، یەكێكە لە سێ مەرزە نێودەوڵەتییەكەی نێوان هەرێمی كوردستان و ئێران و نزیكەی شەش كیلۆمەتر لە شارۆكەی پێنجوێنی سەر بە پارێزگای سلێمانییەوە دوورە و لە رێككەوتی 15/10/2017 داخراو دواتریش لە25 /10دا كرایەوە و ئێستە تەنیا دەروازەی ئێران و هەرێمە و هاوشێوەی جاران كاروباری بازرگانی و هاتوچۆی گەشتیاران و شۆفێرانی لیوە ئەنجام دەدرێت.

پێنجوێن/ رێبین پێنجوێنی



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل